قەلەوترین خانما جیهانێ گیانێ خۆ ژدهست دا
رووداو-سلێمانی
ئیمان عەبدولعاتی تەمەن 36 ساڵان، پاش پێنج مانگ مانەوە لە نەخۆشخانی بورجیل لە ئەبوزەبی گیانی سپارد، ئەو کە ناسناوی “قەڵەوترین خانمی جیهان”ی وەرگرتبوو، کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ بەهیوای رزگاربوون لە قەڵەوییەکەی، روویکردبووە هیندستان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نەخۆشخانەکە، ئیمان رۆژی 25 ی ئەیلوول بەهۆی شۆکی پەیوەست بە هەوکردنی خوێن (سێپتیک شۆک) فرمانی ئەندامە سەرەکییەکانی جەستەی راوەستاون و گیانی سپاردووە.
هەواڵە ناخۆشەکە، پاش چەند هەفتەیەک لەوە هات، کە شەیمای خوشکی ئەو خانمە موژدەی دابوو کە ئیمان توانای جووڵاندنی پەلەکانی بۆ گەڕاوەتەوە و بە دەستەکانی خۆی نان دەخوات و لەسەر کورسی و جێگای تایبەتیی پزیشکی دەتوانێ دابنیشێت.
شەیما هیوای دەربڕیبوو خوشکە قەڵەوەکەی لە ماوەی ساڵێکدا دەبێتە کەسێکی ئاسایی و کێشی دادەبەزێ بۆ خوار 100 کیلۆگرام.
چیرۆکی چارەسەری ئیمان
ئیمان عەبدولعاتی لە وڵاتەکەی خۆی لە میسر کێشی 500 کیلۆگرام بوو، بەڵام دوای گەشتێکی چارەسەر بۆ هیندستان، پزیشکەکان رایانگەیاند 250 کیلۆگرام لە کێشی جەستەی دابەزاندووە و بۆ تەواوکردنی چاودێری حاڵەتەکەی رەوانەی ئیماراتی عەرەبییان کرد.
پاش ماوەیەک مانەوەی ئەو خانمە قەڵەوە لە هیندستان، دەمەقاڵە و کێشە لەنێوان ماڵباتی ئیمان و پزیشکە هیندییەکانی درووستبوو.
گرفتەکە ئەوکاتە سەریهەڵدا کە شەیما سەلیم، خوشکی ئیمان، لە کورتە ڤیدیۆیەکدا، کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە خوشکەکەی لە سایەی چارەسەرەکانی پزیشکە هیندییەکاندا توانای جووڵە و گفتوگۆی لەدەستداوە و ئەو بڕە کێشەشی لەدەستنەداوە کە بڕیاربوو. بەڵام نەخۆشخانەکە بە توندی گوتەکانی ئەو خانمەیان رەتکردوەوە.
گرژییەکان گەیشتنە ئاستێک، بڕیاری گواستنەوەی ئیمان درا لە هیندستانەوە بۆئەبوزەبی. نەخۆشخانەی بورجیل لە ئەبوزەبی رایگەیاند کە تیمێکی پێکهاتوو لە 20 پزیشکی پسپۆڕ، چارەسەر و چاودێریی ئیمان عەبدولعاتی دەکەن.
“ئێستا ئەو خانمە چەندین کێشەی تەندروستی هەن، هەر لە نەخۆشیی دڵ، تاکو هەوکردنی میزڵدان و سووتانەوەی پلە سێی پێستی”لە بەشێکی لە راگەیێندراوی نەخۆشخانە ئیماراتییەکە هاتبوو.
مانگی شوباتی رابردوو ئیمان بە فڕۆکەیەکی تایبەتیی ئێرباس گواسترابووەوە هیندستان و خرابووە سەر رێجیمێکی تایبەتی خواردنی شلەمەنی، تاکو بەشێک لە کێشەکەی داببەزینێ، بەرلەوەی نەشتەرگەری بچووککردنەوەی گەدەی بۆ بکرێ.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
