وەزارەتا ڤهگوهاستنا عێراقێ: درێژکرنا بریارا داخستنا فرۆکخانان راست نینە
رووداو – هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت “درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو مانگی شوبات دوورە لە راستییەوە”.
سالم سودانی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئەوەی لە بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوبووەتەوە، لەبارەی درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو مانگی شوبات دوورە لە راستییەوە”.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راشیگەیاند “ئاسمانی هەردوو فڕۆکەخانەکە تاوەکو کاتێکی نادیار داخراون و دووبارە کردنەوەی ئاسمانیش لە دەسەڵات و ئەرکی حکومەتە”.
گوتەکانی گوتەبێژەکە لەکاتێکدایە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە توویتەر درێژکردنەوە بڕیارەکەی پشتڕاستکردبووەوە و رایگەیاندبوو، کە بەپێی بڕیاری ژمارە (A0609)ی (NOTAM) بووە.
هەروەها مەولوود باوەموراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو “بڕیارەکە بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییە و هەمان بڕیاری پێشووە درێژکراوەتەوە. بەداخەوە چاوەڕوانبووین گفتوگۆ دەستپێبکات و کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام حکومەتی عێراق ئەو بڕیارەی دەرکردەوە”.
چوار رۆژ دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان، رۆژی 29ی ئەیلوولی 2017 حکومەتی عێراق بە بڕیارێک گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی وەستاند، بڕیارەکە بۆ ماوەی سێ مانگ بوو، ئەمڕۆش جارێکی دیکە بڕیارەکە بۆ ماوەی دوو مانگ درێژکرایەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
