شبكة لالش الاعلامية

ل کوردستانێ روودانێن هاتووچوونێ سێیەم هۆکارێ مرنێ نه‌

ل کوردستانێ روودانێن هاتووچوونێ سێیەم هۆکارێ مرنێ نه‌
رووداو- سلێمانی
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 8 تاوەکو 14ی ئەم مانگەی وەک هەفتەی سەلامەتیی هاتوچۆ ناساند کە سەدان چالاکی لە دەیان وڵاتدا بەڕێوەبرا، بەڵام هەرێمی کوردستان زۆر ئاگای لەو بۆنەیە نەبوو. پسپۆڕان دەڵێن کوردستان پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی فراوان هەیە بە یاساو رێنماییەکانی هاتوچۆ و پێدانی مۆڵەت بە شوفێران، تاوەکو لەو دۆخە دەربچێت کە تێیدا رووداوەکانی هاتوچۆ سێیەم هۆکاری مردنن!

هەڵمەتە شەش رۆژییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەژێر دروشمی “خێراییت کەم بکەوە. ژیانی خەڵکی بپارێزە”. بەڕێوەچوو. بەپێی راگەیێندراوی رێکخراوەکە، لەو شەش رۆژەدا لە 100 وڵاتی جیهاندا 420 چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون، هەر لە کەمپەینی هێواشکردنەوەی هاژووتن، تاوەکوو چالاکیی قوتابخانەکان، هەڵمەتی پارلەمانتاران، کۆڕبەندی پسپۆڕان بۆ خەڵکی و راوەستان بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی هاتوچۆ.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ رۆژانە لە سەرتاسەری جیهان 3400 کەس بە رووداوی هاتوچۆ دەمرن و ئەگەر پلانە ستراتیژییەکانی تایبەت بە سەلامەتیی هاتوچۆ جێبەجی بکرێن، ئەوە لەسەر ئاستی جیهان گیانی ملیۆنان کەس دەپارێزرێ.

لە زانستی پزیشکیدا قوربانیانی هاتوچۆ لە ریزی (حاڵەت و نەخۆشییە نەگوازراوەکان) دیاریکراون. بۆیە هەر لە هەفتە راگەیێندراوەکەدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی بەشداریی هەرە کارای کرد. لە راگەیێنداوێکدا رێکخراوە جیهانییەکە ئاشکرای کرد کە یەک ملیۆن و 250 هەزار کەس بە رووداوەکانی هاتوچۆ دەمرن و سێیەکی ئەمەش بەهۆی خێرا لیخوڕینە. رێکخراوەکە دەڵێ نزیکەی 50%ی شۆفێران تیژڕەون کە زۆرترینیان پیاوە گەنجەکانن و بە گشتی 76%ی قوربانیانی هاتوچۆ لە رەگەزی نێرن، بە تایبەت کە لەژێر کاریگەریی کحولدا بن.

دکتۆر مارگرێت چان، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، بە ماڵپەڕی رێکخراوەکەی گوتووە “ئەگەر وڵاتان بتوانن خێرایی شۆفێرەکانیان کۆنترۆڵ بکەن، ئەوە هەرزوو بەرهەمی سەلامەتی هاتوچۆ دەچننەوە”.

کوردستان قوربانییەکی بێدەنگ

لەنێو ئەو سەدان چالاکییەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات، هیچیان لە کوردستان نەکراون، بگرە لەو شەش رۆژەدا هیچ چالاکییەک بەو بۆنەیەوە لە کوردستان بەڕێوەنەچوو.

بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەسەر ئاستی جیهان رووداوەکانی هاتوچۆ دەیەم هۆکاری مردنن! بەڵام لە کوردستان ریزبەندییەکە زۆر جیاوازە و رووداوەکانی هاتوچۆ هۆکارێکی گەورەتری مردنی خەڵکین.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، رۆژانە لە هەرێمی کوردستان 3 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە دەمرن و 28 کەسیش بریندار دەبن. ئەو رووداوانە سێیەم هۆکاری مردنن لە کوردستان.

د.خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند “هەموو رۆژێک سێ کەس لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە دەمرن، 28 کەسیش بریندار دەبن، بەداخەوە هەندێکیشیان بەو هۆیەوە کەمئەندام دەبن”. د.خاڵس هەروەها گوتی: “پاش نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، رووداوەکانی هاتوچۆ سێیەم هۆکاری مردنن لە کوردستان”.

چاوی شۆفێر بەسە؟

پسپۆڕێک دەڵێ خەمڵاندنی باری تەندروستی جەستەیی و دەروونیی شۆفێر وەک مەرجێکی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، بابەتێکی زۆر گرنگە کە لە کوردستان کاری لەسەر نەکراوە.

