ئاڤا دووكان ملیارهک مەترێن سێجا كێمكريه
رووداو – هەولێر
بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاوی بەنداوی دووكان یەک ملیار مەتر سێجا كەمیكردووە. بەڕێوەبەری بەنداوەکەش دەڵێت: هۆكار زۆرن، سەرەكیترینیان كەمبارانی بووە، گرتنەوەی ئاوی زێی بچووكیش لەلایەن ئێرانەوە لە داهاتوودا كاریگەری زۆری دەبێت.
حەمەتاهیر جەلال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ساڵی رابردوو لەم كاتەدا نزیكەی 5 ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دووكاندا هەبوو، بەڵام ئەمساڵ نزیكەی 4 ملیار و 600 مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
وەک حەمەتاهیر جەلال ئاماژەی پێدا، ئاوی بەنداوەكە نزیكەی یەک ملیار مەتر سێجا ( بە بەرزی سێ مەتر) کەمیکردووە، بۆ ئەوەش زیاد لە هۆكارێك هەیە، سەرەكیترنیان كەمبارانییە، چونكە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەمساڵ لە دووكان 270 ملیم باران كەمتر باریبوو، بەردانەوەی ئاویشمان زیاتربووە و گرتنەوەی ئاوی زێی بچووكیش لەلایەن ئێرانەوە كاریگەری خۆی بۆ ئێستا و داهاتووش دەبێت.
بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا رۆژانە ئاوی بەنداوەكە 4 سانتیمەتر كەمدەكات، پێش گرتنەوەی ئاوی زێی بچووكیش لەلایەن ئێرانەوە، رۆژانە بەهۆی بەردانەوەی ئاوی زۆر 2 سانتیمەتر كەمی دەكرد.
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی وەك یەكەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق دروستكراوە، تەواوی بەنداوەكەش 7 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت. لەگەڵ گرتنەوەی ئاوی زێی بچووکیش لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، مەترسی لەسەر بەنداوەکە دروست بووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
