نەتەوەيێن ئێكگرتى ل بلندترين ئاست داخوازا جێبەجێکرنا رێککەفتنا شنگال دکت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنی شنگال بە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو ئاراستەیەکی راست ناودەبات و داوا دەکات رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “رێککەوتنامەکەی شنگال کە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو ئەنجامدرا ئەرێنییە و هەنگاوی یەکەمە. هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئاراستەیەکی راست. پێویستە ئەو رێککەوتننامەیە وەکو ئەوانی دیکە بە تەواوی جێبەجێبکرێت. ئێمە هانی گفتوگۆ دەدەین لە نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر لایەنی ئیداری و خزمەتگوزاری و ئەمنی لە قەزای شنگال”.
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی بە رووداو راگەیاند کە “نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە لە هەر بابەتێک کە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە پێویست بێت”.
فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد کە “سکرتێری گشتی چاودێری دۆخی شنگالی کردووە. جارێکی دیکە پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکانی دووپاتکردەوە بۆ حکومەتی عێراق و بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی کۆتایی بە نەهامەتییەکانی خەڵکی شنگال بێنن”.
ئەم هەڵوێستەی سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان رەنگدانەوە کۆدەنگییەکی سیاسییە لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایش دەربارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال.
ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییە تەنها بۆ شنگالە و لەبارەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە نییە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تەنها لەسەر شنگال ئەو کۆدەنگییە هەیە کە دۆخەکەی پێویستی بە ئاساییکردنەوەیە. ئەمەش زیاتر لەبەر سێ هۆکار:
یەکەم: رزگارکردنی شنگال و خەڵکەکەی یەکێک بوو لە بیانووە سەرەکییەکانی ئەو پرۆژە بڕیارانەی کە بوونە بیانووی دەستدرێژی سەربازی و خەرجکردنی ملیارەها دۆلاری یارمەتی نێودەوڵەتی بۆ سەرخستنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، کە دەکرا لە قەیرانە مرۆییەکانی دیکە خەرجبکرایە.
دووەم: ئەو راستیەیە کە ئەم دۆخەی ئێستای شنگال و بوونی پەکەکە و میلیشیاکان تێیدا بیانوویەکی سیاسی بەهێزی داوەتە تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەو ناوچانە.
سێیەم: گرنگیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە دۆخی شنگال، هاوسۆزی رای گشتی ئەمریکا و ئەوروپا و تەنانەت رووسیاشە بۆ دۆخی کوردانی ئێزدی بەتایبەتی ژنانی قوربانی داعش کە هێشتا بەشێکیان لە کەمپەکانی ئاوارەن و یارمەتیی پێویست نەدراون.
ئەمینە محەمەد، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “پێویستە ئێمە کاری زیاتریان بۆ بکەین. پێویستە وەکو سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر یارمەتییان بدەین هەر لە ناوچەکانی خۆیان کە تیمەکانمانی لێن بە هاوکاری حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان. ئێمە بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی دەنگمان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بدەن بە دۆخی ئەو ئافرەتانە کە رۆژانە لەم دۆخە دەژین. ئەمە ئەوە نییە بڵێیت با 6 مانگی دیکە یارمەتییان بدەین. پێویستە ئێستا یارمەتیان بدەین”.
ئەو وەڵامەی دووەم باڵاترین بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو دوای داواکاریی ژمارەیەک لە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دێت بۆ پەلەکردن لە کارەکانی ئەو تیمە نێودەوڵەتییەی کە ئێستا لە عێراق و باشووری کوردستان لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دەکات و بەڵگەکان کۆدەکاتەوە کە دەکرێت یەکەمین هەنگاو بێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی.
بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 2020/10/09 حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارۆچکەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان رێککەوتنێکیان واژۆکرد.
بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت سەرجەم هێزەکان بچنە دەرەوەی شنگال، لەوانەش حەشدی شەعبی، ئیدارەی هاوبەش لە قەزاکە پێکبهێنرێت و دۆسیەی ئەمنی لەدەست حکومەتی فیدراڵی بێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
