7 سال بسەر كۆمكوژيا ئێزديان دهرباز دبن
هەولێر-KDP.info-![]()
لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤، داعش هێرشی كردە سەر شنگال و بە هەزاران كچ و ژنانی ئێزدی رفێنران و هەزاران كەسیش ئاوارە كران و شارەكە بە تەواوی كەوتە دەست داعش، كە بە سەدان كەسیش شەهید كران و تا ئێستاش شارەكە بە وێرانی ماوەتەوە.
بە پێی ئامارەكانی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی دەستی داعش، كە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی ئەو كات لە ساڵی ٢٠١٤ـدا و لە دوای ئەو كۆمەڵكوژییە دامەزرا، داعش لە كۆی ٥٥٠ هەزار كەسی ئێزدی، ٣٦٠ هەزار كەسی ئاوارە كردن و ١٥٠ هەزار كەسیش تا ئێشتا گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان لە شنگال.
لە دوایین ئاماردا لە ١/٨/٢٠٢١، كە لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە متمانەپێكراوە و بڵاو كراوەتەوە، هاتووە كە ١٢٩٣ كەس لە دەستپێكی كۆمەڵكوژییەكەدا شەهید كراون و ٢٧٤٥ كەسیش بێ دایك و باوك ماون، هەروەها ٨٢ گۆڕی تاكەكەسی و بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، ٦٨ مەزارگە و نیشانگەی ئێزدییان خاپوور كراون و ١٠٠ هەزار كەسیش چوونەتە دەوەوەی وڵات.
ئەوەش خراوەتە روو، ٦٤١٧ كەس رفێنران، لەوانەش ٣٥٤٨ كەس لە ڕەگەزی مێن و ٢٨٦٩ كەس لە ڕەگەزی نێرن، لەوانەش ٣٥٥٠ كەس ئازاد كراون و لە كۆی ئەم ئازادكردنەش ١٢٠٦ كەس ئافرەتن و ٣٣٩ پیاون و ١٠٤٩ كەس منداڵی ڕەگەز مێن و ٩٥٦ منداڵی ڕەگەز نێرن.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە، لە كۆی چەندین كەسی رفێنراو، ١٠٤ كەس هاتوونەتە كوشتن و تەرمەكانیان دۆزراونەتەوە، ئەوانەی لەدەست داعشدا ماون ٢٧٦٣ كەسن و ١٢٩٣ كەس لە ڕەگەزی مێن و ١٤٧٠ كەس لە ڕەگەزی نێرن.
دوای ئاوارەبوونی خەڵكی شنگال و دەوروبەری، بە بڕیاری دەسەڵاتدارانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خەڵكی كوردستان بە تەواوی دەرگای خۆیان بە رووی ئاوارەكاندا كردووە و هەمووشیان هاوكارییان گەیاندە شنگال، كە ئەو كات حكوومەت لە قەیرانێكی قوڵی داراییدا بوو و شەڕی دژی داعش دەكرد.
سەرۆك بارزانی دەربارەی شنگال چی گوت؟
پاش ئاوارەبوونی خەڵكی شنگال؛ سەرۆك بارزانی لەگەڵ میر و ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدی و پیاوماقوڵانی ئێزدی كۆبوویەوە و ڕایگەیاند، بڕوا بكەن دڵم لە هی ئێوە بریندارتر و موتەئەسیرترە، بەڵام بەڵین بێت ئەم تۆڵەیە لەم دوژمنانە بكەینەوە.
سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاند، كاتێك كۆمەڵكوژیی ئێزدیان ڕووی دا، بابەشێخ هاتە لام و گوتی، ئێزدیخان تەواو بوو، منیش پێم گوت: ئەگەر ئێزدیخان تەواو بوو؛ كوردستانیش تەواو بوو، چونكە ئێزدیخان و ئێزدی؛ واتە كورد، واتە كوردستان، ئەو كاتەی گوتم ئێزدییەكان كوردی ڕەسەنن، لە لای خۆم نەمهێناوە، چونكە بە حەقیقەت ئێزییان ڕەسەنایەتیی كوردیان پاراستووە، ئەو باجەی داویشیانە، مومكینە یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بووبێت كە كوردایەتییان پاراستووە، ئایینیان بە كوردی پاراستووە و عادات و تەقالیدیان بە كوردی پاراستووە، زمانی پاكیان بە كوردی پاراستووە، لە بەر ئەوەش دەبێ ئێمە گرنگییەكی باشتر بە ئێزدیان بدەین.
دواتر لە سەری چیای شنگال سەرۆك بارزانی پەیامێكی بە بۆنەی ئازادكردنی شنگال ڕایگەیاند و گوتی: “سوپاس بۆ خوا و پێشمەرگە قارەمانەكان، كە لەم رۆژە مێژووییەدا داستانێكی گەورە تۆمار كرا لەسەر دەستی ئەوان، بۆیە لێرەوە مژدەی ئازادكردنی شنگال بە گەلی كوردستان ڕادەگەیەنم”.
گوتیشی: “ئەم سەركەوتنە پیرۆزە لە پێشمەرگە قارەمانەكان و خوشك برایانی ئێزدی، ئەم داستانە بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەكان تۆمار كرا، ئێمە بەڵێنمان دا و بەڵێنی خۆشمان بردە سەر، ئێستا لە شنگالین و بۆ خوشك برایانی ئێزدی دووپات بووەوە كە گەلی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشت و پەنایانن، ئەوان تەنیا نین، دەریشكەوت كە ئەوان بەشیكی ڕەسەنی گەلی كوردن، با هەموو تاكێكی ئێزدی سەری خۆی بەرز بكات و بێ منەت بێت و بڕوای بە خۆی هەبێ، با هەموو كچێكی ئیزدی دەنگی خۆی بەرز بكات و بڵی: كچم، كچا كوردانم و هێمای شەرەفی كوردانم. تۆڵەیان كرایەوە بەم سەركەوتنە، تۆڵەی پێشمەرگە، تۆڵەی مەردایەتییە نەك تۆڵەیەكی نامەردانە، تۆڵەی هەموو خوشك و برایانی ئێزدی كرایەوە، لێرەوە سوپاسی گەرمی ئەمەریكا و پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانان دەكەم و پشتیوانێكی گەورە بوون”.
“هەموو ئاواتم ئەوەبوو ببینم هەموو ئەو تاوانبارانە بكەونە ژێر قاچی ئێزدییان و ئەمڕۆش دیتم هەموویان كەوتەنە ژێر قاچی ئێزدییان”. سەرۆك بارزانی وای گوت.
شەڕی هێزە نایاساییەكان
دوای ئازادكردنی شنگال و هاتنی حەشدی شەعبی و پەكەكە، جارێكی تر شنگال كەوتە ژێر دەستی ئەم هێزانە و شنگال بە كاولی مایەوە و ئەم هێزانەش جارێكی تر دەستیان بەسەر شنگالدا گرت، لەوبارەیەوە شێخ شامۆ شێخۆ، راوێژكاری سەرۆكی حكوومەت بۆ كاروباری ئێزدییان دەڵێ، ٧ ساڵ تێپەڕیوە و هێشتا دۆخەكە هەر وەك جارانە و قەدەری شنگال هەر وەك خۆییەتی و دژوار و سەختە و ئەم قەدەرە جڤاكی و جوگرافییە، هەڵگری ئەم پەیامەیە و پەیوەستە بە كوردستان و دانەبڕاوە لێی، پێمان واییە كلیلی چارسەرەی كێشەی شنگال ئەوەیە ڕێككەوتنی شنگال بكەوێتە واری چێبەجێكردنەوە.
پرسی بەجینۆسایدناسان
راوێژكاری سەرۆكی حكوومەت بۆ كاروباری ئێزدییان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: “لە گەڕی دانوستاندنە دیپلۆماسییەكانی نێوان حكوومەتی ئەمەریكا و عێراق، یەكێك لە پرسە گرنگەكان ڕێككەوتنی شنگال بوو، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە گرنگە و دەبێ ئێزدییەكان لەم دۆخە رزگاریان بێت، گەیشتینە ئەو بڕوایەش كە بەدیلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان نییە، چونكە تەنیا ئەوان خاوەنی شنگالن.
ئاوارەبوونی پێچەوانە
پاش حەوت ساڵ لە كۆمەڵكوژیی ئێزدییان، كەچی خەڵكی شنگال ئێستا شنگال بە شوێنی ژیانكردن نازانن، لەوبارەیەوە شێخ شامۆ رایگەیاند: “خەڵك ناتوانن بگەڕێنەوە شارێك كە هیچ كەڵكی ژیانكردنی تێدا نەبێ، بۆیە تا دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم و پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، خەڵكیش ناگەڕێتەوە، خەڵك باش لەوە تێگەیشتووە ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی و پەكەكە هیچ جارێك نەبوونەتە هی خەڵكی شنگال و ناشیانەوێت شنگال ئاوەدان بكرێتەوە، بۆیەشە خەڵك بە ئارەزوومەندانە نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەستەڵاتە ناشەرعییەكان، چونكە ئەو دۆخە، دۆخێكی مەترسیداری موخابەراتی و ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانە”.
هەوڵەكانی حكوومەت
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی ٨ و ٩ـدا هەموو هەوڵێكی ئەوە بووە كە دەبێ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزدییەكان و پێكهاتە نەتەوەییەكانی دیكە بكرێ، بۆیەشە دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند، حكوومەت هەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا كار بۆ پرسی ناساندنی كەیسی ئێزدییەكان بكرێ بە جینۆساید.
ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “بە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی حكوومەتی هەرێم، پەرلەمانی وڵاتانی دونیا كار بۆ ئەم پرسە دەكەن و بینیشمان بەم هەوڵانە پەرلەمانی هۆڵەندا و بەلجیكا دوو وڵاتی خاوەن نفوز و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی بەهێز، دانیان بەم كۆمەڵكوژییەدا نا وەك جینۆساید و بەردەوامیش پەرلەمانی وڵاتانی دیكە دانی پێدا دەنێن لە ئایندەدا”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
