کۆمسیۆن: دهمێ خۆتۆماركرنا قەوارێن سیاسی نائێته درێژكرن
باسنيوز:
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ درێژكردنەوەی تۆماری قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئارادا نییە.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، بۆ (باسنیوز) رای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2018/6/7 دوایین وادەی تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
گوتیشی: “بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران وادەی تۆماری كیانە سیاسییەكان تاكوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی حوزەیران دیاری كراوە، “ئەنجومەنی كۆمسیاران هیچ بڕیارێكی بۆ درێژكردنەوەی وادەكە نەداوە”.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، باسی لەوەش کرد: “ئەوان بەپێی خشتەیەكی زەمەنی كار دەكەن كە تێیدا وادەی تۆماری كیانە سیاسییەكان و هاوپەیمانییەتی تۆمار كراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان خۆیان بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە تۆمار كردووە، بۆیە ئەنجومەنی كۆمسیاران هیچ بڕیارێكی لەسەر درێژكردنەوەكە نەداوە.
بەپێی نووسراوی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ، وەكوو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان كراوە.
هەتا ئێستاش 32 قەوارەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆامر کردووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
