هێمن هەورامی: كۆبوونێن بارزانی ل میونشن دلخۆشكەرن
رووداو – هەولێر
ئەندامێكی شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی میونشن رایدەگەیێنێ، شاندی هەرێمی کوردستان تاکە شاندی هەرێمییە لەسەر ئاستی هەموو وڵاتانی دونیا و زۆرترین کۆبوونەوەی دوولایەنەیشی هەبووە. دەشڵێت ئەنجامی كۆبوونەوەكان دڵخۆشكەرە، لەبارەی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان قسەی جددی کراوە و خاڵی سەرەکی لە ئەجێندای قسەکانی بارزانی لەگەڵ هەموو شاندەکان سەربەخۆیی کوردستان بووە.
هێمن هەورامی، ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن، لەبارەی پێگەی کورد لە کۆنفرانسەکەدا و پێکهاتەی شاندی کوردستان و نێوەڕۆك و ئەنجامی كۆبوونەوەكان بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداوی كرد، ئەو باسی كۆبوونەوەی بارزانی و جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریكای كرد و گوتی “جەیمس ماتیس بە جەنابی بارزانی گوت من 24 کاژێر لە رۆژێکدا و، هەموو رۆژی هەفتەیەك لەخزمەتتاندام”.
ئێوارەی رۆژی هەینی 17-2-2017، کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی له میونشن، بە بەشداری 30 سەرۆک و سەرۆکوەزیری وڵاتانی جیهان، 80 وەزیر و زیاتر لە 500 ئەندامی باڵای وڵاتان دەستیپێكرد، ئێوارەی رۆژی یەكشەممەش كۆتایی دێت.
هەرێمی کوردستان تاکە شاندی هەرێمییە لەسەر ئاستی هەموو وڵاتانی دونیا
هەورامی رایگەیاند “شاندی هەرێمی کوردستان تاکە شاندی هەرێمییە لەسەر ئاستی هەموو وڵاتانی دونیا کە لە كۆنفرانسەكەدا بەشدارە، سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەش بەشێوازێکی هەڕەمەکی شاندەكانیان بانگهێشت نەكردوون”.
راشیگەیاند “ئێمە وەکو شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی لەنێو کۆمەڵێک لەو شاندە گەورانەین کە بەشدارین لە کۆنفرانسەكەدا، ئەندامانی شاندەکەش پێکهاتەیەکی سیاسيی سەربازین لەو فەرماندەیی و یەکانەی بەشداربوون لە شکستپێهێنانی داعش و نوێنەرایەتی سەرجەم خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەکانی کوردستان دەكەن”.
“شاندەکە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکات”
هەر سەبارەت بە پێکهاتەی شاندەکەی کوردستان، هێمن هەورامی گوتی “کاتێک کاکە حەمە کوڕێکی لەنێو جەرگەی شەڕدا شەهید دەبێت، کاتێک سەرۆک مەسعود بارزانی 22 شەو لەپشتی ئۆتۆمبێلێک لە بەرەكانی شەڕدا شەو بەسەر دەبات، ئەوکات خەڵک پرسیار ناکات ئایا ئەمانە کەسی حیزبین لەنێو جەرگەی شەڕدان یان نا، بۆیە ئەو شاندە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکات، سەرۆک مەسعود بارزانیش وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی شاندەکە دەكات”.
شاندی هەرێمی کوردستان زۆرترین کۆبوونەوەی دوولایەنەی هەبووە
هێمن هەورامی باس لەوە دەكات لە ساڵی 2014 و 2015 و 2017 دا هەرێمی کوردستان زۆرترین کۆبوونەوەی دوولایەنەی هەبووە، بەجۆرێک ئەمساڵ بەتەنها لەو دوو بۆ سێ رۆژەی كۆنفرانسی میونشن 23 کۆبوونەوەی دیپلۆماسی گەورەیان دەبێت، بۆنموونە هەر ئەمڕۆ مەسعود بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، شاندێکی باڵای SPD، کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، جێگری سەرۆكوەزیرانی كوێت و سەرۆکی گەورەترین بلۆکی ئەحزابی سیاسی نێو پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووەتەوە.
