بارزانی:پيتڤيه داوى ب خوونرشتنا ناڤبهرا كورد و توركا دا بێت
رووداو – هەولێر
بارزانی پێشوازی لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان- باكوور دەكات و رایدەگەیێنێت، پێویستە كۆتایی بە خوێنڕشتنی نێوان كورد و تورك بهێنرێت، چونكە رێگەی راست تەنیا ئاشتی و پێكەوەژیانە.
رۆژی پێنجشەممە 28-7-2016 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندی هەڵبژێردراوی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان- باكوور بە سەرۆكایەتی سەرتاج بوجاق، سەرۆكی ئەو حیزبە كرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی ئاماژەی بەوە كردووە، گەلی كوردستان هەمیشە بەشێك بووە لە چارەسەر و ئاشتی دەوێت.
بارزانی نیگەرانیی خۆیشی “لە بارودۆخی نالەباری هاونیشتمانیانی كورد لە توركیا نیشاندا و وێڕای ئاماژەدان بە خەباتی ئاشتیانە بە پێویستی زانی كۆتایی بە خوێنڕشتنی نێوان كورد و تورك بهێنرێت، چونكە رێگەی راست تەنیا ئاشتی و پێكەوەژیانە و پێویستە هەموو لایەك خۆیان لە گرژی و توندوتیژی دوور بكەنەوە.”
سەرۆکی هەرێمی كوردستان داوای یەكگرتن و لەیەكدی نزیكبوونەوەی هێزە نەتەوەیی و دیموكراتەكانی باكووری كوردستان كردووە و رایگەیاندووە “پشتیوانی یەكدی بن و كاری هاوبەش و هەماهەنگیان لەگەڵ یەكدیدا هەبێت”.
لەبارەی بارودۆخی سیاسیی توركیا بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە “لە دژی هەموو هەوڵێكی كودەتا و سەربازین بۆ لابردن و حكومەتێكی شەرعی كە هاووڵاتیان دەنگیان پێداوە”.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بارزانی پیرۆزبایی بەستنی كۆنگرەی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان باكوور كرد و، ئومێدی ئەوەی خواست كۆنگرەكەیان ببێتە هەوێنی سەركەوتن لە بەرنامەكانیان و كاركردن بۆ خەباتی سیاسی و یاسایی و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و میانڕۆیی و دیموكراسی. هاوكات پشتیوانیی خۆیشی بۆ خەباتی نەتەوەیی و ئاشتیانەی لایەنە كوردییەكانی توركیا دووپاتكردەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
