قەلەوی دبتە هۆكارێ کێمکرنا زیرەکيا زارۆكان
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی پزیشکیی نوێ لە ئەمریکاوە دەریخستووە ئەو منداڵانەی لە سەرەتاکانی تەمەنەوە تووشی قەڵەوی دەبن، مەترسی کەمبوونەوەی ئاستی زیرەکییان لەسەر دەبێت و راددەی سەرکەوتنیان لە تاقیکردنەوەی توانا هزرییەکان کەمدەکات.
توێژەرەکان لە زانکۆی (براون)ی ئەمریکییەوە بوون وئەنجامی توێژینەوەکەیان لە جۆرناڵی زانستی (ئۆبێسیتی) بڵاوکردووەتەوە.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە کە قەڵەوی کار لە باڵانسی هۆرمۆنیی جەستە دەکات، بەو هۆرمۆنانەشەوە کە کار لە مێشک دەکەن، ئەوەش کار لە پرۆسە هزرییەکان و ئاستی زیرەکی دەکات.
قەڵەوی منداڵان وەک دیاردەیەکی جیهانی
توێژینەوەیەکی دیکە، کە سوودی لە داتای 416 توێژینەوەی پێشوو وەرگرتووە کە لەسەر 160 ملیۆن منداڵ ئەنجامدراوە لە 200 وڵاتی جیهانەوە، دەریخستووە لەنێوان ساڵانی 1975-2016 دا قەڵەویی منداڵ و نەوجەوانان هەشت هێندە زیادیکردووە لە هەردوو رەگەزی کوڕان و کچاندا.
هەروەها كۆمسیۆنی باڵای كۆتاییهێنان بە قەڵەویی منداڵان لە راپۆرتێكیدا كە بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانیی ئامادەیكردووە دەڵێت ئێستا 41 ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی 5 ساڵ لە جیهاندا كێش زۆر و قەڵەون و دیاردەی هەڵكشانی قەڵەویی منداڵان زیاتر لەنێو دانیشتووانی وڵاتانی هەژار و مامناوەند روودەدات.
دەگوترێ قەڵەوبوونی منداڵ و نەوجەوانانی ئێستا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە؛ رێکلامی سەرنجڕاکێش بۆخۆراکە ناتەندروستانەکان، ئاسان دەستکەوتنی خواردن و خواردنەوە شیرینەکان، زۆربەکارهێنانی سمارتفۆن و ئامرازە ئەلیکترۆنیەکان و کەمجووڵان.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
