ئه‌لمانیا مافێ په‌نابه‌ريێ ژ خێزانه‌كا ئێزدى وه‌رگرت،چنكو ئه‌ره‌بيێ نزانن
K24 – هه‌ولێر:

دوای سێ ساڵ له پێدانی مافی په‌نابه‌رێتی، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا ئه‌و مافه‌یان له‌و خێزانه كورده سه‌نده‌وه، كه له سووریاوه روویانكردبووه ئه‌ڵمانیا، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه ناتوانن به عه‌ره‌بییه‌كی ره‌وان بئاخڤن.
ئه‌و بڕیاره نوێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران، ئه‌و خێزانه‌ی ناچار كردووه په‌نا به‌رنه به‌ر دادگا و داوای پێداچوونه‌وه به بڕیاره‌كه بكه‌ن.
ئه‌و خێزانه له مانگی ئه‌یلوولی 2014دا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌ڵمانیا. له رێی نووسراوه‌وه داوای مافی په‌نابه‌رێتیان كردووه، نه‌ك ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتن.
ئه‌وان وا خۆیان ناساندووه كه په‌نابه‌رن و له سووریاوه روویان له ئه‌ڵمانیا كردووه.
نووسینگه‌ی ئیتیحادی بۆ كۆچ و كۆچبه‌ران، له مانگی ئازار/ مارسی 2015دا مافی په‌نابه‌رێتی پێداوون.
رۆژنامه‌ی راینشه پۆست، بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌و خێزانه له كه‌مپی ناوچه‌ی مونسترلاندی ویلایه‌تی باكووری راین ڤیستڤالیا، وتویانه له ئۆكرانیاوه هاتوون و له به‌رده‌م خه‌ڵكدا نه‌یانتوانیوه به عه‌ره‌بییه‌كی ره‌وان قسه بكه‌ن، نیشته‌جێكانی كامپه‌كه واییان وه‌سفكردوون گوایه ده‌سه‌ڵاتدارانیان فریوداوه و توانیویانه مافی په‌نابه‌رێتی وه‌ربگرن.
له‌و باره‌یه‌وه رۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانی نووسیویه‌تی: وه‌رگێڕه‌كه‌یان دركی به‌وه كردووه، كه له ساتی گه‌یشتنی بۆ ئه‌ڵمانیا (ئاسیا.أ) سه‌رۆكی خێزانه‌كه زۆر كه‌م به زمانی عه‌ره‌بی دواوه.
ئه‌و زانیاریانه گه‌یشتوونه‌ته نووسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران و ئه‌وانیش بڕیاریانداوه ئه‌و مافی په‌نابه‌رێتییه‌ی پێیان دراوه، لێیان وه‌ربگیرێته‌وه.
له 13ی نیسان/ ئه‌پریلی 2016دا، بڕیاری پێدانی مافی په‌نابه‌رێتی به‌و خێزانه هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه، كه له 2ی ئازار/ مارسی 2015 پێیان درابوو و له ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كه‌ش ئاگادار كراونه‌ته‌وه.
ئه‌و خێزانه له ئێستادا سكاڵایان له دژی نووسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له به‌رده‌م دادگای ئیداری مونستری تۆمار كردووه.
به گوێره‌ی بنه‌مای كارپێكراو له یاسای ئه‌ڵمانیادا كه رێگه به چاوه‌ڕوانی ره‌وا ده‌دات، به‌و پێیه‌ی كه‌سه‌كان بۆیان هه‌یه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نه‌كه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران بڕیارێكیان داوه لێی پاشگه‌ز ببنه‌وه. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه سكاڵاكه تۆمار كراوه و دادگاكه سه‌یری داواكارییه‌كه‌یان ده‌كات.
دانیشتنی یه‌كه‌می دادگا كه رۆژی دووشه‌ممه 26ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2017 به‌ڕێوه‌چوو، هاوشێوه‌ی وانه‌ی جوگرافیا بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی میدیای ئه‌ڵمانیا زانیاریان له باره‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه.
