بارزانی: ئومێدا مه ئهوه ئەڤ ساله رەوشا دارایيا هەرێمێ باشتر بت
رووداو- هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرجەم نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: “ئومێدمان وایە ئەمساڵ بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوشان لەگەڵ پرۆسەی چاکسازی، رەوشی دارایی هەرێم باشتر بێت”. گوتیشی: ” ئێستا لایەنەکان لە گفتوگۆدان و ئومێد هەیە گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام”.
رۆژی پێنجشەممە 12ـی 1ـی 2017 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی گەیاندنی بیروبۆچوون و سیاسەتی گشتیی هەرێم بە نوێنەری وڵاتان و گەیاندنی بیروبۆچوون و سیاسەتی گشتیی هەرێم و شیكردنەوەی دوایین پێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەکان و پرسە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان، لەگەڵ سەرجەم كونسوڵ و سەرۆكی نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر كۆبووەوە.
رەوشی ئابووری و دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
بەپێی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رەوشی ئابووری هەرێمی کوردستان گوتی: “بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی تیرۆریستان و هاتنی یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار ئاوارە، بارگرانییەکی زۆر کەوتە سەرشانی هەرێم و لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵیشەوە نزیکەی سەدهەزار کەسی دیکە لەو ناوچانەوە پەنایان بۆ هەرێم هێناوە”.
بارزانی باسی لە باشتربوونی رەوشی ئابووری هەرێمی کوردستان کرد لە ساڵی نوێدا و گوتی: “ئومێدمان وایە ئەمساڵ دوای تێکشکاندنی تیرۆرستان ، فەراهەمبوونی کەشی گونجاو بۆ گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوشان لەگەڵ پڕۆسەی چاکسازی، رەوشی دارایی هەرێم باشتر بێت”.
لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بارزانی ئاماژەی بەوەکرد کە: “ئێستا لایەنەکان لە گفتوگۆدان و ئومێد هەیە گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام”.
شەڕی داعش و “گیانفیدایی پێشمەرگە”
لە بەشێکی قسەکانیدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی شەڕی داعشی کرد و سەرەتای سەرهەڵدانی داعش ، هۆکارەکانی بەهێزبوونیان و پەلاماردانی کوردستان لەلایەن ئەو “رێکخراوە تیرۆریستییە”، مەترسییەكانی “تیرۆریستان” بۆ سەر ئاساییشی جیهان و كۆی مرۆڤایەتی بۆ کۆنسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەولێر شی كردەوە.
بەپێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بارزانی باسی لە قۆناخەكانی شەڕی پێشمەرگە و داعش كرد كە تێیدا ، “پێشمەرگە بە ئیمکانییەتێکی کەم و قوربانیدانێكی زۆر سەرەتا هەوڵیداوە خەڵك و پێكهاتەكان رزگار بكات و بیانپارێزێت و دواتر رێگە لە پێشڕەویی تیرۆریستان بگرێت و دواجاریش بكەوێتە قۆناخی هێرشبردن و تێکشکاندنی تیرۆریستان”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا پێزانینی هەبووە بۆ قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان، هەروەها سوپاسی هاوكاریی و پشتیوانیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانیشی كرد كە بوونە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە خێراتر ببن و ئاستی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بە زۆر سەركەوتوو لەقەڵەمدا.
شەڕی موسڵ
بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی موسڵ بووە، بارزانی بە وردی باسی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵی کرد و رایگەیاند: “ئەوانەی موسڵیان رادەستی داعش کرد حەزیان نەدەکرد ئۆپەراسیۆنەکە دەست پێبکات و سەربگرێت، چونکە خۆیان شکابوون و نەیاندەویست سەرکەوتنی خەڵکی دی ببینن”.
بارزانی گوتی: “لە 29ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو سەردانی بەغدام کردووە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان بناخەی ئەو هاوکارییەمان دانا کە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هاتە ئارا و رۆڵی هەرلایەک دەستنیشان کرا، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیش پێشمەرگە توانی لەماوەیەکی کەمدا هێڵەکانی بەرگریی داعش تێکبشکێنێت و رێگە بۆ هێزە عێراقییەکان خۆش بوو کە بتوانن بەرەو ناو موسڵ پێشڕەوی بکەن”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: “بەبێ هاوکاریی پێشمەرگە و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنەکە سەری نەدەگرت، راستە ئێستا داعش تووشی شکستی زۆر بووە و بەرەو داڕووخان دەچن، بەڵام نەمانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە موسڵ و شکستی سەربازیی تیرۆریستان، بەمانای کۆتاییهاتنی داعش و تیرۆر نایەت”.
بارزانی رایگەیاند: “رەنگە ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لەجیاتی شەڕی بەرەیی، بەناوی جیا یان شێوازی دیکە ببێتەوە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی جیهان و مرۆڤایەتی و دوور نییە دیاردەی مەترسیدارتر لە داعش سەر هەڵبدات، بۆیە دەبێ جگە لە شەڕی مەیدانی لەگەڵ داعش، رەگی تووندوتیژی و تیرۆر لەڕووی فکری و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وشک بکرێن و ئەوەیش پێویستی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی و هەماهەنگیی هەمەلایەنە هەیە”.
پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا
باسكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیکەی قسەكانی بارزانی بوو و تێیدا ئەوەی خستەڕوو “کەس مافی ئەوەی نییە لەبارەی یەکپارچەیی عێراق گلەیی لە ئێمە بکات، چونکە هەم لەپێش 2003 و لە دوای ئەوەیش، هەموو شتێکمان کرد بۆ چەسپاندنی شەراکەتی راستەقینە و فرەیی و دیموکراسی و فیدراڵی”.
بارزانی تیشکی خستەسەر دوایین سەردانی بۆ بەغدا و گوتی: “لە 29ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو کاتێک سەردانی بەغدام کرد بەوردی و راشکاویی تەواو لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنەکان گفتوگۆمسن کردووە و بەخۆشحاڵییەوە ئەوانیش گوێیان لە سەرنجەکان گرت و لەسەر ئەوە رێککەوتین کە بکەوینە گفتوگۆ تا بگەینە چارەسەرێک کە کۆتایی بە تراژیدیا و کێشەکانی رابردوو بێت و دووبارە نەبنەوە”.
بارزانی جەختیشی کردەوە کە ئێستا هەرێمی كوردستان لەبواری سەربازییدا هەماهەنگییەکی زۆر باشی لەگەڵ حكومەتی عێراقی هەیە، بەتایبەتی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵدا.
بەپێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە كۆبوونەوەکەدا نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لە هەولێر سوپاسی بارزانیان كرد بۆ رەخساندنی ئەو دیدارە و هیوای سەركەوتنیان بۆ گەلی كوردستان خواست. هەروەها ستایشی پێشمەرگە و سەركردایەتی هێزی پێشمەرگەیان كرد لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەروەها پێزانینیان هەبوو بۆ خۆڕاگری گەلی كوردستان و فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەی گەلی كوردستان.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
