چیرۆکا داى شەمێ کو شەش کوڕێن وێ ب دەستێ داعش هاتينه کوشتن
رووداو دیجیتاڵ
دایکە شەمێ یەکێک لەو دایکە کوردە ئێزدییەی نۆ کەسی خێزانەکەی و 24 کەسی دیکەی ماڵباتەکەی بوونە قوربانی و دیلی دەستی داعش. دایکە شەمێ ماوەی حەوت ساڵە لە ساڵیادی هێرشی سەر شنگال لە 3ـی ئاب خۆراک دروست دەکات و بەسەر دەرودراوسێیەکانیدا دابەشی دەکات و ئەو کارە وەک خۆی دەڵێت، “ئارامی بە دڵی دەبەخشێت.”
ئەمڕۆ سێشەممە 3-8-2021 دایکە شەمێ، لە کەمپی چەمشکۆ لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە بەشداری بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 07:00ـی رووداوی کرد، کە جەعفەر موبەشرنیا پێشکەشی دەکات.
لەبارەی ژمارەی ئەو قوربانیانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە داویانە، دایکە شەمێ گوتی: “33 کەسی ماڵباتەکەم بوونە قوربانی و دیلی دەستی داعش، لەو 33 کەسە 13 یان گیانیان لەدەستداوە، 18ـی دیکەیان رزگارکراون و بووکێکێم و کوڕەکەی لە دەستی داعشی تیرۆریستدا ماون، ئەگەرچی داوام کردووە بچمە نێو کەمپی هۆل بۆ ئەوەی بەدوایاندا بگەڕێم، بەڵام رێگەم پێنادەن.”
دایکە شەمێ، کە نۆ کەسی خێزانەکەی بوونەتە قوربانی دەڵێت: “شەش کوڕم لەلایەن داعشەوە کوژران، کچێکم ئامادەنەبوو خۆی بداتە دەست داعش و دەستی خۆی بڕی و خۆی کوشت، لە کوڕەکان ئێستا تەنیا کوڕێکم ماوە ئەویش دوو گوللـەی بەر قاچی کەوتووە و کەمئەندام بووە.”
لەبارەی داواکارییەکانیان ئەو دایکە کوردە ئێزدیە هیوا دەخوازێت بەر لە مردنی لە ژیانی ژێر چادری رزگاری ببێت و دەڵێت: “پێش ئەوەی بمرین لەژێر ئەو چادرانە رزگارمان ببێت و بچینە سەر ماڵێک، سبەی بگەڕێمەوە شوێنی خۆمان، چوار رۆژی دیکە منداڵی منداڵەکانمان ئەو منداڵانەی ماومن لەگەڵ خۆم ببەمەوە، ترسی ئەوەمان هەیە فەرمانێکی دیکە بەسەر من و منداڵەکانم دابێت، ناتوانین بۆ هیچ شوێنێک بڕۆین. بۆیە داوا دەکەم شوێنێک بۆمن منداڵەکانم دابین بکەن، ماوەی حەوت ساڵە لەژێر ئەو چادرانە رزاین، ژیانمان لەسەر دونیا نەماوە.”
دایکە شەمێ ماوەی حەوت ساڵە لە 3ـی ئابدا خۆراک دروست دەکات و دەیکاتە خێر و بەسەر دەرودراوسێیەکانی لەنێو کەمپەکەیان دەیبخشێتەوە، ئامانجیش لەو کارە وەک دایکە شەمێ رایگەیاند، “بەو خێرەی دەیکەم دڵ ئارام دەبێتەوە، چونکە تاوەکو ئێستاش نازانم گۆڕی منداڵەکانم لەکوێن، تەنانەت ئێسکەکانیشیان نەماوە.”
ئەمڕۆ سێشەممە 3-8-2021، حەوت ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان تێدەپەڕێت. بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش کە بارەگای سەرەکیی لە هەرێمی کوردستانە کە لە شوباتی ساڵی 2021 بڵاوی کردووەتەوە، لە 3ـی ئابی ساڵی 2014وە ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق بە گشتی نزیکەی 550 هەزار کەس بووە، بەڵام بەهۆی هێرشی داعشەوە نزیکەی 360 هەزاریان ئاوارە بوون، کەچی تاوەکو ئێستا تەنیا 150 هەزاریان گەڕاونەتەوە شنگال.
بە گوێرەی ئەو ئامارە، ژمارەی شەهیدانی ئێزدی لە چەند رۆژی سەرەتای هێرشەکەی داعشدا گەیشتووەتە هەزار و 293 شەهید. هەر ئەو هێرشە بووە هۆی بێباوانکردنی دوو هەزار و 745 منداڵی ئێزدی.
تاوەکو ئێستا 82 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، ئەوە جیا لە دۆزینەوەی دەیان گۆڕی تاکەکەسی، لە کاتێکدا داعش 68 گۆڕی پیرۆز و مەزارگەی ئایینیی ئێزدییەکانی تەقاندووەتەوە و ئەو هەموو رووداوانەیش بوونەتە هۆی کۆچکردنی زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی بۆ دەرەوەی عێراق.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەکە، شەش هەزار و 417 ئێزدی لەلایەن داعشەوە رفێندراون کە سێ هەزار و 548 رفێندراویان لە رەگەزی مێن و دوو هەزار و 869 رفێندراویان نێرن.
تاوەکو مانگی شوباتی 2021 سێ هەزار و 545 لەو رفێندراوانە لە دەستی داعش رزگارکراون، هەزار و 205ـیان ئافرەتن، 339یان پیاون، 2001 رزگارکراویشیان منداڵن، بەوەیش هێشتا چارەنووسی دوو هەزار و 768 ئێزدیی دیار نییە کە هەزار و 298ـیان مێن.
تاوەکو ئێستا 16 رێکخراوی نێودەوڵەتی و پەرلەمانی وڵاتان کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە، لە نێویاندا پەرلەمانی هۆڵەنەدا، بەلجیکا، ئەوروپا، کەنەدا، ئەرمینیا و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
