ئاشتی هه‌ورامی: نه‌فتا هه‌رێما كوردستانێ ناچته ئه‌مریكا
K24 – هه‌ولێر:
ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاند، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ناچێته ئه‌مه‌ریكا و كڕیاره‌كانی نه‌وتی هه‌رێمیش ئه‌وه‌یان پێڕاگه‌یاندووین.
وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه كه گوایه كه‌شتییه‌كی نه‌وت هه‌ڵگر، كه 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان باركردووه بچێته ئه‌مه‌ریكا و گوتی: “دڵنیاییم له كڕیاره‌كانی خۆمان وه‌رگرتووه و هیچ كه‌شتییه‌كی نه‌وت كه نه‌وتی هه‌رێمی هه‌ڵگرتبێت بۆ ئه‌مه‌ریكا نه‌چووه”.
وه‌ك ئاژانسه‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، هه‌ولێر، له رێگه‌ی كۆمپانیا بازرگانییه‌كانه‌وه نه‌وتی خۆی به ئه‌وروپا و ئاسیا ده‌فرۆشێت و به‌مدواییانه‌ش گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای رۆزنه‌فت مۆركردووه و راسته‌وخۆ به‌شێك نه‌وتی خۆی ده‌فرۆشێته كۆمپانیا رووسییه‌كه، به‌ڵام نه‌وتی كوردستان ناچێته ئه‌مه‌ریكا، به‌و پێیه‌ی بازاڕی سه‌ره‌كی نه‌وتی عێراق ئه‌مه‌ریكایه.
ئاژانسه‌كه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، هه‌فته‌ی رابردوو كه‌شتی نه‌وتهه‌ڵگری نێڤه‌رلاند، كه نه‌وتی خاوی هه‌رێمی كوردستان باركردووه، له گه‌رووی جه‌به‌ل تاریقه‌وه، گه‌یشتووه‌ته زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی.
له‌و باره‌یه‌وه ئاشتی هه‌ورامی ده‌ڵێت: “له‌وانه‌یه بۆ ئه‌مباركردن، یان گواستنه‌وه‌ی له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه بێت، به‌ڵام نه‌وتی خاوی كوردستان ناچێته ئه‌مه‌ریكا”.
ئاشتی هه‌ورامی نیازی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پیاده‌كردنی سیاسه‌تی نه‌وت ئاشكرا كرد و به ئاژانسه‌كه‌ی راگه‌یاند، نیازی ئه‌وه‌یان نییه له پرسی فرۆشتنی نه‌وت به‌غدا تووڕه بكه‌ن، به‌و پێیه‌ی نایانه‌وێ كێشه‌ی دیكه سه‌رهه‌ڵبدا، به‌ڵكو به‌دوای ئه‌وه‌ن كێشه‌كان به گفتوگۆ و لێكتێگهیشتنهوهی چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
ئاشتی هه‌ورامی راشیگه‌یاندووه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، داوای پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی كردووه و ده‌شڵێت: “هیوادارین له ماوه‌یه‌ك كه‌مدا، له هه‌ولێر چاومان به‌و لێژنه‌یه بكه‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستانه‌كان ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
