زێباری: زارۆكێن ب توهمهتا تيرۆرێ هاتينه دهستهسهركرن وەک قوربانیێن دەستێ داعش مامەله لگەل دێ ئێته كرن
ZNA- هەولێر
“دیندار زێباری” ڕایگەیاند، ئەو منداڵانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر دەستگیرکراون وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار.
رۆژی١/٢/٢٠١٧ پێگەی “فۆرین پۆلیسی” راپۆرتێکی بەناوی “ھەرێمی کوردستان منداڵان ئەشکەنجە دەدات” بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بەو منداڵانەی بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە کاری تیرۆریستی لە ھەرێمی کوردستان دەستگیر کراون و تێیدا دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئەشکەنجەدانی ئەو منداڵانە تۆمەتبار دەکات.
لەم بارەیەوە “دیندار زێباری” سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان و ئاوارە بوون سەدان ھەزار کەسی ناوچە جیاجیاکانی عێراق و پەنابردنیان بۆ ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی رزگار بوونیان لە دەست تیرۆریستان داعش، حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەند رێوشوێنێکی ئەمنی گرتۆتە بەر بۆ پاراستنی گیانی ئەو ئاوارە و راگوێزراوانە و ئاسایشی شارەکانی ھەرێم، ھیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناکرێت بە ھیچ تۆمەتێک و گشت رێوشوێنەکانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، ھەروەھا دوای دەستگیرکردنیشی مافە یاساییەکانی خۆیان ھەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان بەم پێیەش تۆمەتبارەکە وەک مافێکی خۆی بۆی ھەیە پارێزەرێک ئامادە بکات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بکات و ئاگاداری کەسوکاری دەکرێتەوە کە ناوبراو گیراوە، دواتر کەیسەکە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی بەپێی یاسا. ھەروەھا لە کاتی دەستگیرکردنی ھەر گومانلێکراوێک ئەگەر تەمەنی یاسایی تەواوکردبێ یان لە خوارووی تەمەنی یاساییەوە بێت، ماوەی ٢٤ی کاتژمێر پێویستە بۆ ئەوەی پەڕاوی تایبەت بە لێکۆڵینەوەکە بنێردرێتە یەکێک لە داداگا تایبەتمەندەکان و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت، ئەگەر سەیری ئاوارەکانی ھەرێم بکەن ئەوا لە ھەموو رەگەز و نەتەوە و ئایین و پێکھاتەکانن، بەڵام پاراستنی ھاووڵاتیانی ھەرێم لە کارە ھەرە لە پێشینەکانە بە ئاوارە و پەنابەرانیشەوە.
زێباری ئەوەی خستەروو کە لە کوردستان تەمەنێک دیاریکراوە بۆ دەستگیر کردنی منداڵان و سزادانیان و لەم بارەوە زیاتر وتی: ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە لە ھەرێمی کوردستان و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار و گرنگییەکی تایبەتییان پێدەدرێت ئەم پرۆسەیەش بە ھەماھەنگی لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوە ناحکومییە بیانییەکان ئەنجام دەدرێت، لایەنە ئەمنییەکان پابەندن کە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن، چونکە بەپێی یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠١ی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی یاسایی بۆ سەپاندنی سزا ١١ساڵە و سووکترین سزادانیش بۆ ئەو منداڵانە “ھۆشداریدانە” بۆ سەرپێچیەکان واتا کە سەرپێچی بکرێت ھۆشداری پێدەدرێت ئەگەر تاوانەکە نەکەوێتە چوارچێوەی تیرۆر، و قورسترین سزاش سپاردنە بۆ ماوەی ٥ ساڵ بە قوتابخانەیەکی پێگەیاندن، بەڵام لە ھەندێ حاڵەتیشدا نیازی پەیوەندیکردن بە گروپێکی چەکداری تیرۆریستی ھەبێت کە بەپێی یاسا پێی دەگوترێت “شروع” بەڵام کە کۆتایی و ئەنجامی نەبووە ئەوا لێرەدا سزاکە بەپێی تەقدیری دادوەر دەبێت، بەم جۆرە سزای لە سێدارەدانیش لەسەر نەوجەوانان جێبەجێ ناکرێت.
