شبكة لالش الاعلامية

گولستان پەروەر: تەمەنێ من مه‌زن كرن دا زوو ب شوو بدەن

گولستان پەروەر: تەمەنێ من مه‌زن كرن دا زوو ب شوو بدەن

رووداو – هەولێر

خانمە هونەرمەندی ناوداری كورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێكی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشكەشكاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو كچە كوردی باكووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێش دەكەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە.

ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی كە لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاوی بكەینەوە هەم بۆ ئەوەی وەكو دۆكیومێنت بمێنێتەوە و هەم دەرفەتێكیش بێت بۆ ئەوانەی نەیانتوانیوە لە رادیۆوە بیبیستن.

هەتا نەچوومە قوتابخانە نەمدەزانی زمانی تورکی چییە

گوڵستان لەم بەشەدا باسی شوێنی لەدایكبوونی و خێزانەكەی و چیرۆكی باركردنیان لە گوندەوە بۆ شار دەكات و دەڵێت ئەوكاتەی كە چووەتە قوتابخانە نەك هەر زمانی توركیی نەزانیوە، بەڵكو نەیزانیوە زمانێك بەناوی توركی هەر هەشە.

رووداو: ئێمە دەزانین تۆ لە گوندێكی سوێرەكێ‌ لەدایكبووی، ناوی گوندەكە چییە؟

گوڵستان: ناوە توركییەكەی نازانم، ناوە كوردییەكەی ڤانكۆكە، پێشتر سەر بە ئامەد بوو، بەڵام دواتر جمهورییەت بە مەبەستی تواندنەوەی كورد خستییە سەر شاری روحا. باوكم خاوەنی گوندەكەیە، هەموویان خزمی یەكدین، تا ئێستاش هیچ بێگانەیەك لە گوندەكە نییە.

رووداو: كچی گەورەی ماڵی؟

گوڵستان: نەخێر، نووری برا گەورەمە، بەر لە من دوو خوشكی دیكەشم هەبووە، بەڵام كە من هاتمە سەر دونیا، ئەوان هەردووكیان مردبوون.

رووداو: ساڵی چەند لەدایكبووی؟

گوڵستان: ساڵی 1962، بەڵام دوو ساڵ تەمەنم گەورە كراوە، چونكە ئەوكات عادەت وابوو تەمەنی كچیان دوو ساڵ گەورە دەنووسی بۆ ئەوەی زوو بە شووی بدەن، كوڕیش دوو ساڵ بچووك دەنووسرا بۆ ئەوەی درەنگ سەربازی بكەن.

رووداو: دایك و باوكت خزمن؟
باوكم خاوەنی گوندەكەمان بوو

گوڵستان: نەخێر، دایكم سەیدە لە بنەماڵەی نەبیا شێخ زراڤن. ماڵباتی باوكم، دایكمیان لە ئاهەنگێك بینیوە و لەوێ‌ بڕیاریان داوە بۆ كوڕەكەیانی بخوازن. دایكم لە شار بوو چووە گوند، هەموو جارێك باسی ئەو 15 ساڵەی ژیانی خۆی دەكرد لە گوند، وەكو ئەشكەنجە ناوی دەبرد. چونكە لە گوند یەك داری لێنەبوو، تەنیا گەنم و جۆ و نیسكی لێبوو، ئاو و كارەبای نەبوو. سەرچاوەی ئاو سەعاتە رێیەك لە گوندەوە دوور بووە و بە كەر و هێستر ئاویان هێناوە.

رووداو: خەڵكی گوندی بە چاوێكی دیكە سەیری دایكتیان نەدەكرد كە خەڵكی شار بوو؟

گوڵستان: نا لەو رووەوە كێشەی نەبوو، ئەسڵەن بۆ بنەماڵەكەمان جێی شانازی بوو، چونكە كچیان لە بنەماڵەیەكی بەناوبانگ خواستبوو، بەڵام ژیانی گوند بۆ دایكم زۆر زەحمەت بوو، بۆ نموونە دەیگوت گەورەترین كێشەی من خۆشووشتن بوو. هەموو جارێك دەڵێت ژیانی من بكەن بە فیلم و كتێب. منیش هەمیشە پێیدەڵێم دایە ژیانی هەموو ژنانی كورد لە گوند وەها بووە.

رووداو: هەتا چەند ساڵی لە گوند مایەوە؟

گوڵستان: دایكم حەزی دەكرد رۆژێك زووتر لە گوند بڕۆین، هەموو جارێ دەیگوت من نەمخوێندووە، با ئەوان بخوێنن. من بە بیرم دێ‌ تەمەنم چوار ساڵ و نیو یان پێنج ساڵی بوو چووین بۆ وێرانشار، زۆر باشم لەبیرە دایكم بە باوكمی گوت دەچینە شار، داپیرم دژی ئەوە بوو، گوتی قبوڵ ناكەم كوڕەكەم لێ‌ دابڕێنی و بیبەی بۆ شار. بەڵام دایكم گوتی من تەحەمول ناكەم و حەز ناكەم منداڵەكانم نەخوێندەوار بن، دەچمە شار و خانوویەك دەكڕم. بیرمە كامیۆنێكیان هێنا و ماڵەكەیان هاوێشتە نێوی و چووین بۆ شار.

