زێدهتر ژ ٢ ھەزار بەلگهيان بۆ ب جینۆسایدناساندنا کوردێن ئێزدی هاتينه کۆمكرن
ھەولێر-KDP.info-
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دهڵێت، لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی تاوانی کوردانی ئێزدی بەردەوامە لە کارەکانی و تا ئێستاش لە سەرووی ٢ ھەزار بەڵگەی کۆ کردووەتەوە. ئاماژەیشی دا، بڕێکی زۆر کەلوپەلی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەھیدان و ئەنفالکراوان لە بەغدا ھەیە و ڕێگری لە گەڕانەوەیان دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، (فوئاد عوسمان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ”ئێمە لە دھۆک سەنتەرێکمان ھەیە بە ناوی سەنتەری لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکە، کە تا ئێستا ئەو سەنتەرە زیاتر لە ٢ ھەزار بەڵگەی وێنە و دەنگی کۆ کردووەتەوە، کە ھەمووی لە لایەن دادوەری تایبەتمەندەوە نوسراوەتەوە و ئێستاش ئەو سەنتەرە کارەکەی بەردەوامە.”
(فوئاد عوسمان) گوتی: ”بە شێوەی ستانداردی جیھانی کار بۆ ئەو کەیسە کراوە، بۆ ئەوەی سوود لەو بەڵگانە وەربگیرێت و لە ھەر کوێیەک بەڵگە ھەبێت، کۆ دەکرێتەوە.”
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: ”جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی شەھیدان و ئەنفالکروەکان، کە لە نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە و لە لای وەزارەتی مافی مرۆڤی حکوومەتی عێراقە، ئامادە نەبوون ڕادەستی ئێمەی بکەنەوە، بەڵام بە زۆر ٢٠٠ کارتۆنمان وەرگرتووەتەوە و ھێشتا بڕێکی زۆریش ماوە، کە لە ھەوڵی ئەوەداین ئەوانیش وەرگرینەوە، کەچی بەغدا ڕێگری دەکات.”
ئەو بەڵگانەی کە کۆ کراونەتەوە، هی ئەو تاوانانەی داعشن، کە لە ٣/٨/٢٠١٤ و دواترەوە دەرھەق بە کوردانی ئێزدی کردوونی، کە ھەزار و ٢٩٣ کەس شەھید بوون و شەش ھەزار و ٤١٧ کەس ڕفێندراون و ٦٨ مەزاری دینیی ئیزدییەکانیشیان تەقاندووەتەوە و ٤٣ گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکانیش دۆزراونەتەوە.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
