هەموو تشتهک دەربارەی پاراسیتامۆل
رووداو- پزیشكی تۆ
پاراسیتامۆل ئەو دەرمانەى کە زۆربەى خەڵکى ئاشناى ناوەکە و تەنانەت کەم تا زۆر شارەزاى بەکارهێنانیشین، رەنگە دەگمەن بن ئەو کەسانەى کە گوێبیستى ناوەکەى نەبووبن، لاى بەشێکى زۆرى هاوڵاتیان زۆر جار بە حەبى ژانەسەر بان حەبى سەرئێشە ناودەبرێت.
لە رووى زانستیەوە پاراسیتامۆل ناوە زانستیەکەى بریتیە لە ئەسیتامینۆفین (Acetaminophen) دەرمانێکە بە شێوەیەکى گشتى بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەى ئازاری وەک ژانەسەر، پشتئێشە، ژانى ئەژنۆ، ئازارى دواى ئەنجامدانى نەشتەرگەرى، ددان ئێشە و چەندین ئازارى تر، هەروەها بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنى بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى لەش (تا)، هەروەک لەگەڵ دەرمانى دیکە دەتوانرێت سوودى لێببیندرێت بۆ چارەسەرکردنى هەڵامەت و سەرماپەتا.
پاراسیتامۆل جگە لە شێوەى حەب بە چەندین شێوەى دیکە بەرهەمدەهێنرێت بۆ ئەوەى بگونجێندرێت بە گوێرەى تەمەن و جۆر و رادەى نەخۆشیەکە، بۆ نموونە بۆ منداڵان بە شێوەى شەراب و شاف بەرهەمدەهێنرێت، هەروەها پاراسیتامۆل بە شێوەى دەرزیش بەرهەمدەهێنرێت کە دەتوانرێت بۆ تەمەنى گەورە و نەنانەت مناڵانیش سوودى لێ وەربگیرێت بە گوێرەى نەخۆشیەکە، جگە لەمانە پاراسیتامۆل کە بە شێوەى لەزگە و حەبى هەڵچووى ناو ئاویش بەرهەم دەهێنرێت.
سەرەتاى دۆزینەوەى پاراسیتامۆل دەگەرێتەوە بۆ ساڵى 1877 لە کاتى ئێستادا لە لیستى رێکخراوى تەندروستى جیهانى بە یەکێک لە دەرمانە گرنگ و پێویستەکان هەژماردەکرێت.
پاراسیتامۆل بە گشتى لە جیهان و تەنانەت لە کوردستانیش بە چەندین ناوى دیکە ناسراوە کە ناوى بازرگانى کۆمپانیاکانى دەرمانن بۆ نموونە پانادۆل یان تایلۆل هەروەها چەندین ناوى دیکەش.
پاراسیتامۆل بە یەکێک لە سەلامەتترین دەرمانەکان دادەنرێت بە مەرجێک پابەند بى بە رێنماییەکانى پزیشک یان پزیشکى دەرمانساز.
حەبى پاراسیتامۆل پێکهاتووە لە 500مگم یان 250مگم هەروەها هەندێجار بە شێوەى 325مگم ، 650 مگم تەنانەت بە شێوەى 1000ملگم بوونى هەیە.
شێوازى بەکارهێنانى پێویستە رۆژانە دەنکێک وەربگیرێت کاتى ئازار وا باشترە دواى نان بێت، لە ماوەى 24 کاژێردا نابێت لە 4000 مگم زیاتر وەربگیرێت واتە 8 حەب، هەروەها لە یەک کاتدا نابێت لە دوو حەب زیاتر بەیەکەوە وەربگیرێت، چونکە رەنگە ببێتەهۆى ژەهراویبوون و کاریگەرى لاوەکى نەخوازراو.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