زێباری ئەوەشی راگەیاند: دەزگا پەیوەندیدارەکان لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەر کردنی کەیسی ئەو منداڵانە و لە ساڵی ٢٠١٦ لە دادگای ھەولێر نزیکەی ٢٢دۆسیەی تایبەت بە کەیسی نەوجەوانانی چەکدار یان پەیوەندی کردن بە داعشەوە ھەبووە لەوانە ١١کەیس یەکلا بووەتەوە و ئەوانی دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەو پڕۆسەی دادگاییکردندان و دوا ناخرێن، بەڵام ئەوانەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیرکراون و کەیسەکانیان یەکلابۆتەوە و سزا دراون چواردە کەس بوون سزاکانیشیان لە نێوان یەک ساڵ بۆ پێنج ساڵ دەبێت و ھەشت کەسیش ئازادکراون، ١٠کەیسیش یەکلانەکراونەتەوە، ھەروەھا بە پشت بەستن بە ماددەی ٤٩یاسای پاراستنی نەوجەوانان دادوەری لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی نەوجەوانان تایبەتە بە بینینی ئەو داوایانە و لە کاتی نەبوونی دادوەری لێکۆڵینەوەی نەوجەوانان، ئەوە ھەر دادوەرێکی لێکۆڵینەوە ئەو داوایە دەبینێت و لە کاتی نەبوونی دادوەری لێکۆڵینەوەش لێکۆڵەرەوەی دادوەری ئەو کارە دەکات و لە ھەموو حاڵەتەکان دەستگیرکراوەکە دچێتە بەردەم دادوەر.
سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن زێباری وتی: بەپێی یاسا ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەکی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە ھیچ شێوەیەک رێگا نادرێت کە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشکەنجە بدەن بەپێی ماددەی ٣٣٣لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی ھەموارکراو و ھەر تۆمەتبارێک لەکاتی لێکۆڵینەوە ئەشکەنجە درابێت لە رووی یاساییەوە مافی ھەیە سکاڵا تۆمار بکات دژی ئەو کەسەی ئەشکەنجەی داوە ئەمەش پاڵپشت بە ماددەی ١٩/ سێیەمی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، بەڵام ھەندێک جار گومانلێکراو یاخود تاوانبار کاتێک رادەگیرێت لەناو بەندیخانە ھان دەدرێت بۆ ئەوەی دەزگاکانی پۆلیس وا نیشان بدات کە ئەشکەنجەیان داوە.
ھەرکەسێک دەستگیر دەکرێت نەوجەوان بێت یان تەمەنی تەواو بێت بە بڕیاری دادوەر رادەگیرێت بەپێی ماددەی یاسایی تایبەت بە تاوانی خۆی و بە ھیچ شێوەیەک ئەشکەنجە نادرێت یان مامەڵەی نامرۆڤانەی لەگەڵ ناکرێت وەک گشت زیندانییەک مافی خۆی ھەیە بۆ نموونە ھەفتانە دوو رۆژ رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی(صلیب احمر) سەردانی گشت بەندکراوەکان دەکات.
ھەروەھا ھەر بەندکراوێک دەتوانێت ھەر داواکاریەکی ھەبێت بەرزی بکاتەوە لە رێگای ئیدارەی بەندیخانە یان داواکاری گشتی یان لە رێگای کەسوکاری کاتێک سەردانی دەکەن یان لە رێگای رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی زیندانیان وەک رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، لەلایەکی دیکەوە ھەر منداڵیک بە ھەر ھۆکارێک بەبێ دایک و باوک بێتە ھەرێمی کوردستان وەکو پێشووتر ئەو حاڵەتانە زۆر بووە، بەڵام زۆر بەباشی لە لایەن بەڕێوەبەرانی کەمپەکان و ڕێکخراوە ناوخۆیی ونێودەوڵەتییەکانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و ھەوڵدراوە ئەو کەسانە سوودمەند بکرێن لە سیستەمەکانی فێرکردنی خوێندن و پاراستنی کۆمەڵایەتی و فێرکردنی کاری دەستی. لە کاتی ھاتنی ئاوارەکان مامەڵەی تایبەت لەگەڵ منداڵی بێ سەرپەرشتیار دەکرێت و شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
