دەست بە دابەشكرنا دراڤێ قەرێ گەنمێ جۆتیاران هات كرن
رووداو – هەولێر
لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی پارەی قەرزی گەنمی جووتیاران دەكرێت، وەک قۆناخی یەکەم 800 ملیار دینار تەرخانکراوە، بڕیارە 800 ملیاری دیکەش تەرخانبکرێت، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت: “لەم مانگەدا سەرجەم قەرزی گەنمی جووتیارانی عێراق و هەرێمی كوردستان هی ساڵەكانی 2014 و2015 و2016 خەرجدەكرێت”.
نەجیبە نەجیب، پەرلەمانتاری كورد و ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بە پشتبەستن بە گوتەی سەلمان جومەیلی، وەزیری بارزگانی عێراق بە وەکالەت، لە چەند رۆژی داهاتوودا پارەی قەرزی گەنمی جووتیارانی سەرجەم عێراق و هەرێمی كوردستان، هی ساڵەكانی 2014 و2015 و 2016 خەرجدەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاشکرایکرد کە وەك قۆناخی یەكەم 800 ملیار دینار تەرخانکراوە، پێش تەواوبوونی ئەمساڵیش 800 ملیار دیناری دیكە تەرخاندەكرێت، بەوەش كۆتایی بە قەرزی گەنمی جووتیاران دێت.
هاوکات مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەمان بابەت لە فەیسبووک نووسیویەتی: “بڕیاربوو لە مانگی 11 دا شایستەی دارایی جووتیاران خەرجبکرێت، بەڵام چەند رۆژێکە دواکەوتووە، لەبەرئەوەی ئەو گەنمەی لە ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 دا بە بەغدا دراوە، گەنمی دەرەوەی تێکەڵکراوە و زۆرتر رادەستکراوە لەوەی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی دەهێنێت”.
مەسعود حەیدەر روونکردنەوەی زۆرتری داوە و نووسیویەتی: “چەند رۆژێکە لە پەیوەندیدام لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانی عێراق، بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری بازرگانی قسەمکرد، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردراوە پارەکە خەرجبکرێت و وەزیر دووپاتیکردەوە کە لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران دەکرێت”.
جگە لەمە مەسعود حەیدەر ئاماژەی بە تێبینییەکیش کردووە و نووسیویەتی: “پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ رێژەیەکی دیاریکراو بە نرخی حکومی هەژماردەکرێت و ئەو رێژەیەی کە زیادەیە بە نرخی بازار هەژماردەکرێت”.
قەرزی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان 736 ملیار دینارە. حكومەتی عێراق لە ساڵی 2014 دا 60 ملیار دینار، لە 2015 دا 243 ملیار دینار، لە 2016 دا 386 ملیار دینار و لە 2017 دا 47 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان قەرزدارە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
