ئه‌یلول 19, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

عەبادی:دەوله‌تا ب ناڤێ داعش ب داوى هات

عەبادی:دەوله‌تا ب ناڤێ داعش ب داوى هات
رووداو – بەغدا

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە ناڕاستەوخۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رادەگەیێنێ و دەڵێت: تەقاندنەوەی مزگەوتی نووری و منارەی حەدبا لەلایەن داعش و دواتر کۆنترۆڵکردنەوەیان بەڵگەی ئەوەیە کە بەناو دەوڵەتەکەی داعش کۆتاییهات.

عەبادی کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک راشیگەیاندووە: بەردەوام دەبین تاوەکو چەکدارانی داعش دەکوژرێن و بەدیل دەگیرێن و لە عێراق کۆتاییان دێت.

رۆژی پێنجشەممە 29-6-2017، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی مزگەوتی نووری، منارەی حەدبا، سەراچخانە، مزگەوتی کەرار و نەخۆشخانەی بەتول لە بەری راستی موسڵ، وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، تەنها ناوچەیەکی کەمی لەدەست داعش ماوە.

هەروەها عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت لەڕووی سەربازییەوە موسڵ کۆنترۆڵکراوەتەوە. میدیای فەرمی عێراقیش دەڵێت دەوڵەتی خەلافەت لە عێراق کۆتاییهاتووە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 21-6-2017، منارەی حەدبا و مزگەوتی نووری لەلای راستی موسڵ تەقێندرانەوە. عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقیش لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەی هەردوو شوێنە مێژووییەکەی خستە ئەستۆی چەکدارانی داعش.

مزگەوتی نووری، ئەو مزگەوتە بوو کە ئەبوبەکر بەغدادی دوای کۆنترۆڵکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە لە حوزەیرانی 2014ـدا، گوتارێکی هەینی تێدا پێشکەشکرد و خەلافەتی داعشی تێدا راگەیاند.

مزگەوتی نووری یاخود مزگەوتی گەورە، یەکێکە لە مزگەوتە مێژووییەکان، دەکەوێتە لای راست (رۆژئاوا)ی موسڵ، ئەو ناوچەیەی کە مزگەوتەکەی لێیە پێی دەگوترێت گەڕەکی مزگەوتی گەورە.

مزگەوتەکە لە سەدەی شەشی کۆچی لەلایەن نووردەین زەنگی دروستکراوە، تاوەکو ئێستاش چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە. مزگەوتەکە لەسەر شێوازی تەلارسازی زەنگی و لەسەر رووبەری 5850 مەتر چوارگۆشە دروستکراوە.

ئەو مزگەوتە، بە منارە مێژووییەکەشی بەناوبانگە، پێیدەگوترێت منارەی حەدبا، کە منارەیەکی تاڕادەیەک لار بووە، زۆرجار ناوی موسڵ لەگەڵ ناوی ئەو منارەیە دێت و پێیدەگوترێت موسڵی حەدبا، پێشتر منارەی درێژیان پێدەگوت بەوپێیەی بەرزترین منارە بووە لە عێراقدا.

ئەو منارەیە، پێشتر لەژێر هەڕەشەی رووخاندبوو، چەندجارێک هەوڵدراوە نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکانیان لە ئاستی پێویست نەبووە، بەهۆی گرنگییەکەیەوە، وێنەی منارەی حەدبا لەسەر پارەی 10 هەزار دیناری دانراوە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi