یادا 34 ساليا ئەنفالكرنا هەشت هەزار بارزانيان دێ ئێته كرن
هەولێر-KDP.info-![]()
سبەی سەعات 5ی ئێوارە، لەژێر دروشمی (جینۆسایدی بارزانییەكان دەكەینە هەوێنی یەكڕیزیی نیشتمانی و سەربەخۆییی كوردستان)، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامییەتی شارۆچكەی مێرگەسۆر و یەكە ئیدارییەكانی ئەو سنوورە، یادی 34 ساڵەی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان بەرز ڕادەگرێت.
لە بەرەبەیانیی ڕۆژی 31/7/1983 ڕژێمی لەناوچووی بەعس، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەددام حوسێن)، هەڵمەتێكی دژی هاووڵاتییانی سڤیلی بارزانی دەست پێ كرد و تا ڕۆژی 10ی ئاب درێژەی كێشا، كە بە دوو قۆناغ بوو، لە هەرچوار كۆمەڵگەی بەحركە، قوشتەپە، هەریر و دیانا، هەشت هەزار بارزانی ئەنفال كران.
(ڕێبوار ڕەمەزان)، بەڕێوەبەری شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ”لە دیوانی قایمقامییەتی شارۆچكەی مێرگەسۆر كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لەبارەی خۆئامادەكردن بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادی ئەنفالی بارزانییەكان بەڕێوە چوو، بڕیاریش درا ڕۆژی 31/7 سەعات 5ی ئێوارە مەراسیمەكە دەست پێ بكات، سەرەتای مەراسیمەكەش بە چەند گوتارێك دەست پێ دەكات، گوتارەكانیش بریتی دەبن لە گوتاری بەخێرهاتن، كەسوكاری شەهیدان و حكوومەتی هەرێم، دواتر كەسوكاری شەهیدان گوڵ پێشكەشی ئامادەبووان دەكەن، هاوکات كوڕێكی جینۆسایدكراو هەشت هەزار مۆمی تواندووەتەوە و مۆمێكی لێ دروست كردووە، پەیامی ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوان نەمردوونە و ئەو ئازادییەی كە ئەمڕۆ هەیە بەرهەمی خەباتی ڕابردوویانە، پاش ئەوە چەندین چالاكیی هونەریی بەڕێوە دەچن، لە كۆتاییی ڕێوڕەسمەكەشدا مەراسیمی دانانی تاجەگوڵینە بەڕێوە دەچێت.”
(ڕێبوار) گوتی: ”ڕێوڕەسمی یادی ئەنفالی بارزانییەكان لەسەر ئاستی باڵا دەبێت و بەرپرسانی هەرێم و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بانگهێشت كراون.”
بەڕێوەبەری شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان ئاماژەی بەوەش كرد: ”سەربەخۆییی كوردستان قەرەبووی خوێنی شەهید و ئەنفالەكان دەكاتەوە، ئەو شەهیدانە بۆ ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ، كە ئێمە بە ئازادی بژین و بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین، گیانی خۆیان بەخت كردووە. ئێمەش، وەكو كەسوكاری شەهیدان پێویستە هەموو پێكەوە یەكڕیزیی نیشتمانی و سەربەخۆییی كوردستان لە بەرچاو بگرین، چونكە ئەگەر ئێمە ئەوە نەكەین، بەرانبەر شەهیدان شەرمەزار دەبین.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
