ئه‌یلول 19, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

دڤێ جەژنێ دا پترترين گەشتیاران قه‌ستا هەرێما کوردستانێ کرينه‌

دڤێ جەژنێ دا پترترين گەشتیاران قه‌ستا هەرێما کوردستانێ کرينه‌ 

ZNA- هەولێر

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، مەولەوی جەبار رایگەیاند: “ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە بواری کەرتی گەشتوگوزار لە ئاستێکی زۆر باشدایە، تەنھا لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە ٤ھەزار گەشتیاری تورکیا روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە”.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، مەولەوی جەبار لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “یەکەمینجارە لە مێژووی ھەرێمی کوردستان لە ٤ رۆژدا زیاتر لە ١٤٠ ھەزار گەشتیار روو لە ھەرێمی کوردستان بکات، بە پێی تۆمارەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە لە مێژووی خۆیدا. پێشبینی ئەوەیش دەکەین لە رۆژانی ئایندەدا رێژەی گەشتیاران زۆر بەرزتر بێتەوە”.

گوتیشی: “بەرزبوونەوەی رێژەی گەشتیاران لە ھەرێمی کوردستان متمانەیەکی گەورە بۆ کەرتی گەشتوگوزاری ھەرێم دەگەڕێنێتەوە. ئایندەیەکی گەشیشمان لە پێشە بۆ ئەوەی کەرتی گەشتوگوزار ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ زیاترکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستان”.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان باس لە گەشتیارانی شاری مووسڵ دەکات و دەڵێت “جیاواز لە ساڵانی رابردوو کە مووسڵ لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوو بە ھیچ شێوەیەک ھیچ جموجۆلێکی گەشتیاری تێدا نەمابوو، بەڵام دوای رزگارکردنی بەشێکی زۆری شاری مووسڵ لە چنگ تیرۆریستانی داعش، ئەمساڵ دوو گرووپی گەورەی گەشتیاری لە بەرەی چەپی مووسڵ روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای دھۆک کردووە، بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش و دوور لە جەنگ بەسەر بەرن و فشارەکانی سەر دەروونیان کەم بکەنەوە”.

دەشڵێت “دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و لەناوبردنی ھەڕەشەکانی داعش لەسەر عێراق بە گشتی، کەرتی گەشتوگوزار زیاتر دەبوژێتەوە، چونکە دەرگای زیاتر بەڕووی گەشتیارانی خوارووی عێراق دەکرێتەوە، تەنانەت گەشتیارانی بیانی بەبێ بوونی ھیچ مەترسییەک روو لە سەیرانگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن”.

سەبارەت بە دابەشبوونی گەشتیاران بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، مەولەوی جەبار ئاشکرای دەکات کە پارێزگای ھەولێر لە پلەی یەکەمدایە کە زیاتر لە ٦٠ ھەزار گەشتیاری لەخۆ گرتووە و پلەی دووەم پارێزگای سلێمانی دێت کە زیاتر لە ٥١ ھەزار گەشتیار دەبێت و زیاتر لە ٢٩ ھەزار گەشتیاریش بەسەر پارێزگای دھۆک و سنووری گەرمیان دابەشبوون”.

دەشڵێت “کەرتی گەشتوگوزار لە پارێزگای دھۆک بە بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو ھێندە بوژاوەتەوە، رێژەی رووتێکردنی گەشتیاران تا ئاستێکی دڵخۆشکەر زیادی کردووە، ئەمانەیش ھەموو بە ھەوڵ و ماندوو بوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاتووەتە ئاراوە”.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، مەولەوی جەبار باسی لە ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: “ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە بواری کەرتی گەشتوگوزار لە ئاستێکی زۆر باشدایە، پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ھەرێمی کوردستان و تورکیادا ھەیە، بۆ نموونە لە پێشانگا گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان، تورکیا جیاواز لە ھەر وڵاتێک زۆرترین بەشداری ھەبووە”.

گوتیشی: “ھاتووچۆی گەشتیاران لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە ئاستێکی باشدایە، تەنھا لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە ٤ ھەزار گەشتیار لە تورکیا روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، تا ئێستا ئەو بەراوردەشمان بەردەست نییە کە رێژەی گەشتیاری تورکیا یان عێراق زیاتر بوون یان کەمتر”.

مەولەوی جەبار لە کۆتاییدا پلانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار باس کرد و گوتی: “پلانەکانی ئێمە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ئاشکران، بە پێی ستراتیجیەتێکی تۆکمە کار لەسەر پەرەپێدانی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین، خۆشبەختانە لە چەند ناوچەیەک دەستمان بە کارەکانمان کردووە و لە بەرنامەشماندایە لە چەند ناوچەیەکی دیکە دەست پێبکەین، تاوەکو بوژاندنەوەیەکی تەواو لە کەرتی گەشتوگوزار بەدەست بھێنین و سەرەڕای ئەمەیش ھەوڵدەدین کواڵیتی مۆڵ و شوێنە گەشتیارییەکان بەرزتر بکەینەوە، بە پێویستیشی دەزانم بانگەشەی زیاتر بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ھەموو گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی روون بکرێتەوە کە ھەڕەشەکانی داعش لەسەر ھەرێمی کوردستان نەماون و لەسەر عێراقیش بەرەو کۆتایی چووە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi