دژە تیرۆرا كوردستانێ گرۆپهكێ داعش ل هەولێرێ دەستهسهركر
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دژە تیرۆری کوردستان گرووپێکی داعشیان لە هەولێر دەستگیرکردووە کە پلانیان ھەبووە کردەوەی “تیرۆریستی” ئەنجام بدەن. هەروەها پێشتر یەکێکیان ناردووەتە بەغدا و لە شاری سەدر خۆی تەقاندووەتەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، “بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى دژەتیرۆرى کوردستان، گرووپێكی ویلایەتى شیمال بەغدادى سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە شارى هەولێر دەستگیر دەکات. ئەم گرووپە پێکهاتبوون لە گرووپێکی ئەمنی و لە ماوەى رابردوودا هەستاون بە دروستکردنى مەفرەزەیەک لە شارى هەولێر و دابینکردنى کەسانى خۆکوژ بۆ ئەم مەفرەزە و توانیویانە سێ خۆکوژ دەستبەر بکەن”.
ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی ئەندامانی ئەو گرووپە بڵاودەکاتەوە. یەکێک لەو کەسانەی دەستگیرکراوە ناوی محەممەد عەبدولکەریمە و لەدایکبووی 1996ـە، ئەو لە دانپێدانەکانی دەڵێت، “نزیکەی ساڵێک دەبێت بەهۆی وتارەکانی مامۆستا کامەران کەریم و مامۆستا ئیسماعیل سووسەییەوە بیرۆکەی جیهادیم بۆ دروستبووە”.
یەکێک لە ئەندامەکان ناوی ئادەم سلێمان سەعدییە، باوکی پێشتر ئەندامی ئەنسارولئیسلام بووە، خەڵکی هەولێرە و لەدایکبووی 1997ـە. ئەو دەڵێت، لە رێگەی راگەیاندنی داعشەوە بیرۆکەی بوون بە ئەندامی لەو رێکخراوە بۆ دروستبووە و سەرەتاش هەر لە راگەیاندنی رێکخراوەکە کاری کردووە.
ئادەم لە دانپێدانانەکانی دەڵێت، هاوڕێیەکی هەبووە بە ناوی محەممەد شەعبان کە هەمان بیرۆکەی هەبووە و پێکەوە رێککەوتوون کە گرووپێک لە ناو هەولێر دروستبکەن و سەر بە رێکخراوی داعش بێت. دواتریش پەیوەندییان بە ئەندامێکی داعش لە بەغدا کردووە بە ناوی سەعد ئەحزین، ئەویش بەرەو ویلایەتی شیمال بەغدا ئاراستەی کردووە کە کەسێک بە ناوی سەیف سەرپەرشتیان بووە.
ئادەم سلێمان و محەممەد شەعبان هەوڵیانداوە کە گرووپەکەیان گەورەتر بکەن لە شاری هەولێر، دوای ماوەیەک توانیویانە چەند ئەندامێک زیاد بکەن بۆ گرووپەکەیان کە بە گوتەی ئادەم ناوەکانیان ئەمان بوون: سەمیر، ئیدریس، مەلا میکائیل، محەممەد عەبدولکەریم، ئاکام و ئیبراهیم زیاد.
بە گوتەی ئادەم سلێمان، چەند جارێک لە ماڵی خۆیان لە هەولێر کۆبوونەتەوە و لەبارەی ئەمنییەتی گرووپەکەیان کردووە، دواتر سەیف پێی گوتوون کە کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجام بدەن و ئەوانیش رەتیانکردووەتەوە، چونکە پێیانوابووە لە هەولێر بەهۆی بەرزیی ئاستی ئەمنییەتەوە، ناتوانن کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
دوای ئەوەی کە رەتی دەکەنەوە لە هەولێر کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، سەیف داوایان لێدەکات کە کەسانی خۆکوژ بنێرنە بەغدا، ئەوانیش هیدایەت محەممەدیان ناردووە و لە شاری سەدری بەغدا لە رۆژی عەرەفە خۆی تەقاندەوە.
رۆژی 19-07-2021 لە شاری سەدری بەغدا تەقینەوەیەک روویدا کە بووە هۆی کوژرانی 30 کەس و برینداربوونی 50 کەسی دیکە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “لە یەکێک لە کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەم گرووپە یەکێک لە خۆکوژەکانیان بە ناوی (هیدایەت) لە رێککەوتی 19ی تەممووزی 2021 لە رۆژی عەرەفەی جەژنی قوربان لە ناوچەی مەدینە سەدری شاری بەغدا خۆی تەقاندووەتەوە”.
هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایش دەشڵێت، “ئەم گرووپە هەستاون بە کڕینی چەک و پێداویستیی سەربازیی و رەوانەکردنیان بۆ بەغدا، هاوکات لە پیلاندا بوون تا لە داهاتوودا کردەوەی تیرۆریستیی زیاتر ئەنجام بدەن، بەڵام بە هەوڵ و چاوکراوەیی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان توانرا ئاشکرا بکرێن و ئەندامانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە دەستگیر بکرێن”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
