ئەلمانیا یاسايا كۆچكرنێ توند دكت

دوای پەسەندكردنی پرۆژەیاسایەك كە لەلایەن پارتی یەكێتی دیموكراتی كریستیان پێشكەشی پەرلەمان كرابوو، حكومەتی ئەڵمانیا دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی یاسای تازەی كۆچ، بەوهۆیەشەوە هەزاران كۆچبەر دیپۆرت دەكرێنەوە.
لەنێو ئەو كۆچبەرانەی بڕیارە دیپۆرت بكرێنەوە، چەندین كۆچبەری كورد هەن، یەكێك لەوانە دەڵێت: “ئەگەر بمنێرنەوە خۆم دەكوژم”.
عەلی عەبدوڵڵا، كۆچبەرێكی كوردە و ساڵێك و 18 مانگە لە ئەڵمانیا گیرساوەتەوە، دەڵێت “لەو ماوەیەدا هیچ نەماوە نەیكەم لە پێناوی ئەوەی باوەڕم پێ بكەن كە من كێشەم هەیە لە وڵاتەكەم و نابێت بگەڕێمەوە. من لێرە ژیانێكی تازەم بۆ خۆم دروست كردووە، بە شكستهێنانی ئەو ژیانە، تێدا دەچم”.
عەلی هەڕەشە دەكات و دەڵێت ئەگەر دڵنیا بێت دیپۆرت دەكرێتەوە، نایەوێ بە زیندوویی بگەڕێتەوە كوردستان و دەڵێت “خۆم دەكوژم”. لەو رۆژەوەی حكومەتی ئەڵمانیا بڕیاری داوە یاسای نوێی كۆچ جێبەجێ بكات، عەلی لە رەوشێكی دەروونیی ئاڵۆزدایە و ترسی هەیە پۆلیس دەستگیری بكات و دیپۆرتی بكاتەوە.
هەفتەی رابردوو تەرمی ئەو گەنجە كوردە گەیەندرایەوە كوردستان كە بەهۆی بڕیاری دیپۆرتكردنەوەی لە بەریتانیا خۆی كوشتبوو. هەروەها لە فینلاندیش، سێ كۆچبەر هەڕەشەی خۆكوشتنیان كردووە، ئەگەر حكومەت دیپۆرتیان بكاتەوە.
ئازاد چالاك، لەلایەن فەرمانگەی كۆچی ئەڵمانیاوە ئاگادار كراوەتەوە كە ئەو وڵاتە جێبهێڵێ. ئەو دەڵێت “هاوكارییە ماڵیەكانیان بڕیوم و بۆم هەیە تا سەری مانگ لەم شوقەیە بمێنمەوە”. ئازاد كە هاوڕێی عەلییە، دەڵێت “قیروسیا لە من، بەڵام دڵنیام هاوڕێكەم خۆی دەكوژێت، چونكە وەزعی زۆر خراپە”.
بەڕای چالاكڤانێكی بواری كۆچبەران، زیادبوونی هەوڵی خۆكوشتن لەلایەن كۆچبەرانەوە، نیشانەی ئەوەیە كە رەوشی ژیانی ئەوان گەیشتووەتە ئەوپەڕی خراپی. ئانالاند برێگت، بەڕێوەبەری رێكخراوێكی بواری كۆچبەرانە لە میونشنی ئەڵمانیا، دەڵێت “زیاتر لە دە كەیسی هەوڵی خۆكوشتنمان لایە، كۆچبەران لە ژیانێكی خراپدان”.
برێگت كە ئاگاداری كەیسی عەلییە، دەڵێت “هیچ پاساوێك نییە بۆ ناردنەوەی عەلی و 10 كۆچبەری دیكە كە من ئاگاداری دۆسیەكەیانم، بەڵام بەداخەوە ئەم یاسا نوێیە پێشێلكاریی زۆری بەرامبەر بە مافی كۆچبەران تێدایە”. گوتیشی: “لە مێژووی نوێی ئەوروپادا، ئەوە یەكەمجارە وڵاتانی ئەوروپا، بەو رەقییە مامەڵە لەگەڵ كۆچبەران دەكەن”.
چالاكڤانان و نوێنەرانی زۆر لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بە نیگەرانییەوە لە یاسای نوێی كۆچ لە ئاڵمانیا دەڕوانن كە بوارێكی زۆری بە دەوڵەت داوە بەشێوەی جیاجیا مامەڵە لەگەڵ كۆچبەران بكات.
لەیس خەفاجی، چالاكڤان و نزیك لە پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا، دەڵێت: “یاساكە ئەوەندەی رێكارێكی ئەمنییە، ئەوەندە بۆ رێكخستنی پرسێكی وەكو پرسی كۆچبەران نییە”.
