سێ کورد بۆ دانوستاندنێن ئەستانا هاتنه بانگهێشتكرن
رووداو – هەولێر
سێ کورد بۆ كۆبوونەوەی ئەستانا بانگهێشتكراون، كە بەنێوەندگیری رووسیا، توركیا و ئێران لەنێوان حكومەت و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریا بەڕێوەدەچێت و، تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتووی سووریا و دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان.
عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا و ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند “دوای کۆبوونەوەکانی 9-1-2017ی شاندێکی راوێژکاری لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ بانگهێشتکردنمان دیاریکراوین بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی ئەستانای تایبەت بە دۆخی سووریا، پاشان بانگهێشتنامەمان پێگەیشت”.
ئیبراهیم برۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە، عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا و ئەندامی سەرکردایەتی ئەنەكەسە، لەگەڵ دەروێش میرکان (وەک راوێژکار) بۆ كۆنگرەكە بانگهێشتكراون، کە بڕیارە رۆژی 23-1-2017 لە ئەستانای پایتەختی كازاخستان بەڕێوەبچێت.
عەبدولحەکیم بە رووداوی راگەیاند “ئەگەر لە کۆبوونەوەی ئەستانادا باسی بابەتە سیاسییەكان بكرێت، ئێمەش باسی پرسی کورد دەکەین، بەڵام ئێمە بەناوی شاندی ئۆپۆزیسیۆن بەشداری کۆبوونەوەكە دەكەین، چونکە هەموو لایەنە دژبەرەکانی سووریا وەک شاندێک بەشداری دەكەن”.
لەبارەی بەشداری پەیەدە تاوەكو ئێستا مۆسكۆ بێدەنگە، بەڵام ئەنقەرە لەڕێگەی وەزیری دەرەوە بەشداری پەیەدەی بەهەموو شێوەیەك رەتكردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو گرووپە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ پەكەكەدا نییە، بەگوتەی بەرپرسانی توركیا، پەیەدە و یەپەگە هەوڵی پارچەکردنی سووریا دەدەن، ئەنقەرەش دەیەوێت یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزێ.
چەند رۆژێك پێش ئێستا مارک تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێكدا بەپێویستی زانی پەیەدەش بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی سووریا بەشداربێت، بەڵام مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا كاردانەوەی تووندی هەبوو و رایگەیاند “کەواتە ئەمریکا با داعشیش بانگهێشت بکات”.
لەمبارەیەوە مەحموود ئەفەندی، سەرکردە لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “زۆر بەداخەوە ئەنقەرە پەیەدەی دوورخستووەتەوە، هاوکات مەرجی داناوە بۆ ئەوەی پەیەدە لە بڕیاری ئاگربەست بەدەربێت، بەداخەوە ئەمە ئاستەنگ دروست دەکات و پێویستە پەیەدە و هەموو گرووپە چەکدارییەکان بەشداربن”.
بڕیارە 23ی ئەم مانگە لە شاری ئاستانای پایتەختی كازاخستان، كۆبوونەوەیەك لەنێوان حكومەتی سووریا و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئەو وڵاتە، بە نێوەندگیری رووسیا، توركیا و ئێران بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتووی سووریا و دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان سازبكرێت.
دوایین رۆژەكانی ساڵی رابردوو رووسیا و توركیا ئاگربەستی گشتگیریان لە سووریا راگەیاند و حكومەت و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەستەكە دووپاتكردەوە، ئاگربەستەكەش لە كاژێر 12:00 ی 31-12-2016 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و تەنیا گرووپە تووندئاژۆكانی وەك داعش و بەرەی نووسرە ناگرێتەوە.
كۆتایی ساڵی رابردوو رووسیا، توركیا و ئێران رێككەوتنی پێشوەختیان لەسەر دۆخی سووریا لە هەشت خاڵدا راگەیاند، ئێستاش بۆ چارەسەری كۆتایی قەیرانەكە، لایەنەكانی نەیارەكانی سووریا لە ئەستانە رووبەڕووی یەكدی دەكەنەوە.
جیاوازییەکی سەرەکی گفتوگۆی ئەمجارەی قەیرانی سووریا ئەوەیە، پەیوەندی تورکیا و رووسیا لە لووتکەدایە، لەكاتێكدا لە پێنج ساڵی رابردوودا ئەو دوو وڵاتە هەمیشە رای جیاوازیان هەبوو لەبارەی قەیرانی سووریا و ئەو لایەنانەی بەشداری گفتوگۆكان دەكەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
