چارەسەريهكا نوو بۆ جەلتا مێشكى دئێته ديتن
رووداو-سلێمانی
بەو زووانە دامەزراوەی تەندروستی نیشتیمانیی بەریتانی چارەسەرێكی نوێ دەخاتەڕوو كە بەشێك لە تووشبووان بە جەڵتەی مێشك دەگێڕێتەوە بۆ باری ئاسایی، ئەوەش بەپێی هەواڵی رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی.
چارەسەرە نوێیەكە بە لابردنی كڵۆخوێنی نێو بۆڕییە خوێنبەرەكانی مێشك دەبێت و لە هەموو نێوەندە پسپۆڕییەكانی چارەسەری جەڵتەی مێشك لە بەریتانیا دەكرێتەوە.
پزیشكان دەڵێن ئەو چارەسەرە نوێیە بژاردەی چاكبوونەوە دەخاتە بەردەم بەشێك لەو كەسانەی جاران بەهۆی جەڵتەی مێشك دەمردن یان بۆ هەتاهەتایە بە پلەی جیاواز ئیفلیج دەبوون.
لە چارەسەرە نوێیەكەدا، بۆڕییەك لە بنی رانەوە دەخرێتەنێو سووڕی خوێن و رێبەری دەكرێ تاكو دەگاتە مێشك و بەردەم كڵۆ خوێنەكە، لەوێدا كڵۆكە هەڵدەمژرێت بۆ نێو بۆڕییەكە یان بە وایەرێكی بچووك هەڵدەوەشێندرێ.
دەگوترێ ئەو رێگەچارە نوێیە بۆ ئەو كەسانە زۆرتر بەسوودە كە كڵۆی گەورەی ئەوتۆ لە بۆڕییەكانی مێشكیان نییە كە ئاستەمە بە دەرمان بتوێندرێتەوە.
د.سانجیڤ نایاك، پزیشكی راوێژكار لە زانستی دەمارەكان، كە هەر خۆیشی لە پێشەنگانی ئەو رێگەچارە نوێیەیە، بە سەندەی تایمزی گوتووە “ئەوە دەبێتە یەكێك لە 10 داهێنانی هەرە گەورەی دەیەی رابردوو”.
توێژینەوەكان دەریانخستووە ئەو رێگەچارە نوێیە دەتوانێ رێژەی ئەو تووشبووانەی جەڵتە كە سێ مانگ دوای نەخۆشكەوتنیان سەربەخۆیانە و بێ هاریكاری كەس دەتوانن ژیانێكی ئاسایی بەرێبكەن بەڕێژەی 19-35% زیادبكات.
بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەی جەڵتەی مێشك لە بەریتانیا، ساڵانە لەو وڵاتە 100 هەزار كەس جەڵتەی مێشك لێیان دەدات.
لە بەریتانیا جەڵتەی مێشك چوارەم هۆكاری مردن و یەكەم هۆكاری پەكخستنی مرۆڤە، هەروەها 66%ی ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشك دەبن لە بەریتانیا بە جۆرێك لە جۆرەكان پەكیان دەكەوێ.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
