بزاڤێن ب جينۆسايد ناساندنا كۆمكوژيا ئێزديان ل پهرلهمانێ سوێسرا دئێنه كرن
K24 – هەولێر
پێشینازەیاسایەک کە واژووی 80 هەزار کەسی لەسەرە، بە مەبەستی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی دەبرێتە پەرلەمانی سویسرا. ئێستا هەوڵدەرێت پاڵپشتیی ژمارەیەک فراکسیۆنی ئەو پەرلەمانە بۆ ئەو پێشنیازە دەستبهێنرێت بۆ ئەوەی بکرێتە پڕۆژەیاسا.
ئەمڕۆ شەممە 8ـی تەممووزی 2023، حەسۆ هورمی، سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدیی بۆ نەهێشتنی جینۆسایدەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ژمارەیەک دۆست و چالاکوانی ئێزدی لە سویسرا لە رێگەی هەڵمەتێکی ئۆنڵاینەوە تــوانیویانە 80 هـــەزار واژوو کۆبکەنەوە و رەوانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بکەن، بۆ ئەوەی “تاوانەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی” بە جینۆساید بناسێنرێن.
بە گوتەی حەسۆ هورمی، هەرچەندە 80 هەزار واژووەکە براونەتە پەرلەمانی سویسرا، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، بۆ ئەوەی پێشینازەکە بکرێتە پڕۆژەیاسا، پێویستە ژمارەیەک فراکسیۆنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە پاڵپشتیی لێ بکەن.
سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدیی بۆ نەهێشتنی جینۆسایدەکان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، ئێستا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی پاڵپشتیی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی سویسرا بۆ ئەو پێشنیازە یاسایە بەدەستبهێنن و وەکو خۆی دەڵێت، ئەگەر کۆمەڵکوژییەکە بە جینۆساید ناسێندرا، لە داهاتوودا رێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانی هاوشێوە دەگیرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 19ـی کانوونی دووەمی 2023، پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند. بەوەش بووە چوارەم پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنێت. ساڵی 2016 پەرلەمانی فەرەنسا وەک یەکەم پەرلەمان تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدیی بەجینۆساید ناساند. دواتر پەرلەمانی وڵاتانی هۆڵەندا و بەلجیکاش ئەو هەنگاوەیان نا.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 135 هەزار ئاوارەی شەری داعش لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کە نزیکەی 25 کەمپن و بەشێکی هەرە زۆریان لە پێکهاتەی ئێزیدین. وەکو بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دووپاتیدەکەنەوە؛ پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان بە ڕێککەوتننامەی شنگالەوە بەستراوەتەوە کە تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و هێزە چەکدارەکانی ئەو شارە وەکو رێگر لەبەرامبەر گەڕانەوەی ئاوارەکان تۆمەتبار دەکەن.
رۆژی هەینی 7ـی تەممووزی 2023، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتەکەیاندا بۆ گەڕانەوەی ئاوەرەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، 189 ئاوارەی ئێزدییان لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک گەڕاندووەتەوە زێدی خۆیان لە قەزای شنگال. پێشتریش 23ـی مانگی رابردوو، وەزارەتەکە رایگەیاندبوو، 108 ئاوارەی ئێزدیان لە دهۆکەوە گەڕاندووەتەوە بۆ ناوچەکانیان.
لە مانگی ئابی ساڵی 2014 رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوای پەلاماردانی ژمارەیەک پارێزگای عێراق؛ هێرشیکردە سەر قەزای شنگال و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لەژێر کۆنتڕۆلیدا مایەوە. داعش زیاتر لە سێ هەزار و 200 کوردی ئێزیدی کومەڵکوژ کرد و نزیکەی حەوت هەزاری دیکەشی رفاند، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون.
نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزیدی، کە سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە؛ لە دوایین ئاماریدا ئاماژەی بەوە داوە، تا ئەمڕۆ زیاتر لە سێ هەزار و 500 کودی ئێزیدی رزگارکراون لەکاتێکدا تا ئێستا نزیکەی سێ هەزاری دیکە کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتن، بێسەروشوێنن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی