لیژنەیەك بۆ قەرەبووكرنا زیانڤێكەتيێن كەمپا شاریا هاته پێكئينان
سێمێل-KDP.info-
قایمقامی قەزای سێمێل دەڵێ، دوای ئەوەی دوێنێ لە كەمپی شاریا ئاگر كەوتەوە، لە ئێستادا دەست بە ئامادەكاریی تەواو كراوە، بۆ ئەوەی نۆژەن بكرێنتەوە و لیژنەیەكیش بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان پێك ھاتووە.
ئەیسەر جەرجیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “لە ئێستادا تیمەكانی ئێمە بەردەوام كاری خۆیان دەكەن بۆ خاوێنكردنەوەی كەمپی شاریا، كە دوێنێ سووتاوە و ئەمڕۆش خاوێنكردنەوە تەواو دەبێت و چادریش ئامادە كراون و دەست بە دانانیان دەكرێت، كە نزیكەی ٢٠٠چادرن، هەروەها لە شەوی ڕابردووەشەوە خواردنی گەرم بۆ ئەو خێزانانەی زیانیان بەركەوتووە ئامادە دەكرێت و سێ شوێنیش بۆ دانانی حەواندنەوەی ئەوخێزانانە دیاری كراون تا چادریان بۆ دادەنرێنەوە”.
ناوبراو روونیشی كردەوە: “ھەموو ئەم كارانە حكوومەتی ھەرێم بە ھاوكاریی رێكخراوەكان ئەنجامیان دەدات و لیژنەیەكیش پێك ھێندراوە بۆ خەمڵاندنی زیانەكان، بۆ ئەوەی قەرەبوویان بكەنەوە، چونكە ھەر یەكە و بە جۆرێك زیانیان بەركەوتووە، ھەیە پارەیە و ھەشە زێڕە، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنھا برینداری سوك ھەبووە و پۆلیسی ئێمەش بریندار بوون”.
قایمقامی قەزای سێمێل گوتیشی: “وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیش سەردانی كەمپەكەی كرد و بڕیاریش درا كە ھەر خێزانێك ٥٠٠ھەزار دیناریان وەكو قۆناغی یەكەم پێ بدرێت، بەڵام ڕەنگە راستەوخۆ نەبێت و ئەمڕۆش تیمێكی رەگەزنامە ھاتوون بۆ ئەوەی ئەوانەی ناسنامەیان سووتاوە، بۆیان دەربھێننەوە و ئێستاش كاری لەسەر دەكەن لە ناو كەمپەكەدا”.
جەرجیس گوتیشی: “خزمەتگوزاری بۆ ھەموو شوێنانە دابین دەكرێت كە ئاگری تێبەربووە و لە دوێنێشەوە ئێمە لەوێین و ھەر چی پێویست بێت بۆیان دابین دەكەین، تاوەكو شوێنەكەیان وەكو پێشوو بۆ نۆژەن دەكرێتەوە، بۆیە خاوێن دەكرێتەوە و تەعقیم دەكرێت و بۆیاغ دەكرێت و چادر دادەنرێنەوە وەكو پێشوو، تەنانەت كەلوپەلەكانی ناو ماڵیشیان بۆ دابین دەكرێت، چونكە حكوومەتی ھەرێم بڕیاری داوە كە پێویستە ھیچ كەموكوڕییەكیان نەبێت و تەواوی كێشەكانیان چارەسەر بكەن”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
