“سوپايێ عێراقێ پێنج گوند ل جەلەولا داگیرکرن”
جەلەولا-KDP.info-
ماوەی دوو ڕۆژە ھێزێکی زۆری سوپای عێراق لە نزیک ناحیەی جەلەولا جێگیر کراوە و بەرپرسی لقی خانەقینی پارتیش دەڵێ، ھێزەکە بۆ داگیرکردنی گوندە کوردییەکان ھاتووە و ژمارەیەک خێزانیش ئاوارە بوونە.
جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی پازدەی پارتی لە خانەقین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لە دوێنێوە ھێزێکی سوپای عێاق ھاتووەتە ناوچە کوردییەکانی دەوروبەری ناحیەی جەلەولا، ژمارەیەک گوندی کوردنشینی داگیر کردووە، ئەو ھێزانە بەرەو قەزای کەلار دێن و بە پێی ئەو زانیاریانەی لە فەرماندەی فەوجێکی سوپای عێراق وەرگیراوە، گوتوویەتی تا سنووری ساڵی ٢٠٠٣ پێشڕەوی دەکەین، بەڵام ئێستا زۆر لەوەش زیاتر پێشڕەویان کردووە.”
بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ئەو ھێزە عێراقییە تا ئێستا پێنج گوندی کوردنشینی داگیر کردووە و بەرپرسانی یەکێتی لە ناوچەکە بە خەڵکیان گوتووە، خۆپیشاندان بکەن دژی ھاتنی ئەو ھێزە، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە و ھێزە عێراقییەکە سنووری پێشمەرگەشی دەرباز کردووە کە لیوای ٣ی ھاوبەشی تێدایە، ھەرکەسێکیش بڵێ بە مەبەستی ڕاماڵینی چەکدارانی داعشەوە ھاتوون دوورە لە ڕاستی و ھێزەکە بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان ھاتووە.”
جەعفەر شێخ مستەفا گوتی: “بە ھۆی مەترسیی پێشڕەوییەکانی سوپای عێراقەوە ژمارەیەک خێزانی کورد ئاوارەی قەزای کەلار بوونە و ژمارەیەک ئەندام و کادیری پارتیش ئەو سنوورەیان بەجێ ھێشتووە، چونکە مەترسی زۆر ھەیە ھاوشێوەی خورماتوو کارەسات بنێنەوە و زۆڵم لە خەڵکی کورد بکرێت.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
