رێڤهبهرێ گشتی يێ بەنداڤێن ھەرێمێ: چارەسهريا بەنداڤا مووسلێ دروستکرنا بەنداڤا بادوشە
ھەولێر- ZNA
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان و کۆگانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، “ئەکرەم محەمەد رەسول” لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە مەترسییەکانی رووخانی بەنداوی مووسڵ رایگەیاند “بەنداوی مووسڵ پێش دروستکردنیشی لە ساڵی ١٩٥٣ەوە ئەو کێشەیەی خراوەتەڕوو کە ئێستا ھەیەتی، کۆمپانیای ھازا توێژینەوەی جیۆتەکنیکی بۆ بەنداوەکە و شوێنەکەی کردووە ئەو مەترسییەی خستووە روو، ئیدی لە پێش تەواوبوون و لە تەواوبوونیشیدا لە تەمووزی ساڵی ١٩٨٦ مەترسییەکانی سەر ئەو بەنداوە خراوەتە روو، بەڵام کێشەکە مانای ئەوە نەبووە بڵێین مەترسی رووخانی ھەیە لە ئێستادا و رووخانی زۆر نزیکە، بەڵام ئەوەش راستییە مەترسیی رووخانی ھەیە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت و لێیگەڕێن، ئەم بابەتە زۆر باسکراوە و وۆرکشۆپ وسیمیناری زۆری بۆ کراوە”.گوتیشی: “کێشەی بەنداوی مووسڵ لە بناغەی بەنداوەکەیە و تا ئێستاش حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام ئیتاڵییەکان کاری باش دەکەن بە پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە مەترسییان لەسەرە و ئێستا سەرقاڵی کارکردنن تیایدا و کاری باشییان کردووە”.
سەبارەت بە ئەگەری رووخان یان نەڕووخانی بەنداوەکەش کە بە گەورەترین بەنداوی عێراق و یەکێک لە گەورەترین بەنداوەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ھەرێم دەڵێت “مەترسی رووخانی بەنداوی مووسڵ ھەیە، بەڵام لە ھەمان کاتدا ئەگەری ئەوەش ھەیە نەڕووخێت، بۆیە دەبێت بەردەوام پڕبکرێتەوە و کێشەکانی چارەسەر بکرێت، تەنھا چارەسەریش بۆ کێشەی بەنداوی مووسڵ دروستکردنی بەنداوی بادوشە کە ئەوە کاتی خۆی حکوومەتی عێراق پلانیشی بۆ دروستکردنی دانا و ئامادەکاریشی بۆ کرد و رێژەیەکیشی لێ دروستکرا، بەڵام بە ھۆی شەڕی کەنداوەوە راوەستا”.
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان و کۆگانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ژمارەی بەنداوەکان لە ھەرێمی کوردستان و گوتی: “لە پلانماندا ھەبوو ژمارەیەکی زۆر بەنداو دروست بکەین، بەڵام بە ھۆی قەیرانی دارییەوە بەشێکیان راوەستاون و کاریان تیایدا ناکرێت، ئێستا بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ٢٣ بەنداومان لە کارکردن تێیاندا راوەستاون، ژمارەی ئەو بەنداوانەشمان کە ھەن و تەواوبوون ١٧ بەنداون، ھەروەھا ٢٢ بەنداوی دیکەشمان لەژێر جێبەجێکردندان، لەگەڵ ئەوانەشدا ٢٨٠ لە پلاندان”.
ئەو بەرپرسە لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت “مەترسی کەمبوونەوەی ئاو لە ھەرێمی کوردستان لە ئارادا ھەیە و ھۆکارەکانیشی چەند دانەیەکن لە نێویاندا زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان، کەمبوونەوەی ئاو لەو دیوی سنوورەکان، دروستکردنی بەنداو لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە، پیسبوونی ئاو کە مەترسیی لەسەر ئاو ھەیە، لەگەڵ ئەوانەشدا کەمی ھۆشیاری ھاووڵاتییان ھۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمبوونەوەی ئاو”.
لەبارەی ئەوەشی کە بەشێک لە سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە دەگیرێتەوە و بەو پێیەش ئاوی ھەرێم کەمدەبێتەوە، ئەکرەم محەمەد رەسول گوتی: “وەکو حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ ئێران قسەمان کردووە، بەڵام مەسەلەی ئاو مەسەلەیەکی سیادییە و دەبێت حکوومەتی عێراق بێتە سەر خەت کە بە داخەوە ئەویش لەمبارەیەوە زۆر خەمساردە”.
لە کۆتایی قسەکانیشدا، ئەکرەم محەمەد گوتی: “رێژەی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ساڵانە دەگۆڕێت، بە گشتی قەبارەی ئاو لە ھەرێمی کوردستاندا لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ملیار مەترسێجا دەبێت”.
سەرچاوه: AA
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
