شبكة لالش الاعلامية

قوباد تالەبانی: پڕۆژێ “خزمەت”دێ ئێته‌ بجهئينان 

قوباد تالەبانی: پڕۆژێ “خزمەت”دێ ئێته‌ بجهئينان 

رووداو – هەولێر

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی ستراتیژی بەناوی (خزمەت) خستەڕوو و دەڵێت، ئامانج لێی باشترکردنی ئاستی خزمەت و کەمکردنەوەی رۆتینە لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. جەختیش دەکاتەوە، کە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتیانی بکات.

رۆژی پێنجشەممە 12-4-2018 ، لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەمەبەستی خستنەڕووی ناوەڕۆک و چۆنییەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی بەناوی (خزمەت)، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتەکانی حکومەت و ستافی پڕۆژەی خزمەت، کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیران تیشکی خستەسەر هەنگاوەکانی دەستپێکردنی پڕۆژەی خزمەت و هۆکارەکان و گرنگی پەیڕەوکردنی ئەو پڕۆژەیەی خستەڕوو، وەک بەشێک لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

جەختیشی کردەوە کە مەبەست لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە تەنها باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیانە. گوتیشی “ئەرکی حکومەت بریتییە لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە تایبەت و گشتییەکان”.

ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەی خزمەت هەموو ئەو کارانە دەگرێتەوە، تایبەت و گشتی، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکات و بەشێوەیەکی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان هەیە.

سەبارەت بە ئامانجی پڕۆژەکە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئامانجەکانی پڕۆژەی خزمەت بریتییە لە باشترکردنی ئاستی خزمەت و کەمکردنەوەی رۆتینە لە دامودەزگاکانی حکومەت لەکاتی ئەنجامدانی مامەڵەی هاووڵاتیان”.

دەشڵێت: “پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕووی قەبارە و ژمارەی وەزارەتەوە بچووک بکرێتەوە و بەهەیکەلیەتێکی نوێ و گونجا کارەکانی خۆی بکات و خزمەت بکات”.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوای لە بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتەکان کرد، هاوکاربن لەگەڵ تیمەکانی پڕۆژەی خزمەت بۆ ئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا بتوانن ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکەن لەهەموو دامودەزگاکانی حکومەت و رۆتین کەمبکرێتەوە و بە باشترین شێوە خزمەتەکان پێشکەش بکرێن.

هاوکات سەفین غەفور، راوێژکاری جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت “هەموو تیمەکان و پرۆگرامی پڕۆژەی خزمەت ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن و خزمەتکردنی هاووڵاتیان، هەموو تواناکانیشمان دەخینەگەڕ بۆ ئەوەی بەزووترین کات لە سێکتەرە جیا جیاکان و دامودەزگاکانی حکومەت بەو سیستمە نوێیە کاربکرێت”.

رۆژی 17-1-2018، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (خزمەت) کرا. پڕۆژەكە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەكرێت، بەشێوەیەكی گشتی باسی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری دەکات لە فەرمانگە حكومییەكاندا، ئەمەش لەپێناو كەمكردنەوەی رۆتینیاتی زۆر لە فەرمانگە‌ و دامودەزگاكاندا.

هەر بەپێی ئەو پڕۆژەیە، هەر فەرمانگە‌ و دامودەزگایەكی حكومەت ماڵپەڕێکی ئەیلكترۆنی دەبێت، لەڕێگەی ئەو ماڵپەڕەوە پێداویستی هەر مامەڵەیەكی هاونیشتمانیان دەخرێتەڕوو. هاوكات بڕی پارەی تێچووی مامەڵەكەش ئاشكرادەكرێت.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

توێژەره‌كێ سیاسی: هەموو سەره‌دانه‌كا بارزانی وەکوو سەرۆکێ هەرێما کوردستانێ بۆ کوردان سەرکەفتنە

Lalish Duhok

محه‌مه‌د بن زاید سوپاسییا دوستایه‌تى و هه‌ڤسوزییا گه‌لێ كورد دكه‌ت

Lalish Duhok

رێڤه‌به‌رێ فرۆكخانا سلێمانيێ: هەول بۆ ڤه‌كرنا فرۆكخانێن كوردستانێ بەردەوامن

Lalish Duhok