د.عەبدولفەتاح حەمەڕەحیم هەورامی کە دکتۆرای لە پزیشکیی کۆمەڵ هەیە و مامۆستای زانکۆیە، گوتی “لە کوردستان تەنیا بە پشکنینێکی چاو دڵنیایی لەبارەی لایەنی تەندروستیی شۆفێر دەکرێ! باشە ئەگەر شۆفێرێک نەخۆشی و حاڵەتێکی دەروونیی هەبێ، یان بۆ نموونە فێی لەگەڵ بێ و کۆنترۆڵ نەکرێ، یان دەرمانی درێژخایەنی ئەوتۆی هەبن کە کار لە توانای ئاگایی و تەرکیزی بکەن؟

هەورامی داوا دەکات جگە لە دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی تەندروستی جەستەیی و دەروونیی شۆفێر، بخرێنە خولی هۆشیاریی تەندروستی و ئاشنا بکرێن بەو گرفتانەی رەنگە وەک شۆفێرێک رووبەڕوویان ببێتەوە. ئەو داوا دەکات “بڕوانامەی سەلامەتی جەستەیی و دەروونی و بڕوانامەی خولی هۆشیاریی تەندروستیی بکرێنە مەرجێک لە مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری”.

خەتای رێگاوبانە یان شۆفێر؟

لە کاتی ئامادەکردنی راپۆرتەکەدا لەگەڵ شۆفێرێکی تاکسی کەوتینە گفتوگۆ لەبارەی رووداوەکانی هاتوچۆ. ئەو دەیگوت هۆکارەکە خراپیی رێگەوبانە “ئەو هەموو باج و سەرانەیەمان لێوەردەگرن و ئەوەش حاڵی شەقامەکانمانە، ئەگەر شەقامەکان باش بن، شۆفێر هێندە ناکەوێتە مەترسییەوە”. شۆفێرەکە گومانی هەبوو ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەهێندرێنە کوردستان کواڵیتییان باش بێ “بە بچوکترین پێکدادان، ئەم ئۆتۆمبێلە نوێیانە تێکوپێکدەچن”.

بەڵام پۆلیسی هاتوچۆ تەواو دژی ئەو بۆچوونەی شۆفێرانن. موقەددەم بەختیار عومەر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی، گوتی کە ناکرێ هەریەک لای خۆیەوە هۆکار دیاری بکات، بەڵکوو دەبێ لەسەر بنەمای توێژینەوە و پیشەیی بێت “هۆکارەکان زۆربەیان مرۆیین و بە دەرەجەی یەک تیژڕەوییە، ئەمە هەر قسەی ئێمە نییە، بەڵکو قسەی رێکخراوە جیهانییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی تەندروستی جیهانییشە”.
موقەددەم بەختیار کە 15 ساڵە لە بواری مێدیای هاتوچۆ کاردەکات، دەڵێ لەسەر هەمان ئەو شەقامانەی ناویان نراوە شەقامی مەرگ و بە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەگوترێ بێ کواڵیتین، شۆفێر هەیە 30 ساڵە تاکسی لێدەخوڕێ و تووشی هیچ کێشەیەکیش نەبووە “تاوان لە ئۆتۆمبێلەکە و رێگەکەدا نییە، بەڵکو پەیوەستە بەو کەسەی بەکاریان دەهێنێ، جا دەکرێ بکرێنە کەرەستە و رێگەی مەرگ یان هۆکار و رێگەی گەیاندن و خزمەت”.

بەرپرسەکەی هاتوچۆ کە سێ کتێبی لە بواری رۆشنبیریی هاتوچۆ نووسیوە، دەڵێ ژمارەی کامێراکانی هاتوچۆ کەمن و دەبێ زیاد بکرێن “ئێستا شۆفێر کە تاکە کامێراکەی سەر رێگەکەی تێپەڕاند، ئیدی خێراییەکە زیاد دەکاتەوە، بۆیە دەبێ ژمارەی کامێراکان لەسەر رێگاکان زیاد بکرێن و بەردەوام خێرایی ئۆتۆمبێلەکان لەژێر چاودێریدا بن”.

لە راگەیێندراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا داوا کراوە نەک هەر کامێرای چاودێری بە چڕی لەسەر رێگاکان دابنرێن، بەڵکوو سیستمی تۆماری خێرایی لەنێو هەموو ئۆتۆمبێلەکان بچەسپێندرێن و هەموو کات و لە هەموو شوێنێک خێراییەکان تۆمار بکەن و چاودێرییان بکرێ. هەروەک داوا کراوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکان سیستمی ئۆتۆماتیکیی کەمکردنەوەی خێرایی دابنرێ.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

باشترین و خراپترین باژێر بۆ ژیانێ

Lalish Duhok

ناسا دێ رۆبۆته‌كێ دى بۆ لێگه‌ريانێ ل سه‌ر ژيانا ده‌رڤه‌يا ئه‌ردى هنێرت

Lalish Duhok

شەش نیشانێن نەخۆشیا دلى 

Lalish Duhok