د. سهعید خدیده: گرووپە چەکدارەکان شنگال لە ئێزدیایەتی چۆڵ دەکەن
تۆرا راگههاندنا لالش: باس نيوز

لەچاوپێکەوتنێکیدا بۆ (باسنیوز)، د. سهعید خدیده، جێگری دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە دهۆک، ڕایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە شنگال لە ئێزدیایەتی چۆڵ بکەن و ئەمەش بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافییە بۆ ئەوەی ئێزدییەکان مێژوو و زمان و کولتووری خۆیان لەدەست بدەن و بە وڵاتاندا بڵاو ببنەوە.
(باسنیوز) هۆکاری کۆچبەربوونی خەڵکی شنگال بۆ دەرەوەی وڵات چییە و چ مەترسییەک لەسەر پاشەڕۆژی ئێزدییان هەیە؟
د. سهعید خدیده: ڕۆیشتنی خەڵکی ئێزدی بۆ ئەورووپا زۆر مەترسیدارە، بەداخەوە ئێمە دەبینین کە خەڵکی ئێمە کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات و ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە لە شنگال ئاسایش و ئاوەدانی نییە و خەڵک لە ڕەوشی شنگال نائومێد بوون، چونکە ئەوە هەشت ساڵە خەڵکی شنگال ئاوارەن و هێشتا ڕەوشی قەزاکەیان ئاسایی نەبووەتەوە و هێندێک جاریش ئەجێندای دیکە هەن کە سوود لە کۆچبەربوونی دەبینن و خەڵک هان دەدەن بۆ ئەوەی کۆچ بکەن، ئێستا کۆمەڵێک گرووپی چەکدار خەڵک هان دەدەن بۆ ئەوەی دەڤەری شنگال چۆڵ بکەن.
(باسنیوز) چۆڵبوونی شنگال لە ئێزدیایەتی چ مەترسییەکی لێ دەکەوێتەوە؟
د. سهعید خدیده: چووڵبوونی شنگال لە ئێزدیایەتی گۆڕینی دیموگرافییە و بەهۆیەوە ئێزدییەکان مێژوو و زمان و کولتووری خۆیان لەدەست دەدەن و بە وڵاتاندا بڵاو دەبنەوە و لە پاشەڕۆژدا ئەو منداڵانەی لە ئەورووپا گەورە بن، پەیوەندییان بە مێژوو و زمان و کولتووری خۆیانەوە نامێنێت، بۆیە پێویستە ئێزدییەکان زۆر هۆشیار بن و دەست لە خاکی خۆیان بەر نەدەن.
(باسنیوز) کاریگەریی فرۆشتنی زەوی و موڵک لەلایەن ئێزدییەکانەوە لە شنگال چییە؟
د. سهعید خدیده: ئەوە زۆر مەترسیدارە کە ئێزدییەکان مڵک و زەویی خۆیان بفرۆشن، چونکە شنگال لە ئێزدیایەتی چۆڵ دەبێت، ئێستا دەڤەری شنگالیان پڕ کردووە لە کێشە و ئەو دەڤەرە پڕە لە گرووپی چەکدار و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش نەتوانن لە شنگال کاری خۆیان جێبەجێ بکەن و بەهۆی ئەو بۆشاییەوە خەڵکی شنگال هان دەدرێن بۆ ئەوەی بچنە دەرەوەی وڵات.
(باسنیوز) بە بۆچوونی تۆ ڕەوشی شنگال چۆن چارەسەر دەکرێت؟
د. سهعید خدیده: دوو دوکیۆمێنتی یاسایی هەن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەتوانن بەکاریان بێنن بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی شنگال، یەکیان جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق و ئەوی دیکەیشیان جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال، ئەگەر ئەمانە جێبەجێ بکرێن، ڕەوشی شنگال چارەسەر دەبێت، بەردەوام حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، بەڵام بەغدا ڕژد نییە و نایەوێت خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی شنگال زەرەرمەند بن.
(باسنیوز) بنکەی لالش بۆ خزمەتکردنی شنگال چیی هەیە؟
د. سهعید خدیده: بنکەی لالش هاوکارییەکی مەزنی ڕۆشنبیری پێشکەشی خەڵکی شنگال دەکات، لە کاتی جینۆسایدی شنگالدا ژمارەیەکی زۆر هونەرمەند و سترانیبێژ ژیانی خۆیان لەدەست دا و بەشێکیان وڵاتی خۆیان بەجێ هێشتووە، بەداخەوە ئەوە ڕەنگدانەوەی لەناو هونەر و کولتووری شنگالدا دەبێت.
س.س
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
