کۆمبوونا گۆپيتكا ناتۆ ل پۆلەندا دەستپێکر
رووداو- هەولێر
رۆژی هەینی 8-7-2016 و لەکاژێر 10-ی پێش نیوەڕۆ لوتکەی رێکخراوی ناتۆ لە پایتەختی پۆڵەندا دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژیش بەردەوام دەبێت.
سەرانی هەر 28 وڵاتەکەی ئەندام لە رێکخراوەکە لە وارشۆ کۆدەبنەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی ئەو هەڕەشانەیە رووبەڕووی ناتۆ بونەتەوە.
58 شاندی فەرمی و 2500 بەرپرسی سەربازی و هەواڵگری لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبن، یەنز ستۆلتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند: “هەڕەشەکان زۆر گەورەتربوون، بۆیە ناتۆ تواناکانی خۆی بەهێزتردەکات تاوەکو بەرەنگاری هەڕەشەکان ببێتەوە”.
یەنز ستۆلتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند: “لە رووی ئەمنییەوە لە ساتێکی هەستاردا دەژین، جیهان مەترسیدارترە لە ساڵانی پێش ئێستا. ناتۆ ئامادەیە وەڵامی هەڕەشەکان بداتەوە، ژمارەی هێزەکانی ناتۆ سێ ئەوەندە زیادیکردووە، بارەگا و فەرماندەییەکی نوێمان دامەزراندووە، تەکنەلۆجیای مووشەکمان پێشخستووە تاوەکو بەرەنگاری هەڕشەکان ببینەوە. هەنگاوی جیدیتر دەنێین بۆ نوێکردنەوەی تواناکانی بەرگری هاوبەش”
بەهۆی ناکۆکییەکانی ئۆکرایناوە، رووسیا بە گەورەترین هەڕەشە لە سەر ئەوروپا دادەنرێت. ئەنگیڵا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، رووسیا هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات دەکات.
هاوکات مێرکڵ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەڵمانیا دەتوانێت رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان رووسیا و ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بگێڕێت، هەروەکو چۆن لەسەردەمی جەنگی سارد کاری بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە کرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
