كانونی دووه‌م 03, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

زیانێن راگرتنا نەفتا هه‌رێما کوردستانێ نێزیكی پێنج ملیار دۆلارانه‌

زیانێن راگرتنا نەفتا هه‌رێما کوردستانێ نێزیكی پێنج ملیار دۆلارانه‌

رووداو دیجیتاڵ

تورکیا و عێراق دەستیان بە گەڕێکی دیکەی دانوستاندن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان کردووەتەوە. وەزیری نەوتی عێراق لە تورکیا و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە عێراقە، ئەمەش لە کاتێکدایە زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێنج ملیار دۆلار نزیک دەبێتەوە.

رۆژی 25ـی ئابی 2023، پێنج مانگ بەسەر بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان و کەرکووک بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس تێدەپەڕێت، بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو زیانانە؛ دەردەکەوێت قەبارەکەی دەگاتە چوار ملیار و 758 ملیۆن و 160 هەزار دۆلار.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیە 16 تریلیۆن و 600 ملیار دینار دەبێت، زیاتر لە 10 ملیار و 660 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بە هەژمارکردنی بەهای دۆلار بە 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار، بەو پێیە ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی راگرتنی نەوتەوە بەر کوردستان و عێراق کەوتووە، لە بودجەی پێنج مانگی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەی عێراق زیاترە.

رۆژی سێشەممە، 22-8-2023، زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی زۆری بۆ عێراق بەگشتی هەیە، چونکە ئەو داهاتانە بڕێکی زۆرن و دەکرا بەو پارەیە زۆر پڕۆژە بکرابان، ئەو بابەتە لە گفتوگۆکانی نێوان عێراق و تورکیا چڕبووەتەوە، ئومێد دەکرێت بەشێوازێکی رێکوپێک و بە رەزامەندیی هەردوو وڵات و هەرێمی کوردستان دەست بە هەناردەی نەوتی کیڵگەکانی کوردستان و کەرکووک بکرێتەوە.”

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، چاوەڕوان دەکرێت رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق ئەو بابەتە رێکبخات و هەموو کێشەکانی چەند ساڵەی رابردووی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند و هاوکات ئەو کێشانەی لەو کەرتە و لە پارێزگاکانیش هەیە چارەسەر ببێت.

زیانەکانی مانگی ئاب: 963 ملیۆن و 356 هەزار دۆلار

هێشتا مانگی ئاب زیاتر لە یەک هەفتەی ماوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامارەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتەکەی کە هەموو کۆتایی مانگێک دەیکات رانەگەیاندووە، هەرچەندە بەهای جیهانیی بەرمیلی نەوت لەم مانگەدا بەرزبووەتەوە، بەڵام بە ئەژمارکردنی هەمان نرخی مانگی رابردوو، کە 77 دۆلار و 69 سەنت بووە، ئەوا ئەو زیانەی لە راگرتنی هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەوێت لەو مانگەدا دەگاتە 963 ملیۆن و 356 هەزار دۆلاری ئەمریکی.

وەزارەتى نەوتى عێراق ئامارى هەناردە و داهاتى نەوتى بۆ مانگى تەممووز بڵاوکردەوە، لەو مانگەدا 106 ملیۆن و 755 هەزار و 169 بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە، داهاتى نەوتى هەناردەکراوى مانگى تەممووز، کە نرخى هەر بەرمیلێکى 77.69 دۆلار بووە، هەشت ملیار و 293 ملیۆن دۆلار بووە.

تێکڕاى ئەو نەوتەی کە رۆژانە عێراق لە مانگى تەممووزدا هەناردە کراوە، سێ ملیۆن و 444 هەزار بەرمیل بووە.

بەو پێیە، ئەگەر هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بەبڕی 77 دۆلار و 69 سەنت هاوشێوەی نەوتی عێراق بفرۆشرابووایە، ئەوا داهاتەکانی نەوتی کوردستان رۆژانە 31 ملیۆن و 76 هەزار دۆلار دەبوو، کە سەرجەمی داهاتەکانی ئەو مانگە دەکاتە 963 ملیۆن و 356 هەزار دۆلاری ئەمریکی.

رۆژی سێشەممە، 22-8-2023، د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری وزە لەبارەی زیانەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “زیانەکان زۆرن، راستە لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی کوردستان راگیراوە، بەڵام لە رۆژی 4ـی نیسانەوە رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند کرا کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) نەوت هەناردە بکات، بۆیە لەو کاتەوە زیانەکان بەر عێراقیش کەوتوون.”

ئەو پسپۆڕە باسی لەوەش کرد، “بەپێی زانیارییەکان تورکیا شەش مەرجی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان هەیە، یەکێکیان لابردنی بڕی ئەو 1 ملیار و نیو دۆلار قەرەبووەیە کە بەپێی دادگەی نێوبژیوانیی پاریس دەبێت تورکیا بە عێراقی بدات، بەڵام خۆ ئێستا زیانەکان زۆر لەو بڕە زیاتر بووە، سەروو 4 ملیار دۆلارە، یەکێکی دیکە لە مەرجەکان ئەوەیە عێراق سکاڵایەک بکێشێنێتەوە کە لەسەر هەمان بابەت لە تورکیای کردووە، بۆیە بە ئاسانی نابینم هەردوو وڵات لەو بارەیەوە بگەنە رێککەوتن.”

لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەى یاساى بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات بەمەبەستى هەناردەکردنى یان بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی.

زیانەکانی مانگی حوزەیران: 861 ملیۆن دۆلار

داهاتە نەوتییەکانی مانگى حوزەیرانى ئەمساڵی عێراق حەوت ملیار و 179 ملیۆن دۆلار بووە؛ لە رێگەی هەناردەکردنی بڕی 100 ملیۆن و 52 هەزار و 59 بەرمیل نەوت.

لەو مانگەدا هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە تێکڕا بە 71 دۆلار و 75 سەنت فرۆشراوە، واتە ئەگەر 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا بەپێی بەهای نەوتی فرۆشراوی ناوچەکانی دیکەی عێراق فرۆشرابووایە، ئەوا رۆژانە 28 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بۆ داهاتەکانی عێراق زیاتر دەبوو، کە لەو مانگەدا دەیکردە 861 ملیۆن دۆلار.

راگرتنی نەوتی کوردستان کاریگەریی لەسەر بیر و کێڵگە نەوتییەکان و ئەو نەوتەش دادەنێت کە لەو بیرانەوە بەرهەم دەهێنرێن، شارەزایانی بوارەکە دەڵێن “ئەگەر (راگرتنی دەرهێنانی نەوت) زۆرتر بکێشێت، کوالێتیی نەوتەکە دادەبەزێت”.

بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەو بڕە 400 هەزار بەرمیلی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دەبێت، بەهای بەرمیلێک نەوتیش بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە.

بڕیارە لە کۆبوونەوەی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە تورکیا کە لە دوێنێ دووشەممەوە لەو وڵاتەیە، لەگەڵ کۆبوونەوەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق کە بڕیار ئەمڕۆ سێشەممە بگات، بابەتی نەوتی کوردستان تەوەرێکی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان دەبێت.

زیانەکانی مانگی ئایار: 857 ملیار دۆلار

مانگی ئایاری ئەمساڵ، عێراق لە فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراوییەوە 7 ملیار و 324 ملیۆن و 641 هەزار دۆلاری دەستکەوتووە، ئەو داهاتە لە فرۆشتنی 102 ملیۆن و 463 هەزار و 387 بەرمیل نەوت بووە لەو مانگەدا، بەهای تێکڕای فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوت 71 دۆلار و 48 سەنت بووە.

بە هەژمارکردنی 400 هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر لەو مانگەدا نەوتی کوردستان هاوشێوەی بەهای نەوتی عێراق بفرۆشرابا و هەناردەکرابا، ئەوا ئەو داهاتانەی عێراق و کوردستان لە رۆژێکدا دەستیان دەکەوت 28 ملیۆن و 592 هەزار دۆلار دەبوو، واتە کۆی ئەو داهاتەی لەو مانگەکدا بەدەست دەهات بڕی 857 ملیۆن و 760 هەزار دۆلار دەبوو.

زیانەکانی مانگی نیسان: 936 ملیۆن و 600 هەزا رۆلار

بە درێژایی مانگی نیسان، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرابوو. عێراق لەو مانگەدا 98 ملیۆن و 634 هەزار و 947 بەرمیل نەوتی بە بەهای 7 ملیار و 699 ملیۆن و 272 هەزار دۆلار فرۆشتووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە 78 دۆلار و 5 سەنت فرۆشتووە، زیانەکانی رۆژانەی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا رۆژانە 31 ملیۆن و 220 هەزار دۆلار بووە، کە لە مانگێکدا دەکاتە 936 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار.

هەرچەندە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای پێنج مانگ هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.

زیانەکانی شەش رۆژی مانگی ئادار: 176 ملیۆن و 88 هەزار دۆلار

بەپێی یاسای بودجەی عێراق؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لە مانگی ئاداردا عێراق هەر بەرمیلێک نەوتی بە 73 دۆلار و 37 سەنت فرۆشتووە، بەو پێیە لەو شەش رۆژەی ئەو مانگەدا دەبووایە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردبا، رۆژانە 29 ملیۆن و 348 هەزار دۆلار زیانی لێکەوتووە، کە کۆی زیانەکانی لەو شەش رۆژەدا دەگاتە زیاتر لە 176 ملیۆن و 88 هەزار دۆلار.

بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـى حوزەیران کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات کە یان بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکارى دەهێنێت وەکو یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە، کە زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi