ترەمپ و ماکرۆن: بەغدا و هەولێر کێشێن خۆ ب گفتوگۆيێ چارەسەر بکن
رووداو – واشنتن
کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەسەر ئەوە رێککەوتوون حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
رۆژی شەممە 2-12-2017 شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لە کۆشکی ئێلیزێ لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێشوازییان لێکرا و کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کردووە، چەند پرسێک کە یەکەمیان کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بووە، باسکراون.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە “هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازییەکانیان بە رێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکەن”.
ترەمپ و ماکرۆن باسیان لە کێشەی فەڵەستین – ئیسرائیل و پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە.
هەردوو سەرۆکەکانی ئەمریکا و فەرەنسا جەختیانکردووەتەوە، هاوپەیمانی هەردوو وڵات گرنگە بۆ سەقامگیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوەی هات، رۆژی شەممە 2-12-2017 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی پاریس لە کۆشکی ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندی بە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد و داوای لێکرد کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن راشیگەیاند، فەرەنسا لەگەڵ یەکپارچەیی و سەروەری عێراقدایە، هەروەها دەبێ هەموو مافە شەرعییەکانی کورد بدرێن.
سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جهختی لەسەر چەند خاڵێک کردەوە، ئەوانیش: یەکگرتوویی عێراق و جێبەجێکردنی دەستوور بە جێبەجێكرنی ماددهی 140ی ناوچە جێناکۆکەکانیشەوە. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان بە حەشدی شەعبییەوە. هاوکات داوای دابهشكردنی دادپهروهرانهی داهاتی عێراقی لهنێوان ههموو پێکهاتەکاندا کرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
