زانیاریێن گرنگ لدۆر مووچێ ههيڤا 12 يێ فەرمانبەران
باسنيوز:
هەندێك كەس و پێگەی سەر بە لایەنە شكستخواردووەكان و پێگەكانی سەر بە تاقمێكی دەركراوی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پاشەكەوت دەكرێت.
بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، ئەوانەی ئەم دەنگۆیە بڵاو دەكەنەوە، پاساوەكەیان ئەوەیە گوایە هێشتا پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەران كۆتایی نەهاتووە.
بە قسەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، پرۆسەی دابەشكردنی مووچە پشت بە چەند سەرچاوەیەكی داهات دەبەستێت كە بریتین لە (داهاتی نەوت، داهاتی ناوخۆ، پاڵپشتیی دارایی هاوپەیمانان و ئەو 200 ملیار دینارەی لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت).
لەبەر ئەوەی تا ئەمڕۆش كە 15ی 12ی 2021ە، ئەو 200 ملیار دینارە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان نەكراوە، پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بە سستی بەڕێوە دەچێت، ئەمە جگە لە نەگەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی وەك هەموو مانگەكانی پێشوو.
لەمبارەیەوە ڕۆژی 13ی 12ی 2021، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: “هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندیی ناردنیان 200 ملیارەكەیان دەركردووە، بەڵام بە هۆكارێكی تەكنیكی دواكەوتووە”.
ئەوەشی روون كردبووەوە كە تەنانەت تا ئێستا “وەزارەتەكانی حكوومەتی عێراقیش تەمویل نەكراون، بۆیە 200 ملیارەكەش نەنێردراوە بۆ لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق تاوەكوو رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بكرێ”.
فارس عیسا جەختی لەوە كردەوە كە هیچ كێشەیەكی سیاسی نییە رێگر بێت لە ناردنی 200 ملیار دینارەكە و “هەموو رەزامەندییەكی هەیە و نووسراویش هەیە و رێكارەكانیشی تەواو كردووە، تەنیا ئەوەی هەیە وەزارەتی دارایی تەمویلی هیچ لایەكی نەكردووە”.
ئەمە لە كاتێكدایە كە مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق، لە 8ی 11ی 2021، بە كردەیی 200 ملیار دینارەکەی خستە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان و لە 11ی مانگدا پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 تەواو کرا.
بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، تا ئێستا هیچ بڕیارێك لەبارەی مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەران نەدراوە و ئەگەر بەغدا 200 ملیارەكە بنێرێت، لە ئایندەیەكی نزیكدا پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 كۆتایی دێت.
چاودێران پێیانوایە ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی پێنەدانی مووچەی مانگی 12 بڵاو دەكرێنەوە، بە مەبەستی دروستكردنی دڵەڕاوكێیە لە نێو فەرمانبەران و ئامانجەكەش ململانێی سیاسییە لە لایەن دەستە و تاقمە سیاسییە شكستخواردووەكان.
پێشتر بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەختیان لەوە كردۆتەوە كە مانگانە لە 25ی هەر مانگێك، دابەشكردنی مووچە دەست پێ دەكات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی