جەعفەر ئیمینکی: هندهک خەلكێ کێم ژ یاسايا چاکسازيێ دێ زەرەرمەند بن
رووداو – هەولێر
فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆکن لەسەر ئەوەی کار بە یاسای عێراق بکرێ بۆ خانەنشینی پلەباڵاکان. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت مەبەستیانە سازانێک لەنێوان فراکسیۆنەکان دروستبکەن و بە سازانەوە بچینە نێو هۆڵی پەرلەمان بۆ پەسندکردنی یاسای چاکسازی.
لە میانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی رادیۆ و تەلەفزیۆنی رووداو، جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەوڵەکانی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر یاسای چاکسازی خانەنشینی و پلە باڵاکان، رایگەیاند “ئەو پڕۆژەیەی حکومەت پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی کرد، بووەتە یاسا و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندکراوە، ئەو هەڵڵایەشی لەسەر ماددەی 3 و چەند بڕگەیەکی دیکە دروستبوو، ناچاربووین رەتیبکەینەوە، ئێستا خەڵک و ئێمە و حکومەتیش چاوەڕوانین بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت”.
جەعفەر ئیمینکی دەڵێت “ناکۆکییەکان ئەوەندە زۆر نین، بەڵام کەشوهەوای هەڵمەتی هەڵبژاردن وایکردووە هەندێک ئاڵۆزی دروستببێت، واتە کێبڕکێیەکە ئەوەندە تووندە لەنێو فراکسیۆنەکان، رای گشتیش ئەوەندە هەستیارە لەسەر ئەو پرسانە، کەم و زیادێک دەبێتە هەڵڵا”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوان تاوەکو ئێستا دوو کۆبوونەوەی راوێژکاریان ئەنجامداوە. گوتیشی “رۆژی سێشەممەش کۆبوونەوەیەکی دیکەی راوێژکاری ئەنجامدەدەین. وەکو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان مەبەستمان ئەوەیە سازانێک لەنێوان فراکسیۆنەکان دروستبکەین و بە سازانەوە بچینە نێو هۆڵی پەرلەمان. ئەگەر توانیمان ئەو سازانە بەدەستبهێنین، ئێمەش خێرا لەو هەفتەیە ئەو پرسە یەکلایی دەکەینەوە”.
جەعفەر ئیمینکی دەڵێت، تێگەیشتنی تەواو لەلایەن پەرلەمانتارانەوە سەبارەت بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، پلە باڵاکان هەیە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
