“کۆریا باشوور سەنتەرهكێ راهێنانێ بۆ کارمەندێن هەرێمێ دێ ڤهكت”
هەولێر-KDP.info-
کونسووڵی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، کە لەمساڵدا وڵاتەکەیان سەنتەرێکی ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
(هوشیار سیوەیلی) بەرپرسی پێوەندییەكانی دەروەی پارتی دیموكراتی كوردستان پیشوازیی لە (پارك یۆنگ-كیۆ) كونسووڵی گشتیی كۆریای باشووری لە هەریمی كوردستان کرد.
(هوشیار سیوەیلی) سوپاسی گەلی كۆریای باشوور و حكوومەتی ئەو وڵاتەی كرد، بۆ ئەو هاوكاریانەی لە ٢٠٠٤وە پێشكەش بە هەریمی كوردستانیان كردووە. (سیوەیلی) بە گرنگییەوە باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان كوماری كۆریا و هەریمی كوردستانی كرد و ڕایگەیاند: هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە بواری پێشكەوتنی ئابووری و پیشەسازی و سەقامگیری و بەرەوپێشەوەچوونی بەردەوامدا سوود لە ئەزموونی كۆریا وەربگرێت. كۆریا و كوردستان لە ڕووی پارچەبونیان لە دەرەوەی خواستی خۆیان و چەندین نەهامەتییەوە میژوویەكی لێكچوویان هەیە, لەگەڵ ئەوشدا توانیویانە بەسەر بەربەست و ناخۆشییەكاندا زاڵ بن. كۆریا توانیویەتی ببێتە ئەكتەرێكی گرنگی ئابووری و پێشكەوتنی جیهان و لەو بوارانەدا خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە و ئومێدەوارین بتوانین لەو ئەزموونە سەركەوتووەوە فێر ببین.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئاماژەیشی دا: كۆریا لە بنیاتنانەوە و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا بۆ نوێبوونەوە و مۆدێرنكردنی كاروبارەكانی حكوومەت و ڕاپەڕاندنیاندا ئەزموونێكی سەركەوتووی هەیە. هیوادارین حكوومەتی كۆریا لە بواری كەمكردنەوەی ڕۆتینات و پێشخستن و نوێكردنەوەی سیستەمی ئەلكترۆنی بۆ جیبەجێكرنی كارەكانیدا، هاوكاریی هەریمی كوردستان بكات و ئەمەش دەبێتە هوكاری هاوكاریی زیاتر لەنێوان حكوومەت و هاووڵاتیدا.
(سیوەیلی) باسی لە كاڵای كۆریایی لە بازاڕەكانی هەریمدا كرد و گوتی, كاڵا كۆرییەكان بەشێكی زۆری بازاڕەكانی كوردستانیان بەركەوتووە، بۆیە داواكارین كارئاسانیی زیاتر بۆ هاتوچۆی نێوان هەریمی كوردستان و كۆریا لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا بكرێت. لە درێژەی ئەو دیدارەدا (سیوەیلی) باسی لە پێوەندییەكانی نێوان پارتە سیاسییەكانی كوردستان و ئەو گفتوگۆ بەردەوامانە کرد، کە بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان و دۆزینەوەی ڕێچارەیان لە ئارادان. جەنابی (سەرۆك بارزانی) بە پاڵپشتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و, بەشی زۆری لایەنە سیاسییەكان و هەمو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بڕیاریان داوە، ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن و، ئەنجامەكەیشی دەستپێكێکی تازە دەبێت لە پێوەندییەكانی نێوان هەریمی كوردستان و بەغدا و هەنگاونان بۆ سەربەخۆییی كوردستاندا. هەروەها بۆ شاندی میوانی ڕوون كردەوە، پێوەندیی سەربازیی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە و ئەو هەماهەنگییەش بووە هۆكاری زووتر تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش. جێی داخە حكوومەتی فیدراڵ سوودی لەو پەیوەندییانە وەرنەگرت و هیچ هەنگاوێكی نەنا, حكوومەتی فیدراڵ بەردەوامە لە بڕینی بەشەبوودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم. لە بەشێكی ئەو دیدارەدا باس لە پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ و ڕەوشی ئاوارەكان و دانیشتوانی ئەو ناوچانە کرا, کە هەرێمی كوردستان جێیەکی ئارام و دوور لە مەترسییە بۆ هەموو ئەو ئاوارانەی کە ڕوویان تێ كردووە، کە ئێستا ژمارەیان زیاتر لە ملیۆنێك و شەشسەد هەزار کەسە و, ئەم ژمارە زۆرەش فشارێكی زۆری خستووەتە سەر دامودەزگا خزمەتگوزارییەكانی هەرێمی كوردستان, داواكارین كومەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتر پێشكەش بە هەریمی كوردستان بكات.
(پارك یۆنگ-كیۆ), سوپاسی ئەو دیدارەی كرد و باسی گرینگیی هەماهەنگی و پێوەندییەكانی كرد و گوتی، حكوومەت و گەلی كۆریا لە زەحمەت و گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تێدەگەن، چونكە ئێمەش بە ئەزموونێكی هاوشێوەدا گوزەرمان كردووە, ئەوەش وای كردووە كە حكوومەتی ئێمە بڕیاری داوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات. بۆ ئەو كارەش لەمساڵدا سەنتەرێكی ڕاهێنان لە هەولێر دەكاتەوە، بە مەبەستی ڕاهێنانی كارمەندانی حكوومەتی و هاوكاریی زیاتری هەرێم دەكات لە ئەلكترۆنیكردنی سیستەمی دامودەزگا فەرمیەكانیدا. (یۆنگ-كیۆ) ڕایشیگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆ بەردەوام بن و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوانیاندا هەبێت, دیالۆگ تەنیا ڕێی گونجاوە بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ نێوخۆ و دەرەوەش. بیگومان جیاوازی هەر دەبێت، بەڵام پاراستنی بەرژەوەندییە هابەشەكان زیاتر و گرنگترن لە جیاوازییەكان. (یۆنگ-كیۆ) گوتیشی، حكوومەتی كۆریا لە هاوكارییەكان بەردەوام دەبێت و لە ئاوەدانكردنەوە و بنیادنانەوەی هەرێمی كوردستاندا ڕۆلێ دەبێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