دادوه‌ری دادگا داوای له سه‌رۆكی خێزانه‌كه (ئاسیا) كردووه، به وردی وه‌سفی گونده‌كه‌یان بكات.
به گوێره‌ی گوته‌كانی ئاسیا ئه‌وان له گوندی توڵكۆی نزیك شاری حه‌سه‌كه له رۆژئاوای كوردستان ژیاوون.
دادوه‌ر ته‌نانه‌ت داوای ئه‌وه‌شی كردووه، ناوی بازرگانه‌كانی خۆراك و پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان بخاته‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا ببنه‌وه ئایا به راستی ئه‌وان له سووریاوه روویان له ئه‌ڵمانیا كردووه.
ئه‌و پیاوه له دانیشتنی دادگادا ره‌تیكرده‌وه هیچ ساخته‌كارییه‌كی كردبێت.
ئه‌و گوتیشی: ئه‌وان ئێزدیین، له گوندێك ده‌ژین كه هه‌مووان كوردن، به كه‌می به عه‌ره‌بی دواوون. له قوتابخانه‌ش نه‌ی خوێندووه، به‌و پێیه‌ی كورد له سووریا ناسنامه‌ی سووری نه‌دراوه‌تێ، بۆیه ته‌نیا له بواری كشتوكاڵی وه‌ك جوتیارێك كاری كردووه. قاچاخچییه‌كان له رێی توركیاوه خۆی و خێزانه‌كه‌یان گه‌یاندووه‌ته ئه‌ڵمانیا.
پارێزه‌ری ئه‌و خێزانه رایگه‌یاند، ئه‌و خێزانه به شێوه‌یه‌كی زۆر جوان و رێك‌وپێك خۆیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی گونجاندووه.
گوتیشی: ئه‌و خێزانه، به شێوه‌یه‌كی یاسایی ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و هه‌روه‌ها ئیشی یاسایی ده‌كه‌ن و له بواری پاككردنه‌وه‌ی ناوماڵ و شووشه‌دا به رێكوپێكی كارده‌كه‌ن.
پارێزه‌ره‌كه‌یان گوتیشی: ئاسیا له به‌رده‌م داوه‌ردا به شێوه‌یه‌كی راست و ره‌وان وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانی داوه‌ته‌وه.
جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، تۆمه‌تباركردنی ئه‌و خێزانه به‌وه‌ی له ئۆكرانیاوه روویان له ئه‌ڵمانیا كردووه، مایه‌ی گاڵته‌جاڕییه.
كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی (ڤی دی ئاڕ)ی ئه‌ڵمانی بڵاویكرده‌وه، دادوه‌ر و نوێنه‌ری لایه‌نی سكاڵاكار كه نووسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانه له‌و بڕوایه‌دان ئه‌و خێزانه كوردی ئێزدین، به‌ڵام ته‌نیا گومان له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه له كوێوه روویان له ئه‌ڵمانیا كردووه.
هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كه له‌سه‌ر شوێنی نیشته‌جێبوون و ره‌چه‌ڵه‌كیان نییه، به‌ڵكو پرسیاره‌كه له‌سه‌ر شوێنی مانه‌وه‌یانه پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌ڵمانیا، ئایا له سووریا یان له توركیا یاخود له ئۆكرانیا بوونه.
دادوه‌ر ماوه‌ی دوو كاتژمێر سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی پرسی ره‌چه‌ڵه‌كنامه‌ی ئه‌و خێزانه بوون، هه‌ر بۆیه پشت به شاره‌زای زمانه‌كان ده‌به‌سترێت بۆ ئه‌وه‌ی نیشتیمانی راسته‌قینه‌یان دیار بكرێت له رێی ئه‌و شێوه‌زاره كوردییه‌ی كه قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
