هەزار و 500 چەكدارێن داعش ل حەویجە ماينه
رووداو- کەرکووک
سەنگەرەكان لە هەموو لایەكەوە، بۆ رێگری لە هێرش و دزەكردنی چەكدارانی داعش تۆكمەتر دەكرێن. بۆ یەكلاكردنەوەی شەڕ لە سنووری پارێزگای كەركووك، پێشمەرگە پێیوایە دەبێ حەویجە یەكلایی بكرێتەوە. بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەسەر كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە لەئارادا نییە.
دوای لەدەستدانی مووسڵ، داعش لە حەویجە دەیەوێ پێش گەیشتنی هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە جموجوڵێكی سەربازی بكات. حەویجە دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای كەركووك و 30 كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەكە دوورە. ژمارەی دانیشتووانەكەی 450 هەزار كەسە. داعش بە درێژایی 350 كیلۆمەتر سەنگەری بە دەوروبەریدا لێداوە.
فەرماندەیەكی سوپای عێراق: چاوەڕێی سەعاتی سفر دەكەین بۆ هێرشكردنە سەر حەویجە
داعش لە حەویجە بووەتە سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر چوار پارێزگای كەركووك، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین.
بەپێی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگریی عێراقی، حەویجە 1500 چەكداری داعشی تێدایە، 400 لەو چەكدارانە خۆكوژن. نزیكەی 50 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویشیان ئامادە كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە.
لەم راپۆرتە مەیدانییەدا بە چواردەوری حەویجەدا دەسووڕێینەوە. هێزەكانی پێشمەرگە لە پێنج میحوەرەوە دەتوانن هێرش بكەنە سەر شارەكە. میحوەرەكان بریتین لە: داقوق، خورماتوو، باشووری كەركووك، رۆژئاوای كەركووك، مەخموور و گوێڕ. هێزە عێراقییەكانیش دەتوانن لە میحوەرەكانی دەشتاییەكانی حەمرین، فەتحە لە نزیك بێجی، بەری چەپی شەرگاتەوە هێرش بكەن.
میحوەری باشووری كەركووك
كەمال كەركوكی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك: داعشی دوای داعش ئامادەیە
گوندی سەددە لە باشووری كەركووك، نزیكترین شوێنی بەیەكگەیشتنی پێشمەرگە و چەكدارانی داعشە. ئەگەرچی پێشمەرگە بەردەوام بەر بە هێرشەكانیان دەگرن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا حەویجە سەنتەری پلاندانانی داعشە، مەترسی لەسەر كەركووك و سەنگەرەكانی پێشمەرگە هەر بەردەوامە.
قادر مەجید، فەرماندە لە لیوای پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە بە (رووداو)ی گوت: “تاوەكو حەویجە ئازاد نەكرێ، مەترسی لەسەر كەركووك هەر دەبێ، چونكە ئەو داعشەی لە مووسڵ نەماوە هاتووەتە حەویجە. بەڵام پێشمەرگە هەردەم چاو كراوەیە. بۆیە ئەو مەترسییەمان هەتا راددەیەك رەواندووەتەوە”.
داعشی دوای داعش ئامادەیە
لە میحوەری گوێڕ، مەخموور و رۆژئاوای كەركووكیش داعش جموجوڵیان هەیە. كەمال كەركووكی بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك، باسی نوێترین پلانی داعش لە حەویجە دەكات و دەڵێت: “ئێستا سیستمی كاركردنیان گۆڕیوە، بكوژە و زیان بگەیەنە و دیار مەمێنە. تەنانەت رێكخراوێكیان داناوە بۆ دوای داعش بەناوی فەجرولعەزیم، وەكو شانەی نووستوو كاردەكەن. زۆرتر لەنێو گوند و شارەكانی عەرەبنشینی سوننەن”.
چەمی رۆخانە… مەترسیدارترین شوێن
دووریی نێوان میحوەری داقوق و رۆژئاوای كەركووك نزیكەی 70 كیلۆمەترە، چەندین سەنگەری تۆكمە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی داعش لێدراون. لەوێ هێزێكی تایبەتی كاكەیی هەن كە بۆ پاراستنی گوند و ناوچە كاكەییەكان پێكهاتووە.
محەممەد عەلی، فەرماندە لە هێزی پێشمەرگەی كاكەیی، دەڵێت “زانیاریمان هەیە كەتیبەیەكی داعش لەو ناوچەیەن جاروبار ئاڵۆگۆڕیان پێدەكرێ. شەوانە پاڵپشتییان بۆ دێت”.
چەمی رۆخانە لە ناوچەكە مەترسیدارترین شوێنە كە چەكدارانی داعش بەكاری دەهێنن بۆ دزەكردن بۆ پشت سەنگەرەكانی پێشمەرگە. ئەوێ دارستان و قامیشەڵانە، پێشمەرگە ناچار بووە بەشێكی بسووتێنێ بۆ ئەوەی بەرچاویان دیار بێ، چونكە دارستانەكە هێندە چڕە بڕینەوەی ئەو هەموو دارە ئاسان نییە. ئەوێ شوێنی جیاكەرەوەی دوو میحوەری داقوق و خورماتووە. پێشتر ناوچەكە هیچ هێزێكی تێدا نەبووە، ئێستا پێشمەرگە هێزی بردووەتە ئەو ناوچەیە و دەیەوێ مەترسی چەكدارانی داعش لەسەر گوندە كاكەییەكان بە تایبەتی و داقوق بە گشتی دووربخاتەوە. هێزی پێشمەرگە لە داقوق نزیكەی 34 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ حەویجەدا هەیە.
پێشمەرگە لە پێنج میحوەرەوە دەتوانێ هێرش بكاتە سەر حەویجە
مەریوان تەها، ئامر فەوجی پێشمەرگەی كاكەییەكان دەڵێت: “داعش كە لەوپەڕی بەهێزیدابوو نەیتوانی بێتە نێو گوندە كاكەییەكان، ئێستا هەر ناتوانێ، بەڵام مانەوەی حەویجە لەبن دەستی چەكدارانی داعش بۆ ئەو ناوچانە شتێكی باش نییە”.
داعش لەو سنوورە هەموو ئاڵاكانی خۆی هەڵگرتووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ پلانێكی نوێی شەڕكردن، بەڵام پێشمەرگە دركیان بە پلانە نوێیەكەی داعش كردووە و بڕیاریانداوە رێوشوێنی نوێ بگرنەبەر.
ئاراس عەبدولقادر ئامر لیوای نۆی هێزی پێشمەرگە لە سنوری داقوق دەڵێت: “هەوڵ دەدەن ئەو شوێنانە بدۆزنەوە كە لێیەوە دەگەنە پشتی پێشمەرگە. ئێستا تاكتیكیان گۆڕاوە، هەوڵ دەدەن خۆكوژ یان مەفرەزەی بچووك بنێرن”.
خورماتوو.. رێی دزەكردنی شەوانە
لە میحوەری داقوقەوە بەڕێدەكەوین بۆ میحوەری خورماتوو. بازگەی یەكەمی ئەو میحوەرە لەژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی حەشدی شەعبیدایە. ئێوارەیەكی درەنگ گەیشتینە دوایین سەنگەری پێشمەرگە، ئەو ناوچەیە یەكێكە لەو ناوچانەی كە لێیەوە داعش مەترسی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دروستكردووە. لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا 20 كیلۆمەتر بۆشایی هەیە. داعش بۆ پەڕینەوەی چەكدارانی لە حەویجەوە بۆ سنووری تكریت و دیالە لە رێگەی زنجیرە چیاكانی حەمرینەوە سوودی لێ دەبینێ.
400 خۆكوژ و 50 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی تێدایە
جموجوڵە زۆرەكەی داعش لەو ناوچەیە لە گوندی زەرگەیە، بۆیە پێشمەرگە ئەو ناوچەیە بە مەترسیدارترین شوێن ناودەبەن. لەوێوە هێرش دەكەنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە. داعش لە دوای كاژێر هەشتی شەو بەدواوە دەست بە جموجوڵ دەكات، بەپێی زانیاری بەرپرسانی میحوەرەكە، لە ماوەی سێ مانگدا سەدان چەكداری داعش لە ناوچەكانی دیكەوە هاتوون و بەم ناوچەیەدا دەربازیان بووە بۆ حەویجە.
بە رۆژ حەشد و بە شەو داعش
زنجیرە چیاكانی حەمرین لە نزیك شارەدێی حەمرین لەژێر كۆنترۆڵی سوپا و حەشدی شەعبیدایە، چەكدارانی داعش لە بەنداوی حەمرینەوە هێرش دەكەنە سەر سوپا و حەشد. لەو شوێنانە لە نێوان 2-3 كیلۆمەتر بازگەیەكی سوپای عێراق یان حەشدی شەعبی هەیە. بەڵام لە زۆربەی ئەو شوێنانەی كە بە رۆژ حەشد و سوپای لێیە، بە شەو داعش تێیدا چالاكە.
ئەبو حەسەن كە چەكداری حەشدی شەعبییە لە كەتیبەی ئیمام عەلی، لەسەر رێگایەك وەستاوە و دەڵێت “ئەم رێگایە لە كاژێر هەشت دادەخرێت، ئێمەش دەچینە سەر ئەو تەپۆڵكەیە، ئەوە خاڵێكی گرنگە، چەندین كەسیشمان لەوێ شەهید بووە چونكە لەودیوی ئەو ناوچەیەوە رێگای پەڕینەوە هەیە و راستەوخۆ دەتگەیەنێ بە حەویجە”.
میحوەری بێجی
دوایین شوێنی گەڕانەكەمان بە چواردەوری حەویجەدا میحوەری بێجی بوو. لیوای 43ی فیرقەی 20ی پیادەی سوپای عێراقی لە ناوچەی حەراریات جێگیر كراون كە دەكەوێتە دوایین بەشی پاڵاوگەی بێجی و هێشتا چەكدارانی داعش چاویان لێیەتی. هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی داعش سەنگەریان لە یەكدی گرتووە. ئەوێ نزیكترین سەنگەری لەگەڵ داعش هەیە كە تەنیا 600 مەترە.
داعش بە درێژایی 350 كیلۆمەتر سەنگەری بە چوار دەوری حەویجەدا لێداوە
محەممەد لعێبی ئامر لیوای 43ی فیرقەی 20ی سوپای عێراق دەڵێت: “داعش مەترسییە لە حەویجە بێت یان لە هەر شوێنێكی دیكە، شێرپەنجەیە و پێویستە ریشەكێش بكرێ. ئێمە پلانی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجەمان داڕشتووە، چاوەڕێی كاژێری سفر دەكەین”.
لەو راپۆرتەدا سەردانی حەوت میحوەرمان كرد، دەركەوت مانەوەی حەویجە لەژێر كۆنترۆڵی داعش زۆر لەوە مەترسیدارترە كە بیری لێدەكرێتەوە. مەترسییە گەورەكەش ئەوەیە دوور نییە هێزە عێراقییەكان، بە تایبەتی حەشدی شەعبی، بیر لەوە بكەنەوە كە پاش كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە، لوولەی تفەنگەكانیان بەرەو رووی پێشمەرگە بسووڕێنن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
