ئيرۆ55 سال ب سهر شۆرهشا ئهیلول دا دهرباز بوون
ZNA- ههولێر
ئەمڕۆ 11ـی ئەیلوولی 2016، 55ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلی کوردستانی باشوورە، کە سەرکەوتوو بوو لە بەدیهێنانی ئامانجەکەی.
رۆژی 11ـی ئەیلوولی 1961، گەلی کوردستانی باشوور، شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی رژێمی عێراق و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان، هەڵگیرساند.
مستەفا بارزانی، باوکی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان، رابەرایەتیی شۆڕشەکەی دەکرد و توانی خەڵکی کوردستان بە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانەوە لە دەوری شۆڕش کۆ بکاتەوە.
دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1958 کودەتای سەربازی لە عێراق کرد و رژێمی حوکمڕانیی پاشایەتی لە عێراق بۆ رژێمی کۆماری گۆڕی، بەڵێنی پێدانی مافەکانی بە گەلی کوردستان دا و داوای لە مستەفا بارزانی کرد له روسیاوه بگەڕێتەوە، بەڵام دوای نزیکەی سێ ساڵ، عەبدولکەریم قاسم و رژێمەکەی لە پێدانی مافەکان بە گەلی کوردستان پەشیمان بوونەوە.
بەهۆی پەشیمان بوونەوەی رژێمی عێراق لە بەڵێنەکانی، مستەفا بارزانی دەست پێکردنی شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی رژێم و حکوومەتی عێراق راگەیاند.
شۆڕشی ئەیلوول توانی بە نۆ ساڵ چۆک بە رژێمی عێراقدا بێنێت و ناچاری بکات دان بە مافەکانی گەلی کوردستان بنێ، بەمەش ئامانجی شۆڕشەکە، کە حوکمی زاتی بوو بۆ کوردستان بەدی هات و سەرکەوتوو بوو.
لە رۆژی 11ـی ئاداری 1970، شۆڕشی کوردستانی باشوور و رژێمی عێراق رێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد، کە تێیدا دان بە مافە سیاسی، ئابووری و رۆشنبیرییەکانی گەلی کوردستان هات و سیستەمی حوکمی زاتی (خۆڕێبەریی لە چوارچێوەی عێراق) بۆ کوردستان دامەزرا.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