هەورامی دەڵێت “هەموو ئەمانە لەڕووی کوالێتی و ژمارە و جۆرییەوە کاریگەری بەشداری پێگەی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو کۆنفرانسە گرنگەدا دەردەخەن و، هیچ هێزێک و لایەنێکی دیکەی ئیقلیمی کە وەکو هەرێمێک وابن لەسەر ئاستی دونیا بەشدار نەبوون، جگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق نەبێت.”
“وەزیری بەرگریی ئەمریكا بۆ بارزانی: 24 كاژێر لە خزمەتداین”
ئەندامەکەی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن دەشڵێت “سەرکەوتنی شاندێک کە لە کۆنفرانسێکی وادا بەشداری دەکات، بەندە بە ژمارەی ئەو کۆبوونەوانەی ئەنجامیان دەدات، لەگەڵ نەوعیەتی كۆبوونەوەكان، کاتێک جەنابی سەرۆک بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێیدەڵێت بەناوی سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە ئێمە دەستخۆشیتان لێدەکەین و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانتان لێدەکەین، پشتیوانی ئەمریکا بۆ خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئەمە گەورەترین مانای سیاسی بۆ ئێمە هەیە”.
ئەو زۆرتر لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكان قسەی كرد و گوتی “کاتێک سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە و وەزیری دەرەوەی ئێران بەفەرمی داوا لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بەردەوامبێت و، داوەتنامەی فەرمی ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکەنەوە، ئەمە دیسان گرنگی خۆی هەیە، کاتێکیش وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە جەنابی سەرۆک دەڵێت من لە 24 کاژێر لە رۆژێکدا و، هەموو رۆژی هەفتەیەک لەخزمەتتاندام، ئەمە گەورەترین دەستکەوتن بۆ ئێمە”.
كۆنفرانسی میونشن لەسەر سێ تەوەری سەرەكی كاردەكات
هێمن هەورامی دەڵێت “ئەو کۆنفرانسە لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کاری کردووە، یەکەم ئاراستەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی دونیا بەرەو کوێ دەچن؟ دووەم ئەکتەرەکانی نێو ئەو دۆخە کامانەن کە کاریگەرییان لەسەر پێگەی ئێستا و ئاییندەی سیستەمی ئاسایشی جیهان دەبێ؟ سێیەم ئەو بابەتانە کامانەن کە بۆ ئەکتەرەکان و بۆ سیستەمی نوێی ئاسایشی جیهان گرنگن؟ لە هەرسێ خاڵەکە هەرێمی کوردستانی عێراق حزورێکی بەهێزی هەبووە”.
“فاکتی نێو کۆبوونەوەکان دڵخۆشکەر بوون”
هەورامی باس لەوە دەکات ئەوان نە گشبینین و نە رەشبین بوونە،”بەڵکو ئێمە مامەڵە لەگەڵ فاکت دەکەین، فاکتی نێو کۆبوونەوەکانیش فاکتی دڵخۆشکەر بوون، چونکە پێگەی هەرێمی کوردستانی عێراق ئێستا جیاوازترە، ئەگەر پێگەی هەرێمی کوردستانی عێراق نەبێت و مامەڵەی ئەو وڵاتانە لەگەڵ کوردستانی عێراق نەبێت، چۆن لە ماوەی سێ رۆژدا 22 کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ شاندی باڵای هەرێمی کوردستانی عێراق دادەنێن، ئەگەر ئەو پێگەیەی نەبێت چۆن هەرێمێکی فیدراڵ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەنێو 192 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری پێدەکەن”.
لەبارەی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان قسەی جددی کراوە
سەبارەت بە ئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوانەی ئەنجامدراون، هێمن هەورامی گوتی ” لە کۆبوونەوەکاندا کۆمەڵێک بابەتی زۆر پۆزەتیڤ باس کراون، لەسەر مەسەلەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان قسەی جددی کرا، سەرۆک بارزانی زۆر بەجددی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەم بابەتەی باسکردووە، لەسەر کۆتاییپێهێنانی شەڕی داعش و قۆناخی پاش داعش قسە کراون، قسەی جددیش ئەوەبوون، کە ئێمە لە کوردستانی عێراق لە قۆناخی پاش داعش بەهیچ شێوەیەک ناگەڕێینەوە بۆ قۆناخی فیدراڵیزمی پێش داعش، هاوکات دەبێت سیغەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای دیالۆگ هەبێت، ئەم سیغە نوێیەش مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستانە”.
“خاڵی سەرەکی لە ئەجێندای قسەکانی بارزانی سەربەخۆیی کوردستان بوو”
لەبارەی پرسی سەربەخۆیی لەنێو كۆبوونەوەكان هەورامی قسەی زۆرتری كرد و گوتی “جەنابی سەرۆک بارزانی بەناوی خەڵکی کوردستان و شاندی باڵای هەرێمی کوردستانەوە پیگوتوون، مادام عێراق شەراکەتی راستەقینەی لەگەڵ ئێمە قبوڵ نەبوو، ئێمەش نامانەوێت عێراق وەکو تابع و مەتبوع مامەڵەمان لەگەڵ بکات، واتە سیغەی نوێ لای ئێمە واتە بوونە بە دوو دراوسێی باش لەگەڵ عێراقدا لەسەر بنەمای دیالۆگ، ئەو بابەتەش لەگەڵ بەڕێز عەبادی و، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران و هەموو ئەو شاندانەی بەشدار بوون باسی لێوەکرا، خاڵی سەرەکیش لە ئەجێندای قسەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ هەموو ئەو شاندانەی بەشدار بوون، ئەم خاڵە خاڵی ژمارە یەک بوو”.
ئەندامەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن، ئاماژەی بەوەش كرد “پرسی مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان پرۆسەیەکی بەردەوامە، رەنگە جیاوازی لە بیروبۆچوونی هەندێک لایەن، لە کاتەکە لە شێوازی میکانیزم هەبێت، بەڵام لە یەک شاندی بەشداربووی ئەو وڵاتانەمان نەبیست، کە بڵێن پرسی سەربەخۆیی و مافی چارەنووس مافی خۆتان نییە، هەر رۆژی شەممە بارزانی کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ 20 کۆنگرێسمان و سیناتۆری ئەمریکی لە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆمارییەکان هەبوو، بە تێکڕای دەنگ گوتیان کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کوردستانی عێراق بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆی بدات، ئێمە وەکو خەڵکی ئەمریکا وەکو کۆنگرێس و سیناتۆرەکان هەتا پێمان بکرێت لەگەڵ ئیدارەی نوێشدا لەم قۆناخەدا پێشتیوانیتان لێدەکەین، چونکە ئێمەش راڕاین لە دۆخی عێراقی پاش داعش”.
“هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناخێکی زۆرباش لە ناساندنی نێودەوڵەتی”
هەورامی ئەوە ناشارێتەوە کە راگەیاندنی ئەو سەربەخۆییە تەنیا بە قسە نابێت، “بەڵکو پێویستی بە کۆمەڵێک پرۆسە و قۆناخ هەیە، ئەم پرسە زەمینەسازی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و ناساندنی نێودەوڵەتی دەوێت، ئێستا هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناخێکی زۆرباش لە ناساندنی نێودەوڵەتی، لە پێشکەوتنی سەربازی و سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی سەربازی خۆی، خەڵکی کوردستانی عێراقیش دڵنیا دەکەمەوە ئەو سەرکەوتنانەی لەم کۆبوونەوانەی کۆتایی کۆنگرەی میونشن بۆ زیاتر ناساندنی پرسی کورد و حەقانیەتی بەرەو سەربەخۆبوونی، لە هیچ کۆنفرانس و کۆنگرەیەکی دیکەدا نەمبینیوە.”
