ناڤهرۆكا داخوازیێن کوردێن ئێزدی د دەولەتا داھاتى يا کوردستانێ دا
باسنيوز:
بریکاری میری ئێزدیان بۆ (باس)ی روون کردەوە کە ئێزدیان داخوازیی سیاسی و ئایینی و کارگێڕی و گشتیی خۆیان لە دەوڵەتی داھاتووی کوردستان پێشکەش بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە.
حازم میر تەحسین بەگ بریکاری میری ئێزدیان بە (باس)ی راگەیاند: “داخوازیی ئایینی پێک ھاتووە لە راستکردنەوە و رەزامەندی کردن لەسەر ھەموو یاساکانی ئایینی و پاراستنی مافی ئایینی، وەک یاسای باری کەسی و یاسای باری شارستانی و کاروباری ئایین و ھەموو ئەو یاسایانەی تایبەتن بە پاراستنی مافی ئێزدی و ھەموو پێکھاتەکانی دی، ھەروەھا پاراستنی تایبەتمەندیی ئێزدیان و دروست کردنی (جڤاتی بڵندی ئێزدیان) و دەزگاکانی پەیوەست بە ئێزدیان و دروستکردن و گەشەپێدانی مەزارگەکانی ئایینی و پەرستگەی لالش و دەستنیشانکردنی جێی جوگرافیی ئەوان، کە دوور بێت لە ھەر گۆڕانێکی دیموگرافی و پاراستنی ئەوان و ناسنامەی ئێزدیانی کوردستان و پاراستنی ئەو دەڤەرانەی کە مێژوویین و قەدەغەکردنی تێکدانی دیموگرافیای دەڤەرەکان.”
میر حازم تەحسین بەگ ئەوەشی خستە روو: “داخوازیی کارگێڕیش پێک ھاتووە لە دابینکردنی مافی ھەمەجۆری کارگێڕی و دانانی پلەکانی سەرکردایەتی و پەرلەمان و ئەنجومەنەکانی ناوخۆ و دادگای دەستووری، بە تایبەتی لە دەسەڵاتی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکە و دەستەکانی سەربەخۆ لەگەڵ ئەنجومەنی شوورای دەوڵەت.” ئەو ھەروەھا مافی ئێزدیانی لە کارگێرَیی خۆیەتی و پێکھێنانی ھەرێمەکان و زیندووکردنەوەی بەپارێزگاکردنی شنگال و بەڕێوەبردنی لە لایەنی ئێزدیانەوە، دووپات کردەوە.
بریکاری میری ئێزدیان ئەوەشی ئاشکرا کرد: “پێکھێنانی یەکەی کارگێڕی لە دەشتی نەینەوا و باشیک و دروست کردنی دام و دەزگای کارگێڕی بۆ خەڵکی ئێزدیی ئەو دەڤەرە، ھەر لە دەسپێکی کارەساتی شنگالەوە تا ئێستا بەردەوامە، ئەمە داخوازیی خەڵکی ئێمەیە بۆ دابینکردنی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژی ئەوان و پاراستنی ئێزدیان، ئەمانە ھەموو بکەونە نێو دەستووری دەوڵەتی داھاتووی کوردستانەوە. ھەروەھا پێکھێنانی ھێزی سەربازی لە ئێزدیان و پشتیوانیکردن لەوان، تا بتوانن بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن. ئەمەش بە رەچاوکردنی ھەڵکەوتەی جوگرافی و سروشتیی ناوچەکانی ئەوان، لەگەڵ بەشداریکردنی ئێزدی لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ لە پۆلیس و سوپا و شاندی دیپلۆماسی و لێکۆڵینەوە و نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە و دەستەکانی پەیوەندیدار بە گوێرەی رێژەی دانیشتووانیان.”
بریکاری میری ئێزدیان ئەوەشی خستە روو: “داخوازیی سیاسیشمان لەوەدا خۆی دەنوێنێ، کە ئێزدی رژدن لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەدەنی و دەستووری. ھەروەھا لەو کاتەی باس لە ناسنامەی ئایینی یان یاسای ئایینی دەکرێت، نابێ ئەو یاسایانە دژ بە ئایینەکانی دیکە بن، پێویستە ئێزدی تایبەتمەندیی خۆیان ھەبێت و مافی سیاسی و کارگێڕییان وەک پێکھاتەکانی دی پارێزراو بێت. ھەروەھا وەک ئایینی دووەم بێت و مافی ئێزدی لە ھەموو ئەو لیژنانە دابین بکرێت کە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان پێک دەھێندرێن، ھەروەھا لە لیژنەی رەشنووسی دەستوور و ھەموو لیژنەکانی دیکەدا نوێنەری ئێزدی ھەبێت.”
حازم میر تەحسین بەگ ئەوەشی گوت: “ئێزدی دەیانەوێ ئاماژە بە قڕکردنی ئێزدیان بکرێت، ئەو کارەساتەی لە ٣/٨/٢٠١٤دا بەسەر ئێزدیان لە شنگالدا ھات لەگەڵ ئەو فەرمان و ئەنفالانەی بەسەر کوردی فەیلی و بارزانی و ئەنفالی ١٩٨٨دا ھاتن، لە رەشنووس و ماددەکانی دەستووردا بنووسرێن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاری بۆ بکرێت و بڕیاری لەبارەوە بدرێت، ھەروەھا دامەزراندنی جڤاتی ماقووڵان (ئەعیان) لە دەوڵەتی کوردستان کە بۆ ھەموو ئایین و نەتەوەکان چاودێر بێت و نوێنەرایەتیی ھەموو ئایین و نەتەوەکان بکات، ئەویش بەگوێرەی رێژەی دانیشتووانی ھەر پێکھاتەیەک. ئەرکی ئەو جڤاتەش راوێژ بێت سەبارەت بە دەرکردنی یاساکان لە پەرلەمان و رێکخستنیان.”
بریکاری میری ئێزدیان ئاماژەی بەوەش دا، کە ئێزدی داخوازیی گشتیشیان ھەیە، وەک پەیوەستبوونی حکوومەتی کوردستان و دەزگاکانی بە رزگارکردنی دیلەکانی ئێزدی کە لە دەستی تیرۆریستانی داعشدان و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی ئەوانەی کە بە دەستی تیرۆریستان شەھید بوون و ھەموو ماف و دەسکەوتی شەھیدانیان پێ بدرێت. ھەروەھا تەرخانکردنی بڕە بودجەیەک بۆ ئەوانەی بە دەستی تیرۆریستان داعش زیانیان بەرکەوتووە، ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکانی ئێزدی و دەرکردنی یاسایەک بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سەر جێ و زێدی خۆیان لەگەڵ دابینکردنی ھەموو مافێکی ئەوان بۆ گەڕاندنەوەیان و دەرکردنی یاسایەک بۆ گێڕانەوەی ماڵ و موڵکی ئێزدیان ئەوانەی دەستیان بە سەردا گیراوە لەلایەن رژێمی داگیرکەری عیراقەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