رووداو: ژیانی شار بۆ تۆ زەحمەت نەبوو؟

گوڵستان: بەڵێ‌ سەرەتا زۆر زەحمەت بوو، چونكە داپیرم ئێمەی گەورە كردبوو. دایكم شارەزای ژیانی گوند نەبوو، لە گوند دەبێ‌ هەردوو ساڵ جارێك منداڵێك بخەیتەوە، ئیدی دایكم فریای خزمەتكردنی هەموومان نەدەكەوت، بۆیە من لەلای داپیرم بووم. هەموو جارێك دەمگوت ئێرە ماڵی من نییە، بمبەنەوە لای داپیرم.

دایكم هەموو جارێك دەڵێت ژیانی من بكەنە فیلم و كتێب

رووداو: سەرەتا چیتان كرد لە شار؟

گوڵستان: باوكم لەگەڵمان نەهات بۆ شار، چونكە داپیرم رازی نەبوو. دایكم بە عاجزی گوندی جێهێشت. دایكم خانوویەكی گەورەی بەكرێ‌ گرت لە نزیك ماڵی باپیرم (باوكی دایكم). دواتر هێدی هێدی باوكیشم هات، داماوە هیچ چارەی نەبوو تەسلیم بوو (بەپێكەنینەوە). یەكەم شت كە دایكم كردی چوو بۆ بازاڕ هەموو پێداویستییەكی ماڵەوەی كڕی، وابزانم زێڕەكانی خۆی فرۆشتبوو. تەمەنی من ئەوكات تەمەنی قوتابخانە بوو، دایكم منی برد لە قوتابخانە قەیدی كردم.

رووداو: بۆ زۆربەی منداڵان ئەوكات كە زمانی توركییان نەدەزانی، یەكەم رۆژی قوتابخانەیان وەكو تراومایەك وا بوو، نەیاندەزانی چۆن قسە بكەن، بۆ تۆ چۆن بوو؟

گوڵستان: لە سەردەمی من خراپتر بوو، چونكە من لە گوندەوە هاتبووم، حەزم نەدەكرد لە شار بم، دەمویست بگەڕێمەوە لای داپیرم لە گوند. من نەك توركیم نەدەزانی، قەت نەشمبیستبوو. چونكە لە گوند كارەبا نەبوو، تەلەفزیۆن و رادیۆ نەبوو. بیرمە پێش ئەوەی باوكم دەستم بگرێ‌ و بمبا بۆ قوتابخانە، دایكم منی برد بۆ بازاڕ، ئەوكات دووكانی ژنان و پیاوان جیاواز بوو، بازاڕی ژنان لە كۆڵانێك بوو. دایكم منی بردە دووكانێك، چاكم لەبیرە خاوەنی دووكانەكە ناوی ساكینە بوو، قوماشی دەفرۆشت، دایكم مانتۆیەكی رەشی بۆ كڕیم، لەگەڵ پێڵاوێكی رەش كە دەبریسكایەوە، قردێلەیەكی بۆ كڕیم، چونكە پرچم درێژ بوو، كەزیم هەبوو.

من نەمدەزانی مەسەلە چییە، باوكم گوتی دەتبەین بۆ مەكتەب، بەڵام من چووزانم مەكتەب چییە! رۆژێكیان ئەو جلانەیان لەبەر كردم، باوكم دەستی گرتم و بردمی بۆ قوتابخانە. منیان بردە بەردەم هۆبەیەك و گوتیان كچم بڕۆ ژوورێ‌. كاتێك دەرگام كردەوە پڕ لە منداڵ بوو، لەسەر كورسی دانیشتبوون، پیاوێكی چاوشینی قژ زەردیش لەبەردەمیان وەستابوو، مامۆستای ئەوكات هەموویان تورك بوون، هەموو قژ زەردی چاوشین بوون، هەموویان وەكو ئەتاتورك وا بوون. كە دەرگام كردەوە مامۆستاكە گوتی “گەل”، واتە “وەرە”، من تێنەگەیشتم گەل چییە، دەستم بە گریان كرد، منداڵەكان هەموویان دایانە قاقای پێكەنین. ئیدی لەو كاتەوە تراوما دەستیپێكرد.

ئەمجارە مامۆستاكە گوتی “ئۆتور”، من نەمدەزانی چییە و قوتابییەكانیش پێم پێدەكەنین. وەكو لاڵ و گێژم لێهاتبوو. بیرمە زەنگ لێیدا، قوتابییەكان رایانكرد، منیش رامكرد. ماڵمان لە نزیك قوتابخانەكە بوو، هەر كە دەرگای حەوشەم كردەوە قیژاندم :”ئەز ناچمە مەكتەبێ‌” دایكم دەیگێڕایەوە دەیگوت خۆت لەسەر زەوی درێژ كردبوو، خۆڵت بەسەر سەری خۆتدا دەكرد و هاوارت دەكرد من ناچم بۆ مەكتەب و بمبەنەوە بۆ گوند. ئیدی ئەو ساڵە نەیانناردم بۆ قوتابخانە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

هۆنەرمەندێ‌ نەمر “پیر مچو” ل دەڤەرا شنگالێ‌

Lalish Duhok

هۆنەری وەك رامانا ژیانێ‌ دبینت

Lalish Duhok

پێتڤیە كارەساتا شنگالێ‌ ب كلیپ و كورتە فلمان بۆ جیهانێ‌ بێتە دیاركرن

Lalish Duhok