لەیس كە عێراقییە و زیاتر لە 23 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و زانیاری زۆری لەبارەی كۆچبەران هەیە، دەڵێت: “دەرفەتێكی مەترسیدار هەیە بۆئەوەی هەموو وڵاتانی ئەوروپا رێسای لەو شێوەیە پەیڕەو بكەن كە سەراپای كەموكورتییە و بواری پێشێلكاریی زۆری داوە”.
لە یاساكەدا دەسەڵاتی ناردنەوەی دەستبەجێی كۆچبەر، هەروەها گرتن و سنوورداركردنی هاتوچۆ و چاودێریی مۆبایل و كەلەپچەی قاچ (GPS) بە پۆلیس دراوە. هەر بەپێی ئەو یاسایە، چارەنووسی دەیان هەزار كۆچبەر دیپۆرتكردنەوەیە كە لەنێویاندا ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەری كورد و عێراقی و سووری هەن.
خەفاجی دەڵێت “سەتان عێراقی بەهۆی پەنجەمۆر و ئاشكرابوونی پاشخانیان كە پێشتر لە ئەڵمانیا خۆیان تەسلیم كردووە، لە چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپییەوە دیپۆرتی ئەڵمانیا كراون و بەمزووانە سنوورداش دەكرێنەوە”.
گوتیشی “بەپێی یاسا نوێیەكە، ئەو كەسانە تاوانباركراون بە ساختەكاری و راكردن لە یاسا، بۆیە نەك هەر دیپۆرت دەكرێنەوە، رەنگە سزاش بدرێن، تەنانەت هەندێكیان دەستگیریش كراون”.
رەجا نەدیم حەسەكەیی كە كچە كوردێكی كۆچبەرە و لە ئەڵمانیا بڕیاری ناردنەوەی دەرچووە، دەڵێت لەلایەن ئیدارەی كەمپەكەیەوە لە میونشن ئاگادار كراوەتەوە كە لە كەمپەكەی نەچێتە دەرەوە و تەواو بێهواشیان كردووە لە پێدانی مافی پەنابەری.
رەجا دەڵێت ئەو بە تەنیا نییە و زۆربەی ئەوانەی هاتوچۆ و تەلەفۆنكردنیان لە كەمپەكە سنووردار كراوە، ئەو كۆچبەرانەن كە یەكەمجار پەنجەمۆریان لە ئەڵمانیا وەرگیراوە و لە وڵاتانی دیكەی ئەوروپاوە نێردراونەتەوە ئەڵمانیا.
لەگەڵ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی لە باڵیۆزخانەی عیراقی لە ئەڵمانیا ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەكردووە، بەڵام كۆچبەران نیگەرانن لە رێككەوتنی ئەڵمانیا و عێراق، بۆ ناردنەوەی پەنابەران و رەزامەندیی عێراق بۆ نیشتنەوەی ئەو فڕۆكانەی كۆچبەرانی دیپۆرتكراویان تێدایە.
خەفاجی دەڵێت: “وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رەزامەندیی داوە بۆ پێشوازیكردن لە فڕۆكەكانی ئەڵمانیا كە كۆچبەرانی دیپۆرتكراو دەهێننەوە”.
ئەزموونی سەركەوتووی كۆچبەرێكی كورد
راپۆرتێكی تەلەڤزیۆنیی كەناڵی (DW) ی ئەڵمانی لە روانگەی ئەزموونی گەنجێكی باشووری كوردستان، باس لە سەركەوتوویی كۆچبەرە گەنجەكانی رۆژهەڵاتی ناوین دەكات.
راپۆرتەكە باس لە كوڕێكی تەمەن 27 ساڵ دەكات كە بەماوەیەكی زۆر كەم فێری زمان بووە و كارێكی زۆر باشی دەستكەوتووە. ئەو كۆچبەرە دەڵێت ئەوان رۆڵیان لە بوژانەوەی پیشەسازی ناوخۆیی و بزنسی مامناوەندیی ئەڵمانیادا دەبێت.
بەڵام یاسا تازەكەی ئەڵمانیا بۆ پرسی كۆچ، كۆتایی بە خەونی دەیان گەنجی لەو شێوەیە دەهێنێ. چالاكڤانە ئەڵمانییەكە دەڵێت: “لە نێو گەنجانی كۆچبەر دەیان نموونەی لەو شێوەیە هەن كە رەنگ بوو ئەڵمانیا دوای چەند ساڵێك شانازیی پێوەكردبان، بەڵام ئێستا شەرمنانە دەیانگرێت و دەیاننێرێتەوە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
