“ھەولێر و بەغدا لسەر كێشهيا شنگال رێککەفتن”
دهۆک-KDP.info-
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، لەسەر پرسی شنگال و ئیدارەی نوێ لەگەڵ حکوومەتی عێراق گەیشتوونەتە تەفاهووم و ڕێککەوتن و بەم زووانەش جێبەجێی دەکەن. ڕاوێژکارێکی کاروباری ئێزدییان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەڵێت، لە پەیامی سەرۆکی حکوومەتدا هیوای زۆر دەبینرا و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتیوانی جددیی کێشەی شنگال و شنگالییەکانە، ئەمەش خاڵێکی گرنگی ئەم کابینیەیە.
دوێنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: “شنگال بە بەشێكی دانەبڕاوی کوردستان دەزانین و لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش قسەمان کردووە. لە ڕووداوەکانی ٢٠١٧ـدا بە ڕەزامەندیی خەڵکی شنگال و نەمانەویست ڕووبەڕووی شەڕ ببینەوە، ئیدارەیان کشاندەوە.”
شێخ شامۆ، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت، دەربارەی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەت لە پەرلەمان دەشڵێت: “سەرۆکێ حکوومەت، مەسروور بارزانی، لە سەرەتای دەستکردن بە کابینەکەیەوە موکڕە لەسەر چارەسەرکردنی ڕەوشی شنگال و دوێنیش لە پەرلەمان ئاماژەی دا ئەوان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەکردنی کێشەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان و لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێک کەوتوون.”
سەرۆکێ حکوومەت ڕایشیگەیاند: “بەداخەوە جگە لەوەی حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە هاوکاریی خەڵک شنگال بکات، بووەتە میوانداری خەڵکانی تریش، کە تەنیا و تەنیا نەهامەتی و ناخۆشییان بۆ خەڵکی شنگال هێناوە.”
شێخ شامۆ، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتە بۆ کاروباری ئێزدییان و دەڵێت: “لە ڕوانگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کێشەی شنگال دەبێ لەدەست شنگالییەکاندا بێت، ناکرێ هەندێک هێز و گرووپی نایاسایی دەست بەسەر شنگالدا بگرن و خودی شنگالییەکان ببنە قوربانیی ململانێ و ناکۆکییەکانیان.”
ئەو ئاماژەی دا: “دەبێ ئیدارەییک لەسەر ڕازیبوونی زۆرینەی شنگال پێک بهێنرێت، ناکرێ لایەنێک کە خۆی سەپاندووە لە شنگال ئیدارەیەکی ناشەرعی و نایاسایی لەسەر ئێزدییەکان بسەپێنێت، شنگالییەکان کێ هەڵبژێرن ئەو دەبێ ئیدارەی شنگال بکات.”
سەرۆکێ حکوومەت گوتی: “بە جینین پلاستخارتمان گووتووە، بڕیاری خەڵکی شنگال لەدەست تەواوی خەڵکی شنگالدایە نەک تەنیا ئەوانەی ئێستا لە شنگالن، بەڵکو زۆرینەیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندان و دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی