مەسرور بارزانی: زێدهبوونا پشكداريا ئافرەتان ل هەموو بواران دا نیشانا پێشکەفتنا مهيه
باسنيوز:
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئافرەتانی کورد بە بوێریی خۆیان ناوی کوردستانیان بەرز ڕاگرتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8-3-2022، بە چاودێری و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان لەژێر ناونیشانی ”یەکسانی جێندەریی ئەمڕۆ، بۆ داهاتوویەکی بەردەوام” بەڕێوە چوو.
مەسرور بارزانی لە وتارێکدا لە ڕێوڕەسمەکە ڕایگەیاند: کۆڵنەدانی ئافرەتانی کوردی ئێزدی بەرامبەر ئەو هەموو ستەمەی دەرحەقیان کرا، ورە بە هەمووان دەبەخشن.
دەقی وتاری مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان
بەڕیزان، سپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم لێرە و خۆشحاڵم کە لێرە لەگەڵتانم.
پێش ئەوەی من دەست بە وتارەکەی خۆم بکەم حەزم دەکرد ئاماژە بە وتاری بەیان عوسمان بدەم و پێی بڵێم کە ئێمە چەند شانازیت پێوە دەکەین و شانازی بە شێرەژنی کوردستان و هەموو دایک و خوشک و کچی شەهیدانمان دەکەین و ئەو قوربانییەی ئێوە داوتانە، ئێمە هەرچی بکەین ناتوانین قەرەبووتان بکەینەوە، جگە لەوەی کە درێژەپێدەری ئەو ڕێگە پیرۆزە بێن و ئێمەش وەک کوڕە شەهیدەکانت گیانی خۆمان لەپێناو گەل و نیشتمانمان بەخت بکەین.
دەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم کە ئەو هەموو غەدر و زوڵم و ناحەقییەی دەرحەق بە خوشک و دایکانی ئێزدی کرا، دەبینین کە دیسان ئەوان بەردەوامن لە کارکردن و خزمەتکردن و نەک هەر ورەیان نەڕووخا، بەڵکوو ئەوان ورە بە ئێمەش دەبەخشن.
خۆشحاڵم کە دەبینم چەندین خانمی سەرکەوتوو لێرەن و هەندیكیان باسی چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیانیان کرد و زۆریش لەوانەیە دەرفەت نەبووبێت بێن و باسی سەرکەوتنی کارەکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام دڵنیا بن بە بەشداریی زیاتر و کاراتری ئافرەت لە کۆمەڵگەی ئێمە دەتوانین کوردستانێکی ئاوەدانترمان هەبێت.
سەرەتا بە بۆنەی 8ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم و دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی خانمان و گەشەپێدان و گشت ڕێکخراوانی ئەم بۆنەیە دەکەم کە تایبەتە بە ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان لەژێر ناونیشانی ”یەکسانی جێندەریی ئەمڕۆ، بۆ داهاتوویەکی بەردەوام”.
ئاشکرایە ئافرەتانی کوردستان لە درێژایی مێژووی گەلی کوردستان و لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەمیشە بەشدارییەکی کاریگەریان لە بوارە جیاکانی ژیان و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستاندا هەبووە، لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی گەلی کوردستاندا ئافرەتانی پێشمەرگە نموونەی ئازایەتی و گیانفیدایی و قوربانیدان بوون و لەڕووی وڵاتپارێزی و گیانبەختکردن و پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتمان شان بە شانی برا پێشمەرگەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و بوێریی ئافرەتانی کورد، ناوی کوردستانیان بەرزتر کرد.
ئەمڕۆش ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی دیار و کارا لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەگێڕن و ئافرەتانی پۆلیس و ئەفسەرەکانی دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە ئاستی لێهاتوویی ڕۆڵی کاریگەری ئافرەت بسەلمێنن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی ژنان و ئافرەتانی کوردستانیش لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا پێشکەوتنێکی بەرچاو و پەیام و ئاماژەیەکی ڕوونی کۆمەڵگەی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بۆ زیاتر برەودان بە بنەماکانی یەکسانیی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لەدژی ئافرەتان، بۆ نموونە لە کابینەی نۆیەمدا ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکوومەت و سەرۆکایەتیکردنی زانکۆکان و بەشدارییان لە جومگەکانی تری حوکمڕانی و بوارە خزمەتگوازرییەکان و کەرتی تایبەتیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بێگومان کارکردن بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئافرەتان و پاراستنی مافەکانیان و بەهێزکردنی پێگە و بەشداریی ئافرەتان لە هەموو کایەکانی ژیان و بەتایبەتی بەڕێوەبردندا تەنیا ئەرکی حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی نییە، چونکە خێزان و سیستەمی پەروەردە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زانایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئێمە هەموومان بە یەکەوە دەتوانین ڕۆڵێکی کاریگەرمان هەبێت لە پاراستن و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم ئافرەتان و پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ ئەوەی ڕۆڵی کارای خۆیان لەنێو کۆمەڵگادا بگێڕن. هەروەها پێویستە کار بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی جێندەری بکەین لەڕێگەی دابینکردن و هێنانە ئارای زەمینە و ژینگەیەکی سەقامگیر و لەبار بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە، چونکە دەبێ ئافرەتان بەپێی لێهاتوویی و توانای خۆیان ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان هەبێت لە هەموو کایەکانی ژیاندا، بۆ ئەوەی تواناکانی خۆیان بخەنەر گەڕ لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەیان.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستانیش وەک زۆر کۆمەڵگەی دیکە دیاردەی نەگریسی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بە شێوەی جۆراوجۆر هەیە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتوندی ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبێتەوە و پابەندبوونی خۆیشی بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەگشتی و بەتایبەتی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان دووپات دەکاتەوە. لەم پێناوەشدا حکوومەت بەردەوامە لە کارکردن بۆ بنبڕکردن و سنووردانان بۆ ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە لەڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لەناو حکوومەت و کۆمەڵگە و دابینکردنی هەلی کار و جێبەجێکردنی یاساکان و کاراترکردنی ڕۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.
لێرەدا بەپێویستی دەزانم بەتایبەتی داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەم کە هاوکار بن و ڕۆڵی گرنگ و ئەرێنیی خۆیان لە پەرەپێدانی کولتووری یەکسانیی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بگێڕن و نابێت ببنە سەکۆیەک بۆ هاندانی توندوتیژی و زیاتربوونی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان.
جارێکی دیکە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان لە گشت ئافرەتانی کوردستان و جیهان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ئافرەتان و کۆمەڵگە بەگشتی لە ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتندا بن و دوور بن لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک.
جارێکی تر سوپاستان دەکەم.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
