نێچیرڤان بارزانی پیرۆزباهيێ ل ماکرۆن و سوپاسی ئۆلاند دکت
رووداو – هەولێر
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی نوێی فەرەنسا دەکات و هیواخوازە پەیوەندییەکانی هەولێر و پاریس فراوانتر بکرێن.
رۆژی یەکشەممە 14-5-2017 لە پەیامێکی پیرۆزباییدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “بەناوی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بەبۆنەی هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونیهوه، پیرۆزبایی لە سەرۆکی تازەی فەرەنسا، بهڕێز ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم”.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، سەرکەوتنی ماکرۆن لە هەڵبژاردنەکانی فەرەنسادا، سەرکەوتنی هیوای ملیۆنەها هاووڵاتیی فەرەنسی و پتەوکردنی زیاتری بنەماکانی یەکێتیی ئەوروپا بوو، هەروەها گەشبینی بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و سەقامگیریی نیۆدەوڵەتی لەگەڵ خۆیدا هێنا.
سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی دەڵێت “سەرۆک ماکرۆن لەناوبردنی تیرۆری لە سەرووی لیستی کار و ئەرکەکانی دانا، هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا لە شەڕی دژ بە تیرۆردا پێشەنگە، دەخوازێت پەیوەندیی سیاسی و هەماهەنگیی سەربازی لەگەڵ فەرەنسا پتەوتر بکات، تاوەکو ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نائارامی بەخۆیەوە دەبینێت، بەرقەرار بێت”.
بە ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی كوردستان و فهرهنسا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت “لە میانی سەدەی رابردوودا، كاتێك گەلەکەمان لە ئازار و نەهامەتیدا بوو، فەرەنسا بە بەخشندەیی دەستی هاوکاری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان درێژکرد. هیوادارین لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئیمانوێل ماکرۆندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان فراوانتر ببن و زیاتر پەرەبسێنن”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فهرهنساشی کردووە، کە “سیاسەتێکی نێودەوڵەتیی سەرکەوتووی پەیڕەو کرد و پەیوەندییەکانی فەرەنسای لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر کرد”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
