ههولێر و بهغدا دهربارهی دابینكرنا مووچهى نێزیك بووينه ل رێككهفتێ
ZNA- ههولێر
لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2017 ی عێراق، چەند بڕگەیەک لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێشنیاز کراون، پێشنیازەكان لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی كوردستانن و ئەگەر پەسەند بكرێن، كێشەی مووچەی بەشێك لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەبێت.
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، دوای هەوڵدانێكی زۆر، توانراوە چەند بڕگەیەك لە یاسای بودجەی 2017 ی عێراق، لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێشنیاز بکرێن.
وەك مەسعود حەیدەر باسیكرد، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكات، ئەوا حكومەتی عێراق مانگانە مووچەی 682 هەزار فەرمانبەری هەرێمی كوردستان دەنێرێت، كە پارەكەی مانگانە دەكاتە 316 ملیار دینار، لەو پارەیەش 148 ملیاری بۆ سلێمانی و 167ملیار دیناریشی بۆ هەولێر و دهۆك دەبێت.
پێشنیازی دووەم بریتییە لەوەی، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی عێراقەوە بفرۆشێت و، نەوتی كەركووك رادەستی عێراق نەكات، ئەوا حكومەتی عێراق 17% ی بودجە بۆ هەولێر دەنێرێت، بەڵام 316 ملیار دیناری لێ دەگێڕێتەوە و ناینێرێت.
پێشنیازی سێیەمش هەروەك لە 2015 ەوە خراوەتەوە نێو بودجە، بریتییە لەوەی، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك و، 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی عێراقەوە بفرۆشێت، ئەوا بەغدا 17% ی بودجە دەداتە هەولێر،
لە پڕۆژەیاسای بودجەی2017ی عێراقیش ئەو رێككەوتنە وەك خۆی دانراوەتەوە.
مەسعود حەیدەر گوتیشی “ئەو پڕۆژەیە دوای ماندووبوونێكی زۆری فراكسیۆنەكانی ( گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ )ئامادەكراوە، بەهیوای ئەوەین حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغداش جێبەجێی بكەن”.
بەو جۆرەی ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە هەناردە بكات، ئەوا پشكی 17% ی بوجەی عێراق دەدرێتە هەرێمی كوردستان.
مەلا قادر محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، لە بودجەدا رێککەوتنی پێشووتر دانراوەتەوە، ئەگەر ئەوە جێبەجێ نەکرا، ئەو کات ئەو پیشنیازانە وەک پڕۆژەی جێگرەوە دادەنرێن. بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممە 1-12-2016 لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای 2017ی عێراق بدرێت.
پێشتر هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە رێککەوتن، کە هەرێمی کوردستان بە نەوتی کەرکووکەوە مانگانە 550 بەرمیل لە رێگای حکومەتی عێراقییەوە هەناردە بکات و لە بەرامبەردا بەغدا 17%ی بودجە بنێرێت، بەڵام ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکرا، هەردوولاش یەکدی بە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
