نوونەرێ مەسیحيان ل شنگالێ:پێتڤيه پەكەكە شنگالێ چۆل بكت
باسنيوز:
لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (باسنیوز)دا، عیسا شهمعون، نوێنەری مەسیحییان لە شنگال رایگەیاند: “حكوومەتی عێراق ناتوانێ رەوشی شنگال چارەسەر بكات، بەهۆی ئەو رەوشە نائارام و خراپەشەوە، مەسیحییەكانی شنگال نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و زۆربەیان بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە”.
(باسنیوز): رهوشی مەسیحییەكانی شنگال چۆنە و تا ئێستا چەند خێزانی ئاوارەی مەسیحی گەڕاونەتەوە شنگال؟
عیسا شهمعون: لەناو شنگالدا 52 خێزانی مەسیحی هەبوون، لەو ژمارەیەدا تەنیا یەك خێزان گەڕاوەتەوە شنگال، نیوەی ئەوانی دیكە بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە، ئەوانی دیكەیش بەهۆی ئەو رەوشە خراپەی لە شنگال هەیە، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
(باسنیوز): ئێوە بۆ چارەسەری دۆخی شنگال سەردانی بەغداتان كرد، چ شتێكی نوێ هەبوو؟
عیسا شهمعون: ئێمە لەگەڵ شاندێك لە خەڵكی شنگال چووین بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی رەوشی شنگال چارەسەر بكرێ، هەستمان كرد بەغدا هیچی پێ نییە بۆ چارەسەركردنی دۆخی شنگال، بەغدا بۆ شنگال هیچی لەدەست نایە و هیچ شتێكی نوێی بۆ باشكردنی رەوشی شنگال نییە و ساڵ بە ساڵیش دۆخەكە خراپتر دەبێ.
(باسنیوز): لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا چی بۆ شنگال و بەتایبەتی بۆ مەسیحییەكانی شنگال كراوە؟
عیسا شهمعون: هیچ شتێك نەكراوە، پێویستە بەغدا بە رژدی كار بكات بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ و چارەسەری دۆخی شنگال بكات.
(باسنیوز): لە جینۆسایدكردنی شنگالدا خەڵكی مەسیحیش لەلایەن تیرۆریستانی داعش دەستبەسەر كران، چارەنووسیان بە چی گەیشت؟
عیسا شهمعون: لە ساڵی 2014 لە جینۆسایدكردنی شنگال 52 خێزانی مەسیحی لەوێ نیشتەجێ بوون، زۆر لەو خێزانانە كەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش، بەڵام هەموویان رزگاریان بوو، تەنیا چارەنووسی چوار گەنجی مەسیحی تا ئێستا دیار نییە، هەروەها تێكڕای ماڵ و حاڵی ئەو خێزانە مەسیحییانە وێران و تاڵان كرا، سێ كەنیسەی مەسیحییان لە شنگال هەبوو هەرسێكی خراپ بوونە و چاك نەكراونەتەوە.
(باسنیوز): ئایا حكوومەتی عێراق ناتوانێ رەوشی شنگال چارەسەر بكات، یان خەمی لێ ناخوات؟
عیسا شهمعون: حكوومهتی عێراق ناتوانێ رەوشی شنگال چارەسەر بكات، تەنانەت بەغدا ناتوانێ پەكەكە و گرووپە چەكدارەكان لە بەغدا دەربكات، پێویستە پەكەكە بێ شەڕ و پێكدادان لە شنگال بچێتە دەرەوە و چۆلی بكات، ئەوە هەشت ساڵە ئێمە بەردەوام داوا دەكەین رەوشی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و پەكەكە و گرووپە چەكدارەكان بچنە دەرەوە، بەڵام تا ئێستا رەوشەكە هەر ئاڵۆز و خراپە و بەغداش هیچ خزمەتگوزارییەكی نەگەیاندووتە شنگال.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
