جۆ بایدن:خەلیفێ داعش ل پشت جینۆسایدا ئێزدیان بوو
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا کە باسی کوشتنی خەلیفەی دووەمی داعشی لە باکووری سووریا کرد، جەختیکردەوە کە بەردەوام دەبن لە کارکردنیان لەگەڵ “هاوبەشە نزیکەکانیان” بۆ گوشارخستنە سەر داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان. دەشڵێت، ئەو “تیرۆریستە” لەپشت جینۆسایدی کوردانی ئێزدییەوە بووە لە 2014.
سەرۆکی ئەمریکا زانیاری لەبارەی هێرشی هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ماڵی ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی، خەلیفەی دووەمی داعش لە باکووری سووریا باسکرد و گوتی، دوای ئەوەی گەمارۆ دراوە، خۆی تەقاندووەتەوە و چەند ئەندامێکی خێزانەکەی لەگەڵ خۆیدا کوشتووە.
جۆ بایدن باسی تاوانەکانی پێشتری ئەو “تیرۆریستەی” کرد کە لەلای ئەمریکا بە (حاجی عەبدوڵڵا) ناسراوە و ئاماژەی بە کوشتن و رفاندنی کوردانی ئێزدی لە شنگال لە ساڵی 2014 کرد. گوتی “ئەو پلانداڕێژەری جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان بوو لە باکووری رۆژئاوای عێراق لە 2014.”
سەرۆکی ئەمریکا هەندێک لەو تاوانانەی بەبیرهێنایەوە کە داعش دژی کوردانی ئێزدی ئەنجامیدان. گوتی، “هەموومان ئەو چیرۆکە خەمگینانەمان بیرە کە کوشتنی بەکۆمەڵی تێدابوو و بەتەواوی گوندێکیان خاپوور دەکرد، هەزاران ژن و کچی گەنج وەکو کۆیلە فرۆشران، دەستدرێژیکردنی سێکسی وەکو چەکێکی جەنگ بەکاردەهات.” بەڵام “سوپاس بۆ هێزە ئازاکانمان، ئەو تیرۆریستە خراپە ئیدی لە ژیاندا نییە.”
هاوکات بایدن باسی دوایین کاری ئەو “تیرۆریستە”ـی کرد و گوتی، هێرشی سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە بە فەرمانی ئەو بووە و ئەو “بەرپرس بووە.” کە “هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە ئازایانە رووبەڕوویان بوونەوە.”
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کوشتنی ئەو خەلیفەیەی داعش تویتێکی کردووە و پیرۆزبایی لە ئەمریکا و هێزە تایبەتەکان دەکات بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە و کوشتنی خەلیفەکەی داعش. دەڵێت “کوشتنی تیرۆریست ئەبو ئیبراهیم ئەلقورەیشی و نەهێشتنی لەم هەرێمە کە ئازار و مەینەتیی زۆری بۆهێناوە، لەلایەن خەڵکی ئێمە و خوشکوبرا ئێزدییەکانەوە پێشوازی لێدەکرێت.”
چی لەبارەی قەرداشی یان ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی دەزانیت؟
لە دوای کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی لە 27 تشرینی یەکەمی ساڵی 2019، ئەبوو ئیبراهیم قورەیشی بووە سەرۆکی نوێی رێکخراوی داعش.
محەممەد سەعید عەبدولڕەحمان یان عەبدوڵڵا قەرداشی بە رەچەڵەک تورکمان بوو و نازناوی قورەیشییە. ئەو لەدایکبووی ساڵی 1976ی شاری موسڵە. پێش 2003، قورەیشی ئەفسەری سوپای عێراق بووە. دوای رووخانی سەدام حوسێن ناوی لەنێو گرووپە تووندڕەوەکان دەرکەوت.
قورەیشی دەرچووی کۆلێژی ئیمام ئەعزەمە، کەسێکی نزیکی ئەبوبەکر بەغدادی بووە و یەکێک لەو کەسە دەگمەنانەیە کە ئەبوبەکر بەغدادی متمانەی پێکردبوو و چەندین ئەرکی پێسپاردبوو و پێشنیازی بۆ کردبوو ببێتە خەلیفە.
محەممەد سەعید عەبدولڕەحمان ناوە راستەقینەکەی محەممەد ئەمیر سەعید مەولایە. ناوی دیکەشی هەیە وەک؛ عەبدوڵڵا قەرداش، ئەبو عومەر تورکمانی.
16 ساڵ لەمەوبەر قوڕەیشی لەگەڵ چەندین سەرکردەی داعش و قاعیدە لەوانەش، ئەبوبەکر بەغدادی لە زیندانی بۆکا بووە. هەر لەوێش بەغدادی ناسیوە.
خەلیفەی دووەمی داعش لە ساڵی 2014 بەشداری لە گرتن و کوشتن و بە کۆیلەکردنی کوردانی ئێزدیدا هەبووە. ئەبو ئیبراهیم قورەیشی، لە 2004-2005 بەیعەتی بە رێکخراوی قاعیدە داوە. فتوای لەبارەی کاروباری شەرعی دەرکردووە.
قورەیشی دوای ئەوەی بەیعەتی بە خەلیفەی داعش دا، چەندین پلە و پۆستی لەنێو رێکخراوەکەدا هەبوو، لەوانە: لێپرسراوی شەرعی رێکخراوی داعش بووە لە ویلایەتی نەینەوا، ئەندامی ئەنجوومەنی شوورا و جێگری سەربازی ئەبوبەکر بەغدادی.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
