ئەكرەم كۆنفۆ: ب مەرج خۆ رادەستی پۆلیسان دێ كەم
رووداو- دهۆك
ئەو هونەرمەندە كۆمیدییەی دهۆك، كە تۆمەتبارە بە كوشتنی خزمێكی نزیكی خۆی و ئێستا لەدەست یاسا هەڵاتووە، دەڵێت ئامادەیە خۆی رادەستی پۆلیس بكات، بەو مەرجەی هەردوو بنەماڵە سوڵح بكەن. دەشڵێت “لە تاوانەكەی پەشیمانم”.
شەوی 22/5/2018 كۆمیدیكاری ناسراوی شاری دهۆك “ئەكرەم كۆنفۆ”، هێرشیكردە سەر ماڵی كوڕە پوورێكی خۆی بەناوی “كەمال رەمەزان حەسەن” لە گوندی كورای سەر بە شارۆچکەی زاویتە. ئەكرەم سێ گوللەی لە كەمال دا و برینداریكرد. دوای نۆ رۆژ كەمال لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.
ئەكرەم تاهیر ناسراو بە ئەكرەم كۆنفۆ، هەر هەمان شەوی رووداوەكە، لە لایڤێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك باسی رووداوەكەی كرد و گوتی “كوڕە پوورەكەی جنێوی پێداوە، بۆیە تەقەی لێكردووە”.
دوای تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر رووداوەكەدا، ئەكرەم هاتە قسە و لە تۆمارێكی دەنگیدا كە بۆ (رووداو)ی ناردووە، داوای لێبووردن لە بنەماڵەی كەمال دەكات و دەڵێت: “من ئامادەم خۆم رادەستی پۆلیس بكەم، بەڵام بەو مەرجەی هەردوو بنەماڵە پێكبێن، بۆ ئەوەی خوێنی دیكە لە نێوانمان نەڕژتێ، چونكە بەبێ چارەسەركردنی كێشەكە، خۆڕادەستكردنی من سوودێكی نابێ”.
ئەكرەم سەبارەت بە تاوانەكە دەڵێت “خوا كوێری كردم، ماڵی خۆم وێرانكرد، ئێمە خزمی یەكدین، من حەزم نەدەكرد ئەو تاوانە بكەم، بۆیە داوا لە هەموو لایەك دەكەم هاوكاربن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە”.
كەمال رەمەزان، خێزاندار و باوكی شەش منداڵ بوو، ساڵی 2004 كوردستانی جێهێشت و لە بەریتانیا نیشتەجێ بوو، تەنیا سێ رۆژ بوو بە سەردان گەڕابووەوە كوردستان، بەنیاز بوو مانگێك لە كوردستان بمێنێتەوە.
ئەكرەم كۆنفۆ دان بە هەڵەی خۆیدا دەنێت و دەڵێت: “هەموو مرۆڤێك قابیلی هەڵەیە، بۆیە داوای لێبوردن لە بنەماڵەی قوربانییەكە دەكەم و داوایان لێدەكەم بە چاوی سۆزەوە سەیرم بكەن”.
گوتیشی: “هەر كاتێك ئەوان لەگەڵ بنەماڵەكەم پێكهاتن، منیش خۆم رادەستی هێزە ئەمنییەكان دەكەم”.
ئەكرەم باسی هۆكاری كوشتنی كەمال دەكات و دەڵێت: “لە كۆمەڵگەیەكی عەشیرەتگەری وەكو كوردستان، پیرۆزترین شت شەرەف و نامووسە، كاتێك باسی شەرەف و نامووست دەكرێ، زۆر زەحمەتە بتوانی خۆت كۆنترۆڵ بكەی. كاتێك كەمال قسەی پێگوتم، بەرچاوم تاریك بوو، من بۆ كوشتنی ئەو نەچووبووم، چونكە ئەگەر مەبەستم كوشتنی بووایە نەدەچوومە بەر دەرگای، بەڵكو بۆسەم بۆ دادەنایەوە و دەمكوشت، بەبێ ئەوەی كەس بزانێ”.
سەبارەت بەو كێشەیەی لە نێوانیاندا بوو، ئەكرەم گوتی “سێ مانگ بەر لەوەی كەمال بگەڕێتەوە كوردستان، لە رێگەی تەلەفۆنەوە جنێوی پێدام. منیش پێمگوت كاتێك گەڕایەوە كوردستان یەكدی دەبینین. شەوی رووداوەكە تاكسییەم بەكرێ گرت بەو نیازەی بچم پێی بڵێم بۆچی جنێوم پێدەدات”.
كاتێك ئەكرەم دەگاتە بەردەم ماڵی كەمال، بە شوفێری تاكسییەكە دەڵێت بڕۆ بانگی كەمال بكە و پێی بڵێ ئەكرەم ئیشی پێتە. ئەكرەم دەڵێت “كاتێك بینیم لێم پرسی ئەوە بۆچی جنێوم پێدەدەی، دیسان دەستی بە جنێودان كردەوە، ئیدی من تووڕە بووم و سێ گوللەم لێدا”.
ئەو شۆفێرەی ئەكرەمی گەیاندبووە لای ماڵی كەمال ئێستا لە زیندانە. ئەكرەم دەڵێت، ئەو هیوادارە دەرچەیەك بۆ چارەسەری كێشەكە بكرێتەوە، تاوەكو ئەویش خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكان بكات و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەی بكرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
