شبكة لالش الاعلامية

عێراقێ چاڤ ل چیمەنتۆيا كوردستانێ يه‌

عێراقێ چاڤ ل چیمەنتۆيا كوردستانێ يه‌
باسنيوز:
بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی كوردستان ئاشكرای دەكات، بەشی زۆری بەرهەمی چیمەنتۆی كوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات. ئاشكراشی دەكات، لەدوای نەمانی داعش، خواستی زیاتر لەسەر ئەو چیمەنتۆیە دەبێت.

شێخ ئاراس رەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند: ”ساڵانە 12 ملیۆن تەن چیمەنتۆ لە كوردستان بەرهەم دەهێندرێت، تەنیا سێ ملیۆنی لە كوردستان ساغ دەبێتەوە، واتا 9 ملیۆن تەنی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات“.

روونیشی كردەوە، چیمەنتۆی فەل لەدەرەوە قەدەغە كراوە، چیمەنتۆكانی تریش باجی زۆریان لەسەرە، بۆیە ناتوانن كێبڕكێی چیمەنتۆی كوردستان بكەن.

ئاشکراشی کرد، جگە لە چیمەنتۆ هەندێك كەرەستە و پێداویستیی تری پیشەسازی هەیە لە كوردستان بەرهەم دێت و پێویستمان بە دەرەوە نییە، گوتیشی: ”شیش و گەچ و خشت و رۆنی زەیتی موحەریكمان هەیە و زەیتی گوڵەبەڕۆژەمان هەیە لەگەڵ هەندێك كەرەستەی تر“.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاشكرای كرد، 5 كارگەی چیمەنتۆی ئەهلی و یەك كارگەی چیمەنتۆی حكوومی لە هەرێمی كوردستاندا هەن، گوتیشی: ”بەرهەمی چیمەنتۆی كوردستان زۆر باشە و وێڕای كوردستان بەشی هەموو عێراقیش دەكات“.

ئەگەر ئەو 6 كارگەیەی كوردستان بە وزەی تەواو كار بكەن، بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە زیاتر لە 15 ملیۆن تەن، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخ و گرفتی ساخنەبوونەوەی بەرهەم، بە وزەی كەمتر لە توانای خۆیان كار دەكەن و زۆربەی بەرهەمەكەشیان بۆ شارەكانی عێراق هەناردە دەكەن، شێخ ئاراس وای گوت.

حكوومەت یەک تەن چیمەنتۆ بە 60 هەزار دەداتە هاووڵاتییان، ئەو پێی وایە پێشووتر خەڵك زۆرتر چیمەنتۆی لە حكوومەت دەكڕی: “ئێستا لە بازاڕ هەرزان بووە كاتی خۆی كە ئێمە بە 60 هەزار بە خەڵكمان دەدا لە بازاڕ بە 160 هەزار دینار بوو، بۆیە خەڵك ئێستا لە بازاڕ زیاتر دەیكڕن“.

شێخ ئاراس جەخت دەكاتەوە، لە ماوەی داهاتوودا بە تایبەت لەدوای نەمانی داعش، ناوچە وێرانكراوەكانی شەڕی عێراق بەتایبەت مووسڵ و چەند پارێزگایەكی تر، پێویستی زۆریان بە شیش و چیمەنتۆی كوردستان دەبێت.

ئاراس عەبدوڵا، بەڕێوەبەری كارگێڕیی كارگەی چیمەنتۆی ماس رای گەیاند : ”دوای هێرشی داعش و قەیرانی دارایی و وەستانی كار لە زۆربەی پڕۆژەكاندا، گرفتی ساخبوونەوەی بەرهەمی چیمەنتۆ سەری هەڵدا، بۆیە بەناچاری هێڵێكی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆمان راگرت“.

بەهۆی شەڕی داعش كارگە گەورەكانی چیمەنتۆی عێراق كە لە مووسڵ و تكریت و ئەنبارن لە كار كەوتوون، ئەوەش وای كردووە خواست لەسەر چیمەنتۆ زیاد بكات.
عێراق ساڵانە پێویستی بە 45 ملیۆن تەن چیمەنتۆ هەیە، نزیكەی 35 ملیۆن تەنی لە ڕێگەی كارگەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێـت و ئەوەی تریش هاوردە دەكات.

بە بڕوای شارەزایانی ئابووری، ئەو چیمەنتۆیەی عێراق لە هەرێمی كوردستانی دەيكڕێت هەرزانتر دەوەستێت بەراورد بە چیمەنتۆی هاوردە، لە رووی كوالێتیش چیمەنتۆی كوردستان كوالێتییەكی باشی هەیە.

كارگەكان چیمەنتۆ بەشێوەی فەل و كیس بەرهەم دەهێنن، كیس زیاتر بۆ كاروباری دروستكردنی خانوو یان پێویستییەكانی دیكە بەكاردێت، فەلیش بۆ كۆنكریت و كارگەكانی بەرهەمهێنانی بلۆك بەكار دێت، شێخ ئاراس دەڵێ: ”پێشتر رۆژانە 20 هەزار تەن چیمەنتۆی فەل لە مەرزەكانی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرا، بەڵام ئێستا رێگەی پێ نادرێت.

دوای قەدەغەكردنی هاوردەی چیمەنتۆی فەلی ئێرانی و خواستی سەر چیمەنتۆی خۆماڵی، نرخی تەنێك چیمەنتۆ لە مانگی رابردووەوە نزیكەی 9 دۆلار گران بووە.
شێخ ئاراس دەڵێت: ”قەدەغەكردنی هاوردەی چیمەنتۆی فەلی ئێرانی، ئێستا فرۆشی بەرهەمی خۆماڵیی زیادی كردووە، بەرهەمهینانی چیمەنتۆ لە ساڵی 2017 بەراورد بە ساڵی 2016 بە رێژەی 8%بەرز بووەتەوە“.

عومەر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری كارگەی چیمەنتۆی ماس رای گەیاند، بەهۆی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای ئەنبار و نەینەوا، ئێستا خواستێكی زۆر لەسەر چیمەنتۆی كوردستان هەیە و بەرهەمەكەش بە جۆرێكە پێداوستیی ناوخۆ و عێراقیش دابین دەكا.

بەپێی زانیارییەكان زیاتر لە 10 هەزار كەس بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە بواری پیشەسازیی چیمەنتۆدا لە هەرێمی كوردسان كار دەكەن.ش

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

هه‌لبژارتنێن ئه‌نجومه‌نێ پارێزگه‌هان دێ ئێته‌ پاشخستن

Lalish Duhok

پەرلەمانێ کوردستانێ: پشتەڤانێن مافێن خوەنیشاندەراینە

Lalish Duhok

ل هه‌رێما كوردستانێ 42 كه‌س هاتينه‌ كوشتن

Lalish Duhok