“حەشدی شەعبی لەنێو شاری موسڵ کاریگەری لەسەر کاردانەوەی سوننەکانی ناوچەکە دادەنێت”
سەبارەت بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئەو فاکتەرانەی دەبنە هۆی ناسەقامگیری ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، هێمن هەورامی گوتی “لە کۆبوونەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و هەموو وەزیرەکانی دیکە باسمان لەوە کردووە، فاکتەرەکانی ناسەقامگیری کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دەبێت ئەوەیە، بۆ نموونە ئەگەر سوپای عێراق لاواز بکرێت لەبەرامبەریشدا بە شێوازێکی یاسایی لە پەرلەمان دان بە 60 گرووپی جیاوازی نێو حەشدی شەعبیدا بنرێت، کە کەس نازانێت بەشێک لەو حەشدانە کامەن، بێگومان ئەمە کاریگەری لەسەر پێکهاتەی سوننە لە ناوچەکە دادەنێت، ئێستاش لێکەوتەکانی سەرەتای هەندێک لەم ناسەقامگیریە مەزهەبییەمان لەنێو شاری موسڵ و تەلەعفەر و ناوچەکانی دیکەش بینیون”.
هەورامی پێیوایە بەشداربوونی حەشدی شەعبی بە شێوازێکی فراون لەنێو شاری موسڵ و دەوروبەری موسڵ “کاریگەری زۆری لەسەر کاردانەوەی سوننەکانی ناوچەکە دادەنێت و شەڕێکی مەزهەبی قوڵتر دروست دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و ئەو دەستکەوتانە دادەنێت کە لەبەرامبەر شەڕی داعش هاتوونەتە پێش، بۆیە ئێمە پێمانوابوو دەبێت هەموومان بەو رێککەوتنانە پابەندبین، کە نە حەشدی شەعبی و نە لایەنی دیکە بەشداری شەڕی نێو شاری موسڵ نەکەن، بەڵکو پێکهاتەکانی نێو موسڵ رۆڵیان هەبێت لە ئاراستەکردنی ئەمنیەتی خۆیاندا و هێزی ئەمنی نێو شارەکان خۆیان بەرپرسیاربن لەوەی چۆن ئەمنیەتی خۆیان دابین دەکەن.”
ئەندامەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن دەشڵێت “لە کۆبوونەوەکان باسمان لەوەش کردووە، ئەگەر پلانی سیاسی و ئیداری نەبێت لەگەڵ سەرکەوتنە سەربازییەکان، وادەکات بۆشایی ئیداری و خزمەتگوزاری و سیاسی ببێتە هۆکار بۆ گەڕانەوەی داعش بە شێوازی دیکە و بە تەکنیکی جیاوازتر، کە ئەمەش دیسان کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت.”
بارزانی داوەتنامە فەرمییەکەی ئێرانی قبوڵکردووە و سەرادنی ئێرانیش دەکات
هێمن هەورامی پێیوانییە بەستەڵەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبێت و دەڵێت “ئێران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانی عێراقە، رەنگە ئێمە و ئێران ناکۆک بین لەسەر هەندێک لە سیاسەت، کە ئەمەش مافێکی سروشتی هەردوولامانە، بەڵام کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لەنێوان ئێمە و ئێراندان، وەزیری دەرەوەی ئێران بەناوی حکومەتی ئێرانەوە بەفەرمی جارێکی دیکە داوەتنامەی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کردەوە، سەرۆک بارزانیش داوەتەکی قبوڵکرد و لەکاتێکی گونجاودا سەردانی ئێرانیش دەکات”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
