كێميا یۆدى كار ل زیرەكیا زارۆكان دكت
رووداو- DW
توێژینەوەیەكی نوێ نیگەرانیی دەردەبڕێ كە كەمیی یۆد لە خواردن و خواردنەوەدا، هۆكارێكی نزمیی ئاستی زیرەكیی منداڵانە. توێژینەوەكە دەریخستووە نیوەی منداڵانی ئێستا لە ئەوروپا یۆد لە جەستەیاندا كەمە، بۆیە داوای بە هەند وەرگرتنی ئەم بابەتە دەكەن لەلایەن بڕیاربەدەستانەوە.
توێژینەوە نوێیەكە لە چوارچێوەی كەمپەینێكی فراواندایە بەناوی “EUthyroid ” واتە
ئاساییكردنەوەی رژێنی دەرەقی كە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە سپۆنسەری دەكرێ. یۆد گرنگییەكی زۆری هەیە لە گەشەكردنی زیرەكیی منداڵ و نەوجەواناندا. كەمبوونەوەشی راستەوخۆ دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی زیرەكی.
بەردەوامیی ئەم گرفتە و دابەزینی ئاستی زیرەكی تەنیا كار لە ژیانی تایبەتیی تووشبووان ناكات، بەڵكو ئابووریی وڵاتیش تووشی پاشەكشە دەكات، چونكە دابەزینی ئاستی زیرەكیی كەسێك، كار لە زۆربەی رووەكانی ژیانی دەكات.
توێژەران داوا دەكەن پشتیوانی لە سیاسەتێكی فراوان بكرێ بۆ چارەسەركردنی كەمیی یۆد لە ماددە خۆراكیەكاندا، بە تایبەتی سەرنج بخرێتە سەر خانمانی دووگیان كە پێویستییەكی تایبەتیان بەم ماددەیە هەیە.
توێژینەوەكە لە چوارچێوەی “راگەیێنراوی كراكۆڤ”بڵاوكرایەوە كە پرۆژەیەكی فراوانە و یەكێتی ئەوروپا سپۆنسەریی دەكات بە مەبەستی خەمڵاندنی پێداویستی یەكێتیی ئەوروپا بۆ ماددەی یۆد.
پێویستیی خانمان بە ماددەی یۆد لەكاتی دووگیانیدا زیاد دەكات. توێژینەوەكە دەڵێ تەنانەت كەمبوونێكی مامناوەندیی یۆد لە خانمی دووگیاندا، دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی زیرەكیی كۆرپەكەی.
بۆیە داوایان كردووە كە ئەم گرفتە بە كەم سەیر نەكرێ و كار بكرێ بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتی نوێ بۆ پاراستنی خەڵكی لە كەمیی یۆد.
جەستەی كەسێكی سەروو 14 سالان رۆژانە لانیكەم پێویستی بە 150 مایكرۆگرام یۆد هەیە، منداڵانی تەمەن 1-8 ساڵانیش رۆژانە پێویستیان بە 90 مایكرۆگرامە وەك كەمترین بڕی رێگەپێدراو، ئەوانەش كە 9- 13 ساڵانن، رۆژانە پێویستیان بە 120 مایكرۆگرام یۆد هەیە، بەڵام خانمانی دووگیان و شیردەر رۆژانە پێویستیان بە 290 مایكرۆگرامە، وەك كەمترین بڕی رێگەپێدراو.
نیشانەكانی كەمیی یۆد بریتین لە لەشداهێزران، قەڵەوبوون، بێهێزی، خەمۆكی، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیسترۆڵی خوێن و دڵەكوتێ.
سەرچاوە خۆراكییەكانی یۆد بریتین لە: خوێی یۆدكراو، سەوزەی دەریاكان، پەتاتە، شیر، ماسیی دەریا، خوێی كریستاڵی هیمالایا، ماست و گۆشتی قەل